پارتی ئامادەیە هەماهەنگی لەگەڵ بەغداو ئەنقەرە بۆ كەمكردنەوەی هەژموونی پەكەكە بكات

کوردستان

06/07/2020‌ 1391 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
رێبین سەلام مامۆستای زانكۆو كادری پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: هەرێمی كوردستان ئامادەیە بەهەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و ئەنقەرە كار لەسەر كەمكردنەوەی هەژموون و كۆتاییهێنان بەبوونی پارتی كرێكارانی كوردستان لەناو خاكی هەرێم بكات.

سەلام لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە داواكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، كە رایگەیاندووە با عێراق و توركیا و هەرێم بەیەكەوە لەناوچەكە رووبەڕووی پارتی كرێكارانی كوردستان ببنەوە دەشڵێت: بۆ چارەسەری پرسی پەكەكە، پارتی ئامادەی هەماهەنگی سێ لایەنەیە لەڕووی سیاسی و دیبلۆماسییەوە، بەڵام هەموو جۆرە ڕێگەچارەیەكی سەربازی رەتدەكاتەوە لەبەر ئەوەی پارتی بەهەموو جۆرێك شەڕی كورد و كورد رەتدەكاتەوە.

لەماوەی رابردوودا وابڵاوكرایەوە، كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا داوای كردووە عێراق و توركیا و هەرێمی كوردستان بەیەكەوە پارتی كرێكارانی كوردستان ببەزێنن، هەروەك داواشی لەتوركیا كردبوو سەرەوەری خاكی عێراق بپارێزێت‌و نیگەرانی خۆشی پیشاندابوو سەبارەت بە بوونی خەڵكی مەدەنی لەناو قوربانییەكانی بۆردومانەكانی توركیا لە ناوچەكەدا .

رۆژانی ١٦ و ١٧ ی حوزەیران، وەزارەتی بەرگری توركیا ئۆپەراسیۆنەكانی "چڕنووكی هەڵۆ" و "چڕنووكی پڵنگ"ی دژ بەپێگەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەناو خاكی هەرێمی كوردستان راگەیاند و بەهۆیەوە زیانێكی زۆر بە سەروماڵی هاووڵاتیانی ناوچە سنوورییەكان گەیشتووە و دەیان گوند و ئاوایش لەترسی و شەڕ و بۆردومانەكان چۆڵ كراون .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی