هەیفا وەهبی پێش نمایشكردنی فیلمی "تارماییەكانی ئەوروپا" داوای راگرتنی دەكات

هەمەڕەنگ

08/07/2020‌ 789 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی پشكنین و بەدوداچوون لە سەندیكای پیشە مۆسیقییەكانی میسر ئاشكرایكرد، كە داواكارییەكیان لە هەیفا وەهبی و یاسر قەنتووشی پارێزەرەكەیەوە بەدەست گەیشتووە دژ بە محەمەد وەزیری بەڕێوەبەری پێشووی كارەكانی ئەو هونەرمەندە لوبنانییە.

لیژنەكە راشیگەیاند، هەیفا داوای كردووە بەهۆی بوونی ناكۆكی لەنێوان ئەو و وەزیرییەوە، نمایشكردنی فیلمی "تارماییەكانی ئەوروپا" لە بەرهەمهێنانی وەزیری رابگیرێت.

بەقسەی لیژنەكە، هەیفا هەمان داواكاری ئاراستەی سەندیكای هونەرەكانی نواندن و سەندیكای پیشە مۆسیقییەكان‌و دەستەی چاودێریكردنی كارە هونەرییەكانیش كردووە .

فیلمی "تارماییەكانی ئەوروپا" چیرۆكی كەریم فاروقە و سیناریۆ و دیالۆگی ئەمین جەمال و محەمەد ئەبو ئەسعەد و شەریف یوسرایە و دەرهێنانی محەمد حەماقییە، لە فیلمەكەدا چەندین ئەكتەری دیاری وەك ئەحمەد فیشاوی و مستەفا خاتر و ئەروا جەودەت و عەباس ئەبولحەسەن بەشداری تێدا دەكەن.

ناكۆكییەكانی نێوان هەیفا وەهبی و محەمەد وەزیری بەڕێوەبەری پێشووی كارەكانی دوای ئەوە دێت، كە هەیفا وەزیری تۆمەتبار دەكات بەوەی دەستی بەسەر هەموو ئەو پارانەدا گرتووە، كە لەڕێگای كارە هونەرییەكانییەوە دەستی كەوتووە.

پارێزەرەكەی هەیفا دەڵێت: محەمەد وەزیری ئەوكاتەی وەك بەڕێوەبەری كارەكانی هەیفا وەهبی لە میسر كاری كردووەو بەرپرس بووە لەگرێبەستكردن بۆ ئاهەنگ و بەرنامە و زنجیرە دراماكانی ئەو هونەرمەندە لوبنانییە، دواتر هەر خۆشی هەموو ئەو پارانەی لەو بەرنامە هونەریانەوە بەدەست هاتوون خۆی وەریگرتوون و لەهەژمارێكی بانكی تایبەتی بەناوی خۆیەوە دایناون و دواجار بێئاگاداری هەیفا وەهبی سەرجەم ئەو پارانەی راكێشاوە، لەئێستاشدا بانگەشەی ئەوە دەكات، كە ئەو پارانە موڵكی خۆیەتی و هیچ پەیوەندییەكیان بە هەیفا وەهبییەوە نییە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی