پارتە شیعەكانی عێراق پشتیوانی جەماوەرییان لەدەستداوە

ڕاپۆرت

10/07/2020‌ 1118 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەو ساوەی لە ساڵی 2003 پڕۆسەی حوكمڕانی لە عێراقی تازە دەستیپێكردووە، شكستەكان لە هەموو بوارەكانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئەمنی زەق و بەرچاون، ئەو پڕۆسەی بەلافیتەی دیموكراسی دەستیپێكرد و بەدابەشكردنی تەواوی دەسەڵات و هەژموونیش‌ كۆتاییهات بە پیادەكردنی بەشبەشێنەی حیزبی و تایەفی و نەژادی. 

لەو ماوەیەدا‌ شیعەكان پۆستی سەرۆك وەزیرانیان قۆرغ كردبوو، كە گرنگترین پۆستی جێبەجێكارییە لە دەوڵەتدا، زاڵیشبوون بەسەر دامەزراوەی یاساكاریدا (پەرلەمان)، لە دامەزراوەكانی ئەمنی و سەربازی و دادوەریشدا باڵادەست بوون، بەمەش فەرمانڕەواییكردنی عێراقیان كردە بەركەوتی پێكهاتەی شیعی.

دوای 17 ساڵ لە فەرمانڕەوایی شیعەكان پرسیارەكە ئەوەیە: شیعەكان  چ سوودێكیان لەو ئەزموونەی پارتە شیعەكان وەرگرتووە كە بەناوی ئەوان و ڕەمزە ئاینییەكانییانەوە حوكمڕانی وڵاتیان كرد.

ووڵامەكە بە ڕوونی لە دۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی شیعەكاندا دەستدەكەوێت، لە بونیادە بنچینەیی و خزمەتگوزارییەكان لە ناوچە شیعەنشینەكاندا بەرجەستە دەبێت.

دوای گلانی ڕژێمەكەی سەدام، شیعەكان زاڵبوون بەسەر حوكمڕانی عێراقدا، بۆ توندكردنی جڵەوگیری دەسەڵات ستەملێكراوی شیعەكانیان كردە دروشم، كەچی لەو ماوەیەدا دەستكەوتێكی ئەوتۆیان بۆ شیعەكان دەستەبەر نەكرد.

لەو ماوە دوور و درێژەدا هیچ گۆڕانكارییەكی كاكڵەیی و پێشكەوتنێكی تازەی هاوچەرخ و دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەت نەهاتنەكایەوە.. نە پڕۆژەیەكی ڕوون و ئاشكرا و نە ئامانج ناوازە كە حزبە شیعەكان لەو ماوەیەدا بالۆرەیان بۆ لێدەدا.

پارتە شیعەكان هەڵگری پڕۆژەیەكی بیانی بوون لە بەستنەوەی عێراق بە بڕیاری ناوەندی ئێرانەوه،‌ عێراقییان كردە ناوەندێكی هەژموونێكی ئێرانی‌ و گۆڕەپانێك بۆ پاكتاوكردنی هەق و حسابی ئێرانییەكان لەگەڵ نەیارە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان و لە سەرووی هەمووشیانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

بەشێك لە شیعەكانی عێراق  سەرسامی شۆڕشەكەی خومەینی بوون كە لە ئێراندا بەسەر پاشایەتیدا سەركەوتن و دەسەڵاتیان گرتەدەست، شیعەكانی عێراقیش خەونیان بە دەوڵەتێكی هاوشێوەی ئێرانەوە دەبینی، ئەو وڵاتەی ئەوان تیایدا پەنابەر بوون و زۆرینەی‌ سەركردە سیاسییەكانیان لەوێ نیشتەجێ بوون لەو‌ سەردەمەی ڕژێمەكەی سەدام حوسێن لە عێراقدا فەرمانڕەوا بوو. ئەوان لە 8 ساڵەی شەڕی ئێران- عێراق لاگیری ئێرانییەكان بوون.

ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی عیراق یەكێك لەو حیزبانە بوو، كە لە ساڵی 1982 لە ئێران دامەزرا، باڵە سەربازییەكەی (میلیشیای بەدر) بەدەست هادی عامری- یەوە بوو كە لە ئێستادا سەركردیە‌كی دیاری شیعەكانە لە عێراق.

حیزبی دەعوە، كە لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو لە عێراق دامەزرا، لە دیارترین پارتە سیاسییە شیعەكانی عێراقە و لە شەستەكاندا كەوتە ملبەملە لەگەڵ ڕژێمەكەی‌ سەدام حوسێن، زۆرینەی‌ سەركردە هەڵاتن بۆ ئێران.

ئەو كاتەی ئەمریكا عێراقی داگیر كرد و سەدام حوسێن ڕوخا، حزبی دەعوە لە پێشەوەی حزبەكانی دیكە بوو، تۆكمە و ئامادەباش بوو بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، لە ساڵی 2006 وە بۆ 2018 دەسەڵاتی عێراقی گرتەدەست، فەرمانڕەواییەكەی‌ لەو ماوەیەدا بە هەموو پێودانگەكان‌ كارەساتبار بوو، عێراقی گەیاندە قۆناغی دەوڵەتێكی شكستخواردوو، بە سەرۆكایەتی نوری مالكی وڵاتی تووشی گەندەڵی كارگێڕی و دارایی كرد، هەندێك دەڵێن سامانەكەی مالكی زیاتر لە ترلیۆنێك دۆلارە، ئەو حزبە هیچ چاكسازییەكی لە بوارە‌كانی ئابووری و كۆمەڵایەتیدا نەكرد، ژێرخانی ئابووری هەرەس پێهێنا و بە تایبەتیش لە بەغدای پایتەخت. 

فاروق یوسفی نووسەر لەوبارەوە دەڵێت: ڕژێمی بەشبەشێنە سیستەمێك بوو بۆ دابەشكردنی سامان لە نێوان پارت و میلیشیا شیعەكاندا و چەتە و ڕێگر و دزەكان جڵەوی ئەو سیستەمەیان گرتەدەست و پاشكۆی دەوڵەتانی بیانی بوون.

یوسفی دەشڵێت:  ئەم سیستەمە ژیان و هیواو و ئاواتی گەنجەكانی وڵاتی وێران كرد، بۆیان دەركەوت ناكرێت پشت بەو جۆرە سیستەمە ببەسترێت كە سەركردە شیعەكان وڵاتییان پێ تاڵان كرد و سامانی عێراقیان بەفیڕۆدا و خستیانە هەژمارە بانقییە تایبەتییەكانیانەوە، زۆرینەی‌ گەلی عێراقیشیان بۆ هەژاری و نەداری و نەزانی و نەخۆشی جێهێشت و عێراقیشیان كردە یەكێك لە هەژارترین دەوڵەتانی جیهان.

هاتنی داعش لە ساڵی 2014 كارەساتە گەورەكە بوو بۆ عێراق كە نزیكەی‌ سێ یەكی خاكەكەی داگیر كرد، دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەكانیشكە بەدەست گەندەڵی و تایەفەگەرییەوە دەیانناڵاند، نەیانتوانی ڕووبەڕووی ئەو تیرۆرستانە ببنەوە، نموونەش هێزی (فەزائییەكان) ە لە سەردەمی مالكیدا كە هەر بەناو جەنگاوەرن و سەر بە هێزە چەكدارەكانی عێراقن، بێ ئەوەی هیچ خزمەتێك پێشكەش بكەن موچە وەردەگرن و ژمارەیان 50 هەزار كەس زیاترە.

سەردەمی داعش مەرگەسات بوو بۆ عێراق، ناونیشانێكی زەقی شكستی فەرمانڕەوایی پارتە شیعەكانیش بوو، بە تایبەتیش حزبی دەعوەی ئیسلامی كە زۆرینەی‌ عێراقییەكان ئۆباڵی هاتنی داعشی دەدەنەپاڵ.

هەروەها غالب شابەندەری سیاسەتمەدار دەڵێت: حیزبی دەعوە شكستخواردوو بوو، بەرپرسی گەورەی شكستەكانی عێراقیشە، چونكە زۆرینەی وەزارەت و دەستەكانی بەرێوەدەبردن، بۆیە سەختە جارێكی دیكە بتوانێت حوكمڕانی عێراق بكات.

ئەسیل نوجیفی ئۆباڵی شكستەكانی دەوڵەتی عێراق دەداتە پاڵ پارتە ئاینییەكانی شیعە بەوەی داگیركاری ئەمریكا و دەستوریان قۆزتۆتەوە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێكی خەیاڵی و لە حوكمڕانیشدا پشت بە هێز و چەك دەبەستن.

پارتە شیعییەكان دەسەڵاتیان لە عێراقدا بۆ دەستەبژێرێكی كەمینەی پێكهاتەی شیعە قۆرغكرد، جەماوەریش بۆیان دەركەوت كە بوونی ئەو حزبانە لە دەسەڵات هیچی بۆ ئەوان تێدا نییە، بەڵكو دەوڵەتیان وێران كردووە و هەموو جومگەكانی فەرمانڕەواییشیان ئیفلیج كردووە و ئاستی خزمەتگوزارییەكانی وڵات زۆر دابەزیووە و سەقامگیری ئەمنی و سەروەری یاسا و دادوەری بوونێكی ئەوتۆیان نەماوە.

ئەمانە هۆكار بوون كە لە ساڵی 2019 لە هەموو ناوچە سەرەكییەكانی شیعەكاندا خۆپێشاندانە جەماوەرییەكان سەریانهەڵدا، ئەوان دروشمی ڕوخانی سیستەمەكەیان بەرزكردبۆوە و داوای كۆتاییهێنانی بەشبەشێنەی‌ تایەفی و نەژادی و هەژموون ئێرانییان دەكرد.

خۆپێشاندانەكان سیستەمی بەشبەشێنەیان لەرزۆك كرد، پارتە شیعەكانیان خستە پەراوێزەوە، شەرعیەتی نوێنەر‌ایەتیكردنی پێكهاتەی شیعەیان لێ داڕنین، چونكە ئەو حزبانە بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان هێزیان بەكارهێنا، چ لە ڕێگەی دەزگا فەرمییەكانی دەوڵەتەوە یاخود بەكارهێنانی میلیشیا شیعە چەكدارەكانی سەر بە خۆیان، بەمەش‌ كۆمەڵێك خۆپێشاندەر بوونە قوربانی و چەندەها خەڵكیش ڕفێنران و بێسەروشوێن كران.

سەركوتكردنی خۆپێشاندانەكان ڕاگەیاندنێكی فەرمی بوو بۆ جیابوونەوەی پارتە شیعییەكان و دابڕانیان لە باوەش و ئامێزی جەماوەری شیعە كە پێگە جەماوەرییەكەیان بوون، ئێستا لە توانایاندا نەماوە توێژی بەرفراوانی شیعەكان بەلای خۆیاندا ڕاكێشن و بە دروشمە ئاینییەكان هەستیان بجوڵێنن و پرسە تایەفییەكان بجوڵێنن و گەمە لەسەر پەتی ستەملێكراوی مێژووی شیعەگەری بكەن، بۆیە پەنایان بۆ زەبروزەنگ بردووە لە جڵەوگیركردنی جەماوەردا.

هەرچەندە خۆپێشاندانەكان بە هۆی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كزبوون و ساردبوونەوە، بەڵام وازوو كۆتاییان نایەت، ئەم دۆخەی ئێستاش گەورەترین ئاڵێنگارییە بۆ پارتە شیعەكان لە پڕۆسەی سیاسیدا، چونكە ئەوان بە سیاسەتە خراپەكانیان عێراقییان لە ڕووی ئابووری و داراییەوە نیمچە مایەپوچ كردووە، تەشەنەكردنی كۆڕۆناش بەڵا گەورەكەی دیكەیە‌، ناسەقامگیری ئەمنیش بوونی هەیە و مەترسی دەستپێكردنەوەی جموجۆڵەكانی داعشیش لە ئارادایە، لە هەمووی مەترسیدارتر سەرهەڵدانی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووسانە وەك تیرۆركردنی ئەم دوایەی هشام هاشمی چالاكوانی سیاسی و شارەزای ئەمنی لە لایەن میلیشیا چەكدارەكانەوە، ئەمەش بێزاری جەماوەری لە پارتە سیاسییە فەرمانڕەواكان زیاتر كردووە.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر