چین بۆ دانوستانی تایبەت بەسنووردانان بۆ چەكی ناوەكی مەرجێكی قورسی داناوە

جیهان

11/07/2020‌ 705 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گەورە دیبلۆماتكارێكی چینی رایگەیاند، وڵاتەكەی دڵخۆش دەبێت بە بەشداریكردنی لە دانوستانی سێ لایەنەی نێوان روسیا و ئەمەریكا و چین بەمەبەستی سنووردانان بۆ چەكە ناوەكییەكان، بەڵام بەو مەرجەی واشنتۆن ئامادە بێت جبەخانە ناوەكییەكەی بۆ ئاستی جبەخانەی ناوەكی چین كەمبكاتەوە.

ئەمەریكا بەتایبەتی لەسەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترامپدا چەندین جار داوای كردووە چینیش بێتە ناو دانوستانەكانی تایبەت بە درێژكردنەوەی پەیماننامەی سنووردانان بۆ چەكە ناوەكییەكان، كە لەنێوان واشنتۆن و مۆسكۆ  واژووكراوە و لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو كۆتایی دێت.

لەو بارەیەوە فو كۆنگ، سەرۆكی ئیدارەی سنووردانان بۆ خۆپڕچەك كردن لەوەزارەتی دەرەوەی چین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، چین زۆر بە گرنگییەوە ناڕوانێتە بەشداریكردنی لە دانوستانەكانی نێوان دوو زلهێزی سەردەمی جەنگی سارد، ئەویش لەژێر سایەی ئەو دۆخەی ئێستادا، كە جبەخانەی ناوەكی ئەمەریكا نزیكەی ٢٠ ئەوەندەی جبەخانەی ناوەكی چین دەبێت.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا كۆنگ ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە دەتوانێت دڵنیایی بدات ئەگەر بێت و ئەمەریكا ئامادە بێت جبەخانە ناوەكییەكەی بۆ ئاستی جبەخانەی ناوەكی چین كەمبكاتەوە، ئەوە چین ئامادەیە بەشداری لە دانوستانەكانی تایبەت بە درێژكردنەوەی پەیماننامەی سنووردانان بۆ چەكە ناوەكییەكان بكات.

هەروەها جەختیشیكردووەتەوە، كە ئەوان دڵنیان لەوەی ئەمەریكییەكان بەوە رازیی نابن.

وەرگێران: ئاكۆ ئاڵی