ئەمەریكا دەیەوێت گەرەنتی بەشداریكردنی كورد لە دانوستانەكانی جنێڤدا بكات

کوردستان

12/07/2020‌ 1473 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی لێدوانی باڵیۆزی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، گەرەنتیكردنی بەشداریكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات و هەموو پێكهاتەكانی سوریا لە كۆنگرەی جنێڤ لەبارەی سوریا و پێشهاتەكانی پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی لەو وڵاتە، كاری لەپێشینەی ئیدارەی واشنۆن دەبێت.

كێڵی كرافت خانمە باڵیۆزی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان لەپەراوێزی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەبارەی دۆخی سوریا رایگەیاند، ئەوان كار لەسەر ئەوە دەكەن لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە ٢٢٥٤ ، كار لەسەر بەشداریكردنی هەموو سورییەكان لەپرۆسەی گواستنەوەی سیاسی لە سوریا بكەن، بەتایبەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات.

لەبارەی پێشهاتەكانی پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی لە سوریا لەژێر سایەی یاسای سزاكانی قەیسەر، كرافت رایگەیاند، ئیدارەی ئەمەریكی لەچوارچێوەی چارەسەرێك، كە لەگەڵ بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ ی ئەنجوومەنی ئاسایشدا بێتەوە دەست بەو یاسایەوە دەگرێت، تا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توانای ئەوەی هەبێت لەسەر ئەو تاوان و پێشێلكارۆیانەی دیمەشق دژ بە مافەكانی مرۆڤ كردوونی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت، لەگەڵ گەرەنتیكردنی پابەندبوونی ئەمەریكا بە جێبەجێكردنی ئەركەكەی لە سوریا، كە خۆی لە بەردەوامبوون لە بەزاندنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و قاعیدەدا دەبینێتەوە .

لەبارەی رێگریكردنی روسیا لە گەیاندنی كۆمەكە مرۆییەكان بەسوریا لەڕێگای چەند دەروازەیەكی سنوورییەوەو  كورتكردنەوەی لە تەنیا یەك دەروازەی سنوری ژێر دەستی رژێم، باڵیۆزەكەی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، رەفتاری روسیا لە سوریا رەنگدانەوەی رەفتاری ئەو وڵاتەیە لە جیهاندا، كە خۆی لە چەواشەكاری و ناپاكی و پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان دەبینێتەوە .

هەروەها روونیشیكردەوە، ئەوان ئەوە لەبەرچاو دەگرن، كە ئەوان نوێنەرایەتی هەموو ئەندامانی ناو ئەنجوومەنی ئاسایش دەكەن نەك تەنیا ئەو ١٥ كەسەی لەناو ئەنجوومەنەكەدان، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هەوڵ دەدەن چی لەڕێگای ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بێت یان لەڕێگای هەوڵە سەربەخۆكانی ڕێكخراوە خێرخوازییەكانەوە ئاشتی و سەقامگیری لە سوریا بەدیبهێنن.

وەرگێڕان: ئاكۆ  ئاڵی