خەونى داگیرکردنى کوردستان لە دەوڵەتى عوسمانییەوە بۆ ئەردۆغان

کوردستان

14/07/2020‌ 1499 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کێشەی کورد و تورکیا...لە زەماوەندێکی میلییەوە بۆ داگیرکاریی خاکی وڵاتان...
زیاتر لە 800 ساڵ پێش ئێستا.... لە ویلایەتی موسڵ
یەکەم کێشەی ئاشکرا لەنێوان کورد و تورکەکاندا سەریهەڵدا
لە زەماوەندی ژنێکی تورکماندا بوو، کورد و تورکەکان بوو بە شەڕیان، شەڕەکە گەورە و گەورەتر بوو
نزیکەی دوو ساڵی خایاند، تورک و کورد، لە یەکدییان کوشت و زەوی و زار و ماڵی یەکدییان سوتاند
ئەوە بەردەوام بوو......

 

تا کۆمەڵێک پیاوی ئاینی بەسوودوەرگرتن لەوەی هەم کورد و هەم تورک موسڵمانی سونەن کەوتنە نێوانیان و ئاگرەکەیان دامرکاندەوە
بەڵام ئەو ململانێەی لەو زەماوەندەوە دروستبوو، بوو بە سوتەمەنییەک کە پێدەچێت تا نزیکەی هەزار ساڵ دواتر ئاگری نێوا تورک و کورد خۆشتر و خۆشتر بکات.......
لەسەردەمی پیاوە نەخۆشەکەدا، کورد تاڕادەیەکی زۆر بووبوو بە گۆچانێکی باش بۆئەوەی پیاوە نەخۆشەکە نەکەوێتە سەر جێگە و گوورگەکان ئەو گۆشتەی لێی بەجێ دەمێنێت بەشی نەکەن
بەڵام ئەوە ڕوویدا، پیاوە نەخۆشەکە هەر بە زیندوویی پارچە پارچە کرا و هەر نەتەوە و پشکی خۆی لە خاکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وەرگرت و کورد کاتێک سەیری کرد، خاکێکی نەبوو پێی لەسەر دابنێت....

لە سەردەمی تورکیای نوێدا بزوتنەوەی ڕزگارییخوازی کورد دەستی بە خەبات کرد،
 دیاترین ئەو بزوتنەوانەی کە تا ئێستاش بەردەوامییان هەیە پارتی کرێکارانی کوردستانە کە بە پەکەکە ناسراوە
ساڵی ١٩٧٨ لە گوندێکی سەر بە پارێزگای ئامەد، پارتی کرێکارانی کوردستان دامەزرا
ئەوە، بوو بە سەرەتایەکی نوێ بۆ خەباتی نەتەوەیی لە سەردەمی تورکیای نوێدا
یەکەم چالاکی سەربازیی کە پەکەکە ئەنجامییدا، دژی حکومەتی تورکیا نەبوو، بەڵکوو دژی ئەو بنەماڵەو خێڵە کوردانە بوو کە لەلایەن حکومەتەوە پشتیوانیی دەکران و دژایەتی پەکەکەیان دەکرد و کێشەیان بۆ دروستدەکرد، لە گوندێکی سەر بە پارێزگای ئورفا ڕووبەڕووی یەکدی بوونەوە
سەرەتای دەیەی هەشتاکان بەهۆی ئەو فشارەی لەسەریان بوو بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی پەکەکە ڕوویان لە لوبنان کرد و، لەوێ دەستیان بە ڕاهێنان و پەروەردەکردن کرد

لە ساڵی ١٩٨٤ بڕیاری خەباتی چەکدارییان دا و گەڕانەوە چیاکانی باکووری کوردستان و بەردەوام لەگەڵ حکومەت و سوپای تورکیا ڕووبەڕووی یەکدی دەبوونەوە
ئەو دۆخە هەروا بەردەوامیی هەبوو، تا ئەوکاتەی تورکیا خواستی بوونە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپای لەلا دروستبوو
ئەوکات ئیتر کەمێک فشارەکانی سەر کوردانی باکوور و پەکەکەی کەمکردەوە
دوای چەندین ساڵ لە هەوڵدان، تورکیا بێهیوابوو لە بوون بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا
ئەمە بووە هۆی ئەوەی ستراتیژێکی نوێ بخاتەکار و قیبلەکەی لە بڕۆکسلەوە بگۆڕێت بۆ موسڵ و کەرکوک و عەفرین
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ وەزیری پێشووی دەرەوەی تورکیا، کتێبێکی بڵاوکردەوە بەناوی قوڵایی ستراتیژی
باس لە ستراتیژی تورکیا دەکات لە ناوچەکە
لە کتێبەکەدا بەڕوونی خەونی دامەزراندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێ بەدیدەکرێت
چەند ساڵێک دوای ئەوە، وێنەیەکی ئەردۆغان هەرای نایەوە
بە جلوبەرگی سەربازییەوە لەبەردەم نەخشەیەکی گەورەدا وەستاوە کە نەخشەی ویستراوی تورکیایە لە داهاتوودا
ئەردۆغام بە وردیی دەستی لەسەر ویلایەتی موسڵ داناوە
ئەو شوێنەی کە زەماوەندەکەی تێدا کراو پریشکی شەرەکە سەری هەڵدا.

ئەردۆغان سوپاکەی جوڵاند، بەرەو هەموو ئەو ناوچانەی کە لە میساقی میلییدا وەکو خاکی دابڕاوی دەوڵەتی عوسمانی دەستنیشانکراون
سەربازی تورکیی لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان، لە عێراق و باشووری کوردستان و لیبیا دابەزین و ئاڵای تورکیایان لەسەر خاکی ئەو وڵاتانە چەقاند.....
بەڵام کارەکە هەروا ئاسان نەبوو، لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان  پەکەکە و هێزەکانی نزیک لەو، ڕووبەڕووی تورکیا بوونەوە
بە دەیان سەربازیان کوشت و نەیانهێشت سوپا زەبەڵاحەکە بە هەندێک لە ئامانجەکانی بگات
لە لیبیاش بەهەمان شێوە زیان بەر سوپاکەی ئەردۆغان کەوت و بەشێکی زۆری بوو بە خۆڵەمێش...
بەڵام ئەو هەر لەسەر قسەی خۆی ڕووشدە...

ئێستا هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوەڕوانی سێ ساڵی داهاتوودان
١٠٠ ساڵ بەسەر پەیمان نامەی لۆزاندا تێدەپەڕێت
تورکیا دەیەوێت ئەو خاکانە وەرگرێتەوە کە پێش پەیمانەکە خاوەنیان بووە
بەڵام ئەو هەنگاوە بە واتای گۆڕینیی تەواوەتی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت.....

بۆیە پێناچێت وا بە سانایی بۆی بچێتەسەر
کورد لەبەردەم پرسیارە گەورەکەدایە
برینێک کە پەیماننامەی لۆزان لەسەر جەستەی کوردستان بەجێی هێشتووە
ساڕێژ دەبێت، یان قوڵتر دەبێتەوە؟