هەپەگە: بەرپرسێک و 11 سەربازی توركیا كوژران

کوردستان

21/07/2020‌ 801 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەگەپە ئاشكرایكرد، گەریلاکانیان لە چارچەلا، چەلێ و بەستا چالاکیان ئەنجامداوه‌ لە ئەنجامدا بەرپرسێک و 11 سەربازی توركیا سزادران و ئۆتۆمبێڵێک تێکشکێنرا و بارەگایەک ڕووخێنرا.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەگەپە ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێری شەهید باگەر و شەهید ڕۆنیادا هێزەکانمان بۆ پشتگیریکردن لە هەنگاوی شۆڕشگێری جەنگی حەفتانین لەدژی سوپای داگیرکەری تورک چالاکیان ئەنجامداوە.

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "هێزەکانمان 18ی تەموز لە هەرێمی زاگرۆس لەدژی ئۆتۆمبێڵێکی سوپای داگیرکەری تورک کە لە چوارچەلاوە بەرەو ناوچەی شەمزینان دەچوو، لە نزیک قەڕەقۆلی گەمانێ چالاکیان ئەنجادا، لە چالاکیەکەدا کە ئۆتۆمبێڵی دوژمن تێکشکێنرا، بەرپرسێکی سەربازی و کۆنترایەک و بە گشتی 7 سەربازی دوژمن سزادران و سەربازێکیش بریندار بوو، هێزە داگیرکەرەکان دوای چالاکیەکە لە هەرێمەکە دەستیان بە ئۆپەڕاسیۆن کرد و بریندار و کوژراو و ئۆتۆمبێڵە تێکشکاوەکانیان لە ناوچەکە دوورخستەوە.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: لە 19ی تەموزدا هێزەکانیان لەدژی سوپای داگیرکەری لەسەر گردی شەهید ڕێبەری ناوچەی چەلێی جۆلەمێرگ چالاکیان ئەنجامدا. لە چالاکیەکەدا گورزی گەورە لە سەنگەر و بارەگاکانی دوژمن دران. لە ئەنجامدا سەنگەرەکان ڕووخێنران و 2 سەرباز سزادران  و 2 سەربازیش بریندار بوون.

هه‌په‌گه‌ ده‌ڵێت: "هێزەکانمان لە چوارچێوەی هەنگاوی تۆڵەی شەهید مەدیا ماوە و شەهید ڕزگار گەڤەڕدا 19ی تەموز لە گۆڕەپانی شەهریبانی هەرێمی بەستای شڕنەخ لەدژی سوپای داگیرکەری تورک لە ناوچەی عەیشەدینکێ چالاکیان ئەنجامدا. لە ئەنجامدا 2 سەرباز سزادران، چالاکیەکە بۆ پشتگیریکردنە لە هەنگاوی شۆڕشگێری جەنگی حەفتانین".

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەگەپە رونیكرده‌وه‌: فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکیا هێرشی ئاسمانیان لەبەرانبەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا ئەنجامدا.