هەرێم ئامادەنییە قوفڵی نەوتەكەی رادەستی عێراق بكات

ڕاپۆرت

25/07/2020‌ 1547 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرچەندە هەوڵێكی نوێ‌ لەنێوان بەرپرسانی هەرێمی كوردستان‌و عێراق هەیە بۆ رێككەوتنێكی نوێ‌، بەڵام تائێستا هەولێر ئامادەنییە قوفڵی نەوت رادەستی بەغدا بكات.

هەوڵە نوێیەكە بەهاوبەشی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق و سەرۆك وەزیران دەستپێكردووە، كە دەیانەوێت كارئاسانی بكرێت بۆ رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغداو چارەسەری كێشەكانی نێوانیان.

لەدوای ساڵی 2005وە بەگشتی‌و لەساڵی 2014 بەدیاریكراوی، هەرێمی كوردستان‌و عێراق چەند كێشەیەكیان لەنێوانیان هەیە، بەتایبەتی لەبواری نەوت‌و بودجەی ساڵانە.

كێشەكان بەشێوەیەكە، ساڵانە چەندین ساڵە كۆبوونەوەو هەوڵ دەدرێت، بۆ ئەوەی ئەو كێشانە چارەسەر بكرێت، بەڵام سەرجەم كۆبوونەوەو هەوڵەكان بێ‌ ئەنجام كۆتاییان دێت.

كێشەی هەولێرو بەغدا لەسەر نەوت‌و بودجە پەیوەندی بەرێژەو پشكی هەرێم لەبودجەی ساڵانەی عێراق‌و میكانیزمی هەناردەو داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان هەیە، كە تێڕوانینی هەردوو بۆ ئەو دۆسییانە جیاوازن.

ساڵی 2014 لەگەڵ قووڵبوونەوەی كێشەكانی هەولێرو بەغدا، حكومەتی عێراق بڕیاری بڕینی بەشە بودجەی هەرێمیدا، لەبەرانبەردا حكومەتی هەرێمیش بڕیاری هەناردەی نەوتی بەشێوەی سەربەخۆ دا، كە ئەوە كێشەكانی تەواو قووڵتركردەوەو بەو هۆیەشەوە تائێستا لەسەر ئەو پرسە نەگەیشتوون بەرێككەوتن.

ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە لەكێشەو ململانێ‌ هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی دەبێت بەپێی دەستوور كێشەكان چارەسەر بكەن، بەتایبەتی لەبواری نەوت‌و بودجە، بەڵام چەند هۆكارێك رێگرە لەگەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی.

ماوەی رابردوو، بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دەستی بەهەوڵێك كرد، بۆ ئەوەی هەولێرو بەغدا بگەن بەرێككەوتن، كە هەوڵەكەش ئەوە بوو، بگەن بە رێككەوتنێكی گشتگیرو بنەرەتی بۆ چارەسەری كێشەكان.

هەرچەندە لەئێستادا هەوڵەكان بەردەوامە، بەڵام سەرەتای رێككەوتنێكی كاتیش لەنێوان هەولێرو بەغدا دەركەوتووەو رەنگە لەرۆژانی داهاتوو ئەوە یەكلابێتەوە، كە بگەن بەرێككەوتنێكی كاتی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی شارپرێس لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستیكەوتووە، هەوڵێكی هاوبەشی سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆك وەزیران هەیە، كە كارئاسانی بكرێت بۆ رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق، ئەوەش بۆ ماوەی پێنج مانگ.

هەر بەپێی زانیارییەكان، هەوڵەكە بەشێوەیەكە، عێراق مانگانە بڕی 300 ملیار دینار بنێرێت وەك بەشە بودجە بۆ هەرێم، لەبەرانبەردا هەولێر نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەكانی بداتە بەغدا.

هاوكات هەرێم لەم رێككەوتنەدا دوای كردوە نەوت لەلای خۆی بمێنێتەوە، كە ئەمەش سەرچاوەی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدایەو ئەگەر لەداهاتوو ئەو كێشەیە بەتەواوی چارەسەر نەكرێت، رەنگە جارێكی تر كێشەكان سەر هەڵبداتەوە.

هەرێمی كوردستان بەبیانووی بوونی چەند پابەندییەك بە گرێبەستەكانی بۆ دەرهێنان‌و هەناردەی نەوت، نایەوێت دۆسییەی نەوت رادەستی بەغدا بكات، كە ئەوەش بەسەرچاوەی كێشەكان دادەنرێت‌و بەقسەی سەرچاوەكەی شارپرێس تا ئەو پرسە یەكلانەبێتەوە، ئەوە ناتوانرێت چارەسەری بنەرەتی كێشەكان بكرێت.

هەر بەو هۆیەشەوە ئەو هەوڵەی ئێستا هەیە هێشتا تەواو نەبووە نەكراوەتە بڕیار، گومانی ئەوە دەكرێت دواتر كێشەی بۆ دروست ببێت، بۆیە هەوڵەكان تا ئێستا لەئەنجوومەنی وەزیرانەو بەراوێژ لەگەڵ سەرۆك كۆمار هەوڵ دەدرێت لایەنەكانی عێراقی و پەرلەمان رازی بكەن.

هەوڵی رازیكردنی لایەنە عێراقییەكان پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە بەبێ‌ رادەستكردنی دۆسییەی نەوت نایانەوێت بەغدا هیچ بڕە بودجەیەك بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، بۆیە دەیانەوێت میكانیزمێكی نێوەندی بۆ ئەو پرسە بدۆزێتەوە.

هـ ـ ح


بەپەلە