هاوڕێكانی پێیدەڵێن پشیلەی حەوت روح.. كەسێكی توركی لەچەندین رووداوی كوشندە گەراوەتەوە

تەندروستی

03/08/2020‌ 537 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد ئۆفیت، خەڵكی ویلایەتی مۆغلایە لە رۆژئاوای توركیا، لەژیانیدا تووشی حەوت كارەساتی كوشندە بووە، كە هەریەكەیان بەس بوون بۆئەوەی گیان لەدەست بدات وەك كەوتنە خوارەوەی لە جێگای بەرز و بەركەوتنی بەتەزووی كارەبای بەرز و رووداوی هاوچۆی ترسناك و ژێر ئاوكەتن و نزیكووبنەوە لە خنكانی مسۆگەر و بەركەوتنی فیشەك، بەشێوەیەك چەند جارێك لەبەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەكاندا دڵی وەستاوە، بەڵام دواتر رزگاری بووە، هەر ئەمەشە وایكردووە هاوڕێكانی ناوی بنێن پشیلەی حەوت روح .

ئۆفیت بەهۆی زۆری ژمارەی ئەو كارەساتانەی بەسەریدا دێت و كەمئەندامبوونییەوە بڕیاریداوە خۆی خانەنشین بكات‌و ئەو شوێنكارەی كاری چاكردنەوەی كەلوپەلە ئەلێكترۆنییەكانی لیدەكای دابخات، بەڵام ئێستا لەكەناری دەریایدا خەریكی گەنمەشامی فرۆشتنە .

لەچاوپێكەونێكیدا لەگەڵ رۆژنامەیەك، ئۆفیت دەڵێت: لەسەر ئەو ساتەی ئێستا تێیدا دەژیم سوپاسی خوا دەكەم، ئێستا لەڕێگای فرۆشتنی گەنمەشامییەوە رزقی خۆم پەیدا دەكەم، تەنانەت پارە لەو كەسانە وەرناگرم، كە هەژار و دەستكورتن، تەنیا زەردەخەنەكەی ئەوان بەسە بۆمن.

ئەوەی سەیرە ئەو رووداوانەی بەسەر ئۆفیتدا هاتوون هەر لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە بەسەریهاتوون، ئەویش كاتێك لەمنداڵی و لەكاتی یاریكردندا لە باڵكۆنی ماڵەكەیان و لەبەرزی ٧ مەترەوە كەوتە خوارەوە و ماوەی چوار رۆژ لە بەشی چاودێری چڕ ماوەتەوە، دوای حەوت مانگی تر لەكاتی مەلەكردنی لە ناوچەی مارماریس لەلایەن ئاژەڵی ژەهراوییەوە دەگەسترێت و لە قووڵایی ٥ بۆ ٦ مەتر بێهۆش دەبێت و دڵی دەوەستێت، بەڵام خەڵكی ناوچەكە رزگاری دەكەن و دەیگەیەننە نەخۆشخانە و پزیشكەكانیش دەتوانن فریاگوازری بۆ بكەن و بیگێڕنەوە بۆ ژیان .

دوای ئەوەی خوێندن بەجێدێڵێت و لەساڵی ١٩٩١ لەوەرشەیەكی چاككردنەوەی كەلەپەلە ئەلیكترۆنییەكان كار دەكات، كارەبایەكی بەهێز لێیدەدات و بەهۆیەوە دڵی دەوەستێت، بەڵام دواتر بەهۆی هەوڵی پزیشكانەوە بەكاردەكەوێتەوە.

كارەساتەكانی سەر ئۆفیت هەر بەردەوام دەبن، بەجۆرێك لەدوای ٩ ساڵ لەكاتی دانانی ئاریالێك لەبەرزایی ٩ مەترەوە دەكەوێتە سەر ڕوویەكی كۆنكرێتی، دوای ١١ مانگی تریش هەمان رووداو دووبارە دەبێتەوە و بەهۆیەوە چەند ئێسكێكی دەشكێت .

لەساڵی ٢٠٠٨ بەهۆی دەمەقاڵێی لەگەڵ یەكێك لە خاوەن دووكانەكان، پیاوەكە تەقەی لێدەكات و ١٥ فیشەكی لێدەدات، بەو هۆیەشەوە ماوەی ٦٠ رۆژ لە بەشی چاودێری چڕ دەمێنێتەوە، دواین رووداویش، كە بەسەر ئۆفیتدا هاتووە ڕووداوێكی هاتووچۆ بووە لەساڵی ٢٠١٤، كە بەهۆیەوە ٨ ئێسكی شكاون و زۆری نەماوە بەهۆیەوە گیان لەدەست بدات .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی