سەرۆك كۆماری عێراق دەتوانێت پەڕلەمان هەڵبوەشێنێتەوە

کوردستان

04/08/2020‌ 988 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی تەمیمی شارەزای یاسایی عێراقی جەختیكردووەتەوە، بەپێی دەستووری عێراقی، لەسەر داوای سەرۆك وەزیران و دوای وەرگرتنی رەزامەندی سەرۆك كۆمار دەتوانرێت پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە و بێئەوەی ئەو پرۆسەیەش پێویستی بەدەنگدانی پەڕلەمانتاران هەبێت.

تەمیمی لەمیانی لێدوانێكی وتی: بەپێی ماددەی ٦٤ ی دەستوور  بڕگەی یەكەم، زۆر ڕوونە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان، كە بەدوو شێوەی دەستنیشان كردووە، یەكەمیان لەڕێگای زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەڕلەمان و لەسەر داوای سێیەكی ئەندامانی پەڕلەمان، دووەمیشیان لەسەر داوای سەرۆك وەزیران و دوای وەرگرتنی رەزامەندی سەرۆك كۆمار دەبێت.

تەمیمی جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەو ماددەیە هیچ هۆكارێكی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان باس نەكردووە، بەڵكو دەقەكە بەرەهایی هاتووە، بەو مەرجەی لەماوەی لێپرسینەوە لە سەرۆك وەزیراندا نەبێت .

لەبەشێكی بەیاننامەكەی تەمیمیدا هاتووە، چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەسەر پەڕلەمان پرەنسیپێكە لەلایەن زۆرینەی وڵاتانی جیهانەوە پەیرەو دەكرێت، وەك بەریتانیا و باشووری ئەفریقا، بەشێوەیەك لەڕووی هاوسەنگی دەسەڵاتەكانەوە دەكرێت دەسەڵاتی جێبەجێكردن پەڕلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، ئەویش بەبڕیارێكی هاوبەشی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران .

تەمیمی وتیشی: بەڵگەی دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار بەوەی مافی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە بریتییە لە داواكردن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەگەر وانەبوایە ئەوە یاسادانەر ئەو دەسەڵاتەی بەسەرۆكی پەرلەمان دەبەخشی، نەك سەرۆك كۆمار، بەڵام یاسادانەر ئەو دەسەڵاتەی داوەتە سەرۆك كۆمار بەوەی بتوانێت لەڕێگای مەرسوومێكەوە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.

لەكۆتاییشدا دەڵێت: ئەگەر هەموو حاڵەتەكانی هەڵوەشاندنەوە هەر لەدەستی پەڕلەماندا بێت، ئەوە هیچ سوودێك بوونی ئەو دەقەدا نابێت، لەبەر ئەوەی یەكەمجار هەموو لایەك دەیەوێت پارێزگاری لەدەستكەوتەكانی بكات، هەروەك لەبەرئەوەش، كە دەزانێت ئاستی جەماوەری دابەزیوە، بۆیە دەیەوێت پارێزگاری لەو دۆخە بكات كە هەیە.

بۆچوونی ئەو شارەزا یاساییە، قسەی ئەو لایەنە سیاسیانە لەناویاندا نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەتاڵ دەكاتەوە، كە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمانەوە وتبووی: سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران مافی ئەوەیان هەیە داوای هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان بكەن، بەڵام پەڕلەمان تەنیا بە دەنگدانی رەهای ئەندامەكانی هەڵدەوەشێتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی