وەزیری پەروەردە باس لەپلانەكانیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەكات

کوردستان

05/08/2020‌ 1460 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: یاسین نادر
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەدە، كە مەبەستی كۆتاییهاتنی پڕۆسەی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كردبوو، ڕایگەیاند، دەستپێكی خوێندنی ئەمساڵ هێشتا بڕیاری یەكلایی لەسەر نەدراوە و ئێمە لە هەوڵی كۆتا داڕشتن و پلان بەڕاوێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانداین.

ئالان حەمەسەعید لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی راشیگەیاند، ئێمە كۆبوونەوەیەكی فراوانی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵامان دەبێت تا لەبارەی میكانیزم و چۆنییەتی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن بەڕێكەوتن و پلانێكی گشتگیرانەتر بە ڕەچاوكردن و گرنتیكردنی تەندروستی قوتابیان و مامۆستایان بگەین، تا لە بەرژەوەندیی هەموو لایەك بڕیار و پلانی پێویست دابڕێژین.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشدا، كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە دڵنیاییەوە بۆ تاتوێ كردنی پلانەكانی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەمساڵ و چۆنیەتی بەردەوامی خوێندن دەبێت و كۆتا بڕیاریش لەوێوە بەپێی بارودۆخەكە دەردەچێت.