روســیــا لــە دەریــای نــاوەڕاســت هــاوكــاری كــێ دەكــات؟

مەلەفی تایبەت

08/09/2020‌ 2083 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری "سفوبودنایا پریسا" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی رێكەوتی پێكەوە ئەنجامدانی مانۆڕە دەریایەكانی روسیا لە دەریای ناوەڕاست لەگەڵ مانۆڕەكانی توركیادا.

بەپێی راپۆرتەكە، مانۆڕە دەریایەكانی نێوان توركیا و كۆماری باكوری قوبرسی توركی تاك لایەنە راگەیەنراوە و لە ماوەی نێوان ٦ بۆ ١٠ی سێپتەمبەر لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست ئەنجامدەدرێت، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ مانۆڕەكانی كەشتیگەلی دەریایی روسیا لە ناوچەكەدا.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، پێشتر پلان بۆ راهێنانەكانی دەریایی روسیا لە دەریای ناوەڕاست دانرابوو، رێكارەكانیشی بە گوێرەی پلانەكانی راهێنانی جەنگی كەشتیگەلیەكە ئەنجام دەدرێت. لەگەڵ ئەوەدا، پەلەكرا لەوەی بیبەستنەوە بە قەیرانی قوبرسەوە لە نێوان یۆنان و توركیا و وا لێكدەدرێتەوە، كە مۆسكۆ لایەنگری ئەنقەرە دەكات.

بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ، دەتوانین بڵێین، بە راستی روسیا راهێنانەكان لە دەریای سپی ناوەڕاستدا ئەنجام دەدات و بە شێوەیەكی بنەڕەتی بۆ نمایشكردنی هێزە لە بەرانبەر كەشتیگەلی شەشەمی ئەمریكا، كە دەیەوێت هەژموونی خۆی لەناوچەكەدا بسەپێنێت. 

لەهەمان كاتدا، بابەتەكە وەها دەردەكەوێت ئەمە پشتیوانییە بۆ توركیا لە سەر بنەمای، ئەوەی بۆ واشنتۆن خراپە، بۆ مۆسكۆ باشە.

وەزارەتی بەرگری روسیا تا ئێستا دەربارەی راهێنانەكانی داهاتوو هیچ راگەیەنراوێكی بڵاونەكردووەتەوە و ئەو گرنگیەشی پێنەدراوە لە چەشنی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨ ئەنجامدرا. 

بە دڵنیایشەوە ئەم مانۆڕانە لە دەریای ناوەڕاست هاوبەش نابێت لەگەڵ دەریایی توركیادا، بەهیچ شێوەیەك باس لەم جۆرە پلانانە نەكراوە.

لێرەدا، ئەگەری ئەوە هەیە، كە راهێنانەكانی ئێستای دەریاوانی روسیا لەدەریای ناوەڕاست بەهەمان شێوە هەڵوێستكی بێلایەنانەی دەبێت لە ململانێی قوبرس. 

دیارە مۆسكۆ هاوكاری ئەنقەرە و ئەسینا و نیقۆسیا ناكات، بەتایبەتی لەبەكارهێنانی هێزی سەربازیدا. مانۆڕەكانی كەشتیگەلی روسیا پەیامێكە بۆ كەشتیگەلی ئەمریكا، كە بە شێوەیەكی كلاسیكی لەلای روسیا پێگەی ركابەری هەیە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا