ئەگەری پڕۆژەیەكی سێ کوچکەیی (بەرهەم ساڵح، مستەفا کازمى، محەمەد حەلبوسی)لە ئارادایە

عیراق

15/09/2020‌ 2490 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دیداری بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لە دامێنی چیاكانی سلێمانی لە مێرگەپان  مقۆمقۆی ئەوەی دروستكردووە كە دەكرێت پڕۆژەیەكی سیاسی تازە لە عێراق سەرهەڵبدات.

بەرهەم ساڵح و كازمی پەیوەندییەكی دۆستانە و هاوڕێیانەی پتەویان لە نێوان دا هەیە، پێشتریش لە چەند بوارێكی میدیایی و بواری دیكەشدا كاریان بەیەكەوە كردووە كە بەرهەم ساڵح بووە سەرۆك كۆمار و كازمیش بوو بە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری پەیوەندییەكەیان تۆكمەتر بوو.

لەو کاتەوەی كازمی متمانەی پەرلەمانی وەرگرتووە، بە نیمچە بەردەوامی لەگەڵ سەرۆك كۆمار چاویان بەیەك كەوتووە بە زۆریش دیدگایان سەبارەت بە پرسە جۆراوجۆرەكان هاوتا و هاوتەریب بووە.

كاتێك كازمی سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، لە مێڕگەپان (شوێنی حەوانەوەی سەرۆك كۆمار) چاوی بە بەرهەم ساڵحی خانەخوێی كەوت.

دواتر وێنە چركاوەكان ئەوەیان دەرخست كە هەردوو سەرۆك سەرگەرمی گفتوگۆیەكی دۆستانەن، ئەمەش ئەوەی لێ خوێندرایەوە كە دەكرێت خاوەن پڕۆژەیەكی سیاسی هاوبەشبن و لە هەڵبژاردنی پێشوەختی ساڵی ئایندە ڕوكارەكانی بەدەركەون.

چاودێران بەرهەم ساڵح و كازمی دەخنە خانەی ئەو هێزانەی نزیكن لە جەماوەری خۆپێشاندەر كە لە ئۆكتۆبەری 2019  سەریهەڵدا، چونكە هەردووكیان لایەنگیری شەقام بوون.

چەند هەفتەیەك پێش ئێستا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نازناوی "هێزەكانی لاگیری دەوڵەت" یان بەسەر ئەو لایەنە سیاسییانەدا بڕی كە لاگیری شەقامن، ئەمەش بۆ جیاكردنەوەیان لەو لایەنە سیاسییانەی بە "هێزە دژە دەوڵەتییەكان" ناسراون كە هێزەكانی نزیك لە ئێران و میلیشیا چەكدارەكانن كە ئاڵێنگاری دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەت دەكەن.

بۆیە زۆرێك لە عێراقییەكان پێیان وایە جەنگە چاوەڕوانكراوەكەی ئایندە كە لەوانەیە ڕووبەڕووبوونەوەیەكی چەكداری یان هەڵبژاردنی لێبكەوێتەوە، لە نێوان ئەو دوو هێزەدا (دەوڵەتی و نادەوڵەتی) سەرهەڵدات، ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەش ئاراستەی دەوڵەتی عێراق دیاری دەكات.

پێشبینییەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە لەوانەیە بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی سەرۆكایەتی پڕۆژەیەكی سیاسی تازەی هاوبەش بكەن و داواكارییەكانی شەقامیش بكەنە دروشمی خۆیان لە گێرانەوەی شكۆی دەوڵەت و دەربازكردنی لەبن دەستی میلیشیاكان كە هەڵگری ئەجێندای ئێرانین لە ناوەوە و دەرەوەی عێراقدا.

بەو پێیەی كازمی پەیمانی بەلایەنە سیاسییە شیعەكان داوە كە خۆی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئایندە ناپاڵێوێت، بۆیە ناتوانێت بە شێوەیەكی ئاشكرا سەركردایەتی ئەو پڕۆژە سیاسییە تازەیە بكات.

هێزە شیعییەكانیش باس لە بەڵگەنامەیەكی وابەستەكەر دەكەن كە كازمی بە خودی خۆی واژۆی كردووە، بەو ئامانجەی پارێزگاری لە هەژموونی جەماوەری داخوراویان بكەن.

هێزە شیعەكانیش پەی بەوە دەبەن كە پۆستی سەرۆك وەزیران فاكتەرێكە بۆ ڕاكێشانی ژمارەیەكی زۆر دەنگدەر، بەو پێیەی پۆستەكە دەسەڵاتی جێبەجێكاری بەرفراوانی هەیە، لە ڕووی دەستوریشەوە هێزە چەكدارەكان و هێزەكانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی دیكەی كۆنتڕۆڵ كردووە كە هەندێكیان ڕۆڵی كاكڵەیی دەبینن لە ڕێكخستن و بەرێوەبردنی هەڵبژاردنەكاندا.

ئەمە جگە لەوەی سیفەتە جیاكەرەوەكانی كازمی و هاوتەریبی لەگەڵ داواكارییە جەماوەرییەكان، سەرۆك وەزیران دەكاتە هەڕەشەیەكی ڕاستەقینە بۆ سەر پێگە و هەژموونی سیاسی شیعەكان لە هەڵبژاردنەكانی ئایندەدا.

بۆیە شیعەكان توانیویانە پێش ئەوەی كازمی ببێتە سەرۆك وەزیران لە ڕێگەی بەڵێننامەیەكەوە كۆششیان كردووە جڵەوگیری بكەن بەوەی خۆی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئایندە نەپاڵێوێت.

هەندێك لە چاودێران پێیان وایە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانیش لەگەڵ پڕۆژە سیاسییە چاوەڕوانكراوەكەی بەرهەم ساڵح و كازمی دایە، بەمەش سێكوچكەیەك پێكدینن كە گوزارە لە پێكهاتەی تایەفی و نەتەوەیی گەلی عێراق دەكات لە قاڵبێكی عەلمانی و ئاینیدا.

چاودێران وای دەبینن كە ئەو سێكوچكەیە دەتوانێت پاناییەكی بەرفراوانی بژاردەكانی دەنگدەری عێراقی لە دەنگدانی ئایندەدا داگیر بكات.

هاوڕێكی نێوان جەمسەرەكانی ئەو پڕۆژە سیاسییە چاوەڕوانكراوە سێكوچكەیە (بەرهەم ساڵح- كازمی، حەلبوسی) ، لەو  هەڵوێست و كاردانەوەیاندا دەركەوت كە بەرامبەر هەڵوێستەكەی عەلی سیستانی مەڕجەعی (بۆگەڕاوە) باڵای نەجەف نیشانیاندا لەمەڕ هەڵبژاردنی پێشوەختە و كۆنترۆڵكردنی چەكی لەدەست دەرچوو و جڵەوگیركردنی ملیشیاكانی نزیك لە ئێران، چونكە هەرسێك سەرۆكەكە پێشوازییەكی ئەرێنییان لەو هەڵوێستەی سیستانی كردووە و پشتیوانی خۆشیان بۆ دەربڕیووە.

سه‌رچاوه‌: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب    
وه‌رگێران: لوقمان حاجى قادر

بەپەلە