هاوپەیمانی ئیمارات و ئیسرائیل بۆ بەئامانجگرتنی تورکیایە نەوەک ئێران

جیهان

15/09/2020‌ 1596 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەی " Middle East Eye" ی هەواڵیی بەریتانی دەڵێت هاوپەیمانی ئیمارات و ئیسرائیل بۆ بەئامانجگرتنی ئێران نییە وەک ئەوەی باس دەکرێت، بەڵکو بۆ لێدانە لە تورکیا کە زیادبوونی هەژموونەکەی لەناوچەکەدا بۆتە مایەی هەڕەشە بۆسەر دەسەڵاتدارانی کەنداو .

دیڤید هێرست سەرنووسەری پێگەکە لەبابەتێکدا پرسایری ئەوەی کردووە کە ئەم هاوپەیمانێتیەی ئیمارات و ئیسرائیل درووستی دەکەن دەیەوێت بەرانبەر بە کێ بەرگری لەخۆی بکات، بەتایبەت کە ماوەیەک دەبێت ئیسرائیل بە دیبلۆماتکارە عەرەبەکانی وتووە کە چیتر ئێران هەڕەشەیەکی سەربازیی نییە و تەنانەت یوسی کۆهینی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) بەرپرسانی عەرەبی ئاگادارکردۆتەوە کە دەکرێت کۆنترۆڵی ئێران بکرێت .

لەبەرانبەردا هێرست دووبارە پرسیاری ئەوە دەکات کە ئەگەر مەبەست ئێران نەبێت، کەواتە کێ ئامانجی هاوپەیمانێتییە نوێکەی نێوان ئیسرائیل و ئیماراتە ؟.

رۆژنامەنووسە بەریتانییەکە دەڵێت، بەپێی زنجیرەی ئەو بەیاننامانەی لەدوای کۆبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە دەرچوون، پیشانی دەدات ئەو دەوڵەتە نەیارە جگە لە تورکیای ئەندامی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی هیچ لایەنێکی تر نییە ،

نووسەری بابەتەکە پێیوایە داگیرکەرە نوێکان کە هەڕەشە لە جیهانی عەرەبی دەکەن نە رووسن نە فارس، بەڵکو بەسرووشتی حاڵ ئەوە تورکەکان، تەنانەت وڵاتانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست لە تورکیا توورە و بێزارن، لەبەرئەوەی دەزانن ئەو وڵاتە هەوڵی گێرانەوەی دەسەڵاتی عوسمانی دەدات .

ئەوەی جێگای سەرنجە  شاندی فەلەستینی لە کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی رەشنووسی بەیاننامەیەکیان ئامادە کردبوو کە تێیدا سەرکۆنەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل دەکات و وەک ناپاکییەکی مەزن هەژماریان کردبوو، کەچی کۆمکاری عەرەبی لەجیاتی ئەوە لیژنەیەکی لاوەکی بەردەوامی درووستکرد بۆ چاودێریکردنی کارە دوژمنکارییەکانی تورکیا لە جیهانی عەرەبیدا .

پێگەی میدڵ ئێست ئای بەپشتبەستن بە سەرچاوەیەکی حکوومی تورکی ، باسی لەوە کردووە کە ئیمارات بەشێوەیەکی کردارەکی دەستی بە پەراوێزخستنی تورکیا لەسەر هەموو ئاستەکان کردووە ، تەنانەی ئەو وڵاتە بەشداری هەر پرۆسەیەک دەکات کە ئامانج لێی دژایەتیکردنی تورکیا بێت .

پێگە بەریتانییەکە پێیوایە هەوڵی پەراوێزخستنی تورکیا لەناوچەی رژهەڵاتی ناوەراست هەر لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئیمارات و کۆمکاری عەرەبییەوە نییە ، بەڵکو لایەنی دەرەکی تریش هەن دەستیان لەو پرۆسەیەدا هەیە ، وەک رۆڵی سەربازیی فەرەنسا لە پشتیوانیکردنی لیوا مووشی رخەلیفە حەفتەر لە لیبیا کە دەیەوێت دەست بەسەر شاری تەڕابلوسی پایتەختدا بگرێت کەلەژێر کۆنترۆڵی ئیخوانەکانی لایەنگری تورکیادایە ، بۆئەوەش فرۆکەی ئیماراتی و بەکرێگیراوی رووسیش رۆڵیان تێدا هەیە .

میدڵ ئێست ئای پێیوایە لەگەڵ ئەوەی ئەردۆغان لەبارەی پرسە ناوخۆییەکانەوە نەیاری زۆرە ، بەڵام زۆریشن ئەوانەی لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا سەرۆکی تورکیا بە ڕێبەرێکی نەتەوەیی بۆ سیاسەتی دەرەکی دەبینن، بەتایبەت لەبابەتی پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە ، لەناویاندا ئەحمەد داوود ئۆغلو کە لەڕێگای درووستکردنی پارتێکی سیاسیی نوێوە دەیەوێت پشتیوانی بنکە جەماورییە ئیسلامییەکەی ئەردۆغان کەمبکاتەوە .

وەرگێڕان : ئاکۆ ئاڵی