نیشتمان لە چاوی سەرکردەکانەوە چ بەهایەکی هەیە؟

ڤیدێۆ

19/09/2020‌ 1020 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ساڵی ١٨٥٤ "فرانکلین پێرس" سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا نامەیەکی نارد بۆ "سیاتێل" سەرۆک هۆزی هیندییە سوورەکان و داوای لێکرد زەوییەکانیان بە حکوومەتی ئامریکا بفرۆشن.

 سەرۆک هۆزەکە وەڵامی بۆ سەرۆکی ئامریکا ناردەوە، وەڵامێک کە نیشاندەری شێوەی ڕوانینیان بووبۆ مرۆڤ و جیهان.

وەڵامێک کە هەمووکات بە زیندویی دەمێنیتەوەو خاک فرۆشان لە هەر شوێنیکی سەرگۆی زەوی بن دەبێت بە بینین و بیستنی نامەکەی شەرم دایان بگرێت و و داوای لیخۆشبوون لە خاك و نیشتمان بکەن کە بیریان لە فرۆشتن و لەدەست دانی کردۆتەوە.

هیندیە سورەکان ئاو و هەواو شینایی و خاکیان خسستە پێش ژیانی خۆیان و بە ئەمریکیەکانیان وت ئێمە ژیانی سادەی خۆمان نافرۆشین بۆ هیچ ژیانێکی شاهانە ئەگەر فرۆشتنی خاک مەرجەکەی بێت.
کاتێک گوێ لە دەقی نامەکەی سەرۆکهۆزی هیندییەسورەکان دەگریت دەزانیت خاک چ بەهایەکی هەبوە لای ئەوان و هەر گروپ و تاقم و کەسانێکیش لە هەر کوێ بن کە خاکفرۆشی و خیانەت و نیشتمان فرۆشی دەکەن چ بەهایەک لەدەست دەدەن.

بۆ سەرۆکی گەورە لە واشنتن
شینایی ئاسمان و تینی زەوی چۆن دەفرۆشرێن؟ ئێمە خاوەنی پاکیی هەوا و زوڵاڵیی ئاوین ، چۆن بە ئێوەی بفرۆشین؟
ئەم خاکە و هەرچی تێیدایە بۆ ئێمە پیرۆزە. گەڵای دەرزیلەیی کاژەکان، لمی کەنار ڕووباران، مژی نێو دارستانەکان، دەنگ و ڕەنگی مارومێروو، هەموویان لە بڕوا و بیرەوەریی خەڵکی ئێمەدا پیرۆزن. 

خاک لە ناخی ئێمەدایە. ئێمە بەشێک لە خاکین و خاک پارچەیەک لە ئێمەیە. گوڵان بە بۆن و بەرامەیانەوە خوشکی ئێمەن. کەڵەکێوی و ئەسپ و هەڵۆ برامانن. ڕەوەزەبەردی لووتکەکان، شەونمی مێرگ ومەزرا و تینی لەشی ئەسپ و مرۆڤ، هەموویان لە خێزانێکن.

ئەو زوڵاڵەی بە جۆبار و ڕووبارەکاندا دەڕوا تەنیا ئاو نییە، خوێنی پشتاوپشتی ئێمەیە. ئەو زەوییانەشتان پێ بفرۆشین دەبێ لەبیرتان بێ ئێرە بۆ ئێمە پیرۆزە و ئەو سێبەر و تارماییانەی بەو ئاوە زوڵاڵەدا دێن هەموویان بیرەوەری و بەسەرهاتی ژینی ئێمە دەگێڕنەوە. زەمزەمەی ئاو، دەنگی باووباپیرانی ئێمەیە.

ڕووبارەکان پشتمانن، تینوێتیمان دەشکێنن، بەلەمەکانمان بە شانەوە دەگرن و بژیوی منداڵەکانمان دەدەن. ئەگەر زەوییەکانمان بە ئێوە بفرۆشین دەبێ لە بیرتان بێ و منداڵەکانیشتان فێر کەن ئەم ڕووبارانە برای ئێمە و برای ئێوەن و لەوەودوا، ئەو نەرمی و بەزەییەی بە برای خۆتانی ڕەوا دەبینن، بەو ڕووبارانەشی ڕەوا ببینن.

لە شارەکانی ئێوەدا شوێنێک نییە مرۆڤ ئارام تێیدا بژی. جێگایەک نییە مرۆڤ گوێ بداتە لەرەی گەڵای سەربەهاران و ویزەویزی مێروو. ڕەنگە ئەوانە هەر بۆ ئێمە گرنگ بن کە لەو دەشت و کێوانە ژیاوین، بەڵام مرۆ ئەگەر شەوان دەنگی تاقتاقکەرە نەبیستێ و قیڕەی بۆقی گۆماوەکانی نەیەتە گوێ، لە ژیان چی بۆ دەمێنێتەوە؟ شنەبا ئەو کاتی بەسەر تەنکاواندا دەڕوا و وردەشەپۆل دەبزێوێ، شەماڵ ئەوکاتی بۆنی بارانی نیوەڕۆیانی تێدەگەڕێ و، بۆنی گەڵای تەڕوبڕی دارکاژەکان ڕووح و گیانی ئێمەی سوورپێست دەلاوێننەوە.

هەوا بۆ ئێمە بایەخدارە، چونکە هەموومان بە هەناسە هەڵیدەمژین. ئەگەر ئێمە زەوییەکانمان بە ئێوە بفرۆشین دەبێ لەبیرتان بێ ئێمە شوکرانەبژێری ئەو هەوایەین هەڵیدەمژین و ژین بە دەماری زیندەوەردا دێنێ. باپیرەگەورەی من ئەو هەناسەیەی لە سنگدا بوو هەتا لە گەڵ دوایین ئاهـ لە لێوی هاتەدەر و ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ئەگەر ئێمە زەوییەکانمان بە ئێوە بفرۆشین، ئێوە دەبێ لە گەڵ ئاژەڵی ئەم خاکە وەک برای خۆتان بجووڵێنەوە. بەڵێ! ئێمە کێویین! لەو دەشت و کێوانە گەورە بووین و تێناگەین بۆچی هەزاران کەڵەکێوی دەبێ قڕ بکرێن. ئێوە دەبێ مندالەکانتان فێر کەن کە زەویی بن ،دەبێ ڕێزی زەوی بگرن، گەورەیی زەوی لە چاویاندا بێ و بە منداڵەکانیان بڵێن خاک دایکیانە. ئەوەی بەسەر زەوی بێ، بە سەر ڕۆڵەکانی زەوییش دێ. مرۆڤ تف لە زەوی بکا، تف لە خۆی دەکا. 
ئێوەش یاوەری زەوی بن