ئەمەریکا تورکیا تۆمەتبار دەکات بەپێدانی زانیاری سەربازیی بە چین

جیهان

25/09/2020‌ 690 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی " واشنتۆن ئێگزامینەر" ی ئەمەریکی ، تورکیای تۆمەتبار کردووە بەوەی بۆتە هۆکاری ئەوەی دەسەڵاتدارانی چین لەڕێگای هەردوو کۆمپانیای "هواوی" و " زید تی ئی  " چینییەوە ، زانیارییەکی زۆریان لەبارەی وڵاتەکەیان و بوونی سەربازی ئەمەریکا لە تورکیا دەستبکەوێت .

پۆمپیۆ ڕوونیکردۆتەوە کە فراوانبوونی کارکردنی کۆمپانیا چینییەکانی بواری تەلدار و بێتەل لە تورکیا سەرچاوەی نیگەرانی ئەمەریکایە و هەڕەشە لە ئاسایشی سیبرانی و پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا دەکات .

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری داوەتە هاوپەیمانەکانی تری ناو ناتۆ بەوەی هێنانی ئەو جۆرە کۆمپانیایانە بۆ وڵاتەکانیان ، واشنتۆن ناچار دەکات هێزە سەربازییەکانیان لەوڵاتەکەیان بکشێتەوە لەجیاتی ئەوەی خۆی خۆی بخاتە بەر مەترسیی سیخوڕیکردنی دەزگا هەواڵگرییەکانی چین .

لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی مەترسیی سیخوڕیکردنی چین لەسەر هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە تورکیا ، دوای لێدوانی ڕۆن جۆنسۆنی سیناتۆری ویلایەتی ویسکۆنسن دێت کە تێیدا داوای کردبوو داڕێژەرانی ستراتیژی ئەمەریکا خۆیان بۆ ئەگەری کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی ئینچەرلیک لە تورکیا ئامادە بکەن .

وەرگێڕان : ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە