حكومەت‌و ئۆپۆزسیۆنی توركیا مەرایی بۆ میسر دەكەن

ڕاپۆرت

26/09/2020‌ 1618 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

كۆششە ماندوونەناسەكانی حكومەتی توركیا بەردەوامن بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە بارگرژاوییەكانی لەگەڵ میسردا.

ئه‌نكه‌ره‌ هەوڵی ئەوەدەدات میسر ڕازی بكات، بەو ئامانجەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئاسایی بكاتەوە، بەڵام لەدیدگای میسرەوە، چەند پرسێكی ئاڵۆز ڕێگرن ئەو پەیوەندییانە ئاسایی ببنەوە، وەك ئەوەی ئه‌نكه‌ره‌ دەستبەرداری سیاسەتە فراوانخوازییەكانی بێت و دەستوەرنەداتە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەب و مەترسیش دروست نەكات بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەب.

یاوز سەلیم قیران-ی جێگری وەزری دەرەوەی توركیا لەوبارەوە وتی كە وڵاتەكەی ئامادەیە ڕێككەوتننامەیەكی تازە سەبارەت بە ناوچەی ئابووری پوخت لە دەریای سپی ناوەڕاستدا لەگەڵ میسردا واژۆ بكات.

ئەم لێدوانەی قیران لەمیانە كۆنگرەیەكدا – بە ڤیدیۆ كۆنفڕانس- هات كە سەرۆكایەتی توركیا ڕێكیخستبوو سەبارەت بە هاریكای و هەماهەنگی لە دەریای سپی ناوەڕاستدا،  قیران لەو كۆنگرەیەدا باسی لە دیدگای پارتی داد و گەشەپێدان كرد سەبارەت بە كاریگەری ڕووداوەكانی دەریای سپی ناوەڕاست بەسەر سیستەمی نێودەوڵەتییەوە.

قیران باسی لە ناوچەی ئابووری پوختی نێوان توركیا و میسر كرد كە بەشێكی گرنگی ستراتیژیەتی توركیایە لەو ناوچەیەدا، وتیشی وڵاتەكەی ئامادەیە لەگەڵ وڵاتانی هاولێواری دەریای ناوەڕاست و میسر باس لە ناوچەی هەژموونی دەریایی لەو ناوچەیەدا بكات.

قیران وتیشی لەوبارەوە قسەیان لەگەڵ میسر كردووە، ئامادەن دانیشتنی دیكەشیان لەگەڵ بكەن و ناوچەی ئابووری پوختی نێوانیان دیاری بكەن، ئەوەشی گوت كە ئەوان لەوبارەوە چاوەڕوانی وڵامی قاهیرە دەكەن. 

قیران باسی لەوەش كرد كە هاریكای نێوان ئه‌نكه‌ره‌ و قاهیرە سوودی بۆ هەردوولا و وڵاتانی هاولێواری دەریای سپی ناوەڕاست دەبێت، ئەوەشی گوت كە ئەوان هەمیشە باوەڕیان بە گفتوگۆ و دانوستانە لە چارەسەركردنی كیشەكاندا.

ئۆپۆزسیۆنی توركیاش بە هەمان شێوەی حكومەت، لە هەمان هەوڵ و كۆشش بەردەوامن، ئەحمەد داود ئۆغڵۆ لەو بارەوە وتی: بۆ توركیا زۆر گرنگە ڕێككەوتنێك لەسەر ناوچەی ئابووری پوخت لەگەڵ میسردا واژۆ بكات.

ئۆغڵۆ ئەوەشی گوت كە توركیا زۆرترین سنوری لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست هەیە، بۆیە گرنگە ئەو ڕێككەوتنە لەگەڵ میسردا واژۆ بكات.

ئەرۆدغانیش لەو بارەوە وتی كە دەكرێت لەسەر ئەم پرسە دانوستان لەگەڵ میسر بكرێت، هیچ ڕێگرییەكیش لەو بارەوە لە ئارادا نییە، ئەوان تەنها لەو ڕێككەوتنە نیگەرانن كە میسر لەگەڵ یۆنان واژۆی كردووە.

لەلایەكی دیكەشەوە وەزیری دەرەوەی میسر بە ووریاییەوە باسی لەو پێشدەستییەی توركیا كرد، وتیشی ڕەفتار و هەڵوێستەكانی توركیا جێی متمانە نیین.

وه‌رگێران: لوقمان حاجى قادر