دژە تەنی کەسانی چاکبوو لەڤایرۆسی کۆڕۆنا دوای 3 مانگ نامێنێت

تەندروستی

05/10/2020‌ 403 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئەنجامی نائومێدکەر لەبارەی دژە تەنی کەسانی چاکبوو لەڤایرۆسی کۆڕۆنا ئاشکرادەکات کە وەک پلازما بۆ چارەسەری کەسانی تووشبوو بەکاردەهێنرێت، ڕایدەگەیەنێت، "ئەو دژە تەنە لەدوای سێ مانگ لەدەرکەوتنی یەکەمجاری نیشانەکان بەیەکجارەکی نامێنێت".

بەگوێرەی رۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی، لێکۆڵینەوەیان لەداتای ١٥ کەس کردوە کە ڤایرۆسی کۆڕۆنایان تێپەڕاندووەو پلازمای خوێنەکانیان بۆ کەسانی تووشبووی نەخۆشی کۆڕۆنا بەخشیوە، لەئەنجامدا دەرکەوتووە کە دژە تەنی سەجەم ئەوکەسانە لەدوای نزیکەی سێ مانگ (٨٨ رۆژ) لەدەرکەوتنی نیشانەکان، نەماوە.

وێڕای ئەوەش، سێ هەفتە دوای گەیشتن بەم ئەنجامە، جارێکی تر ئاستی دژە تەنیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

تیمی توێژینەوەکە کە سەر بەناوەندی "هیما کیبیک" بۆ بەخشینی خوێن لەکەنەدا کردویەتی دەڵێت:"ئەنجامەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەو پلازمایەی ماوەیەکی زوو دوای چاکبوونەوە دەبەخشرێت، زۆر کاریگەرترە".

لای خۆیشیەوە، دکتۆر ڕینییە بازین سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوەکە دەڵێت:"بەپشتبەستن بەو ئەنجامانەی پێیگەیشتوین، دژە تەنی کەسانی چاکبوو لەڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ هەمیشەیی نییە، بەڵکو بەخێرایی نامێنن، بۆیە ئەوکەسانەی دەیانەوێت پلازمای خوێنەکانیان ببەخشن، نابێت ماوەیەکی زۆر چاوەڕێبکەن، هەروەک چۆن دەبێت پزیشکانیش لێکۆڵینەوە لەبوونی دژە تەن لەجەستەی کەسی چاکبوو بکەن".

ئاماده‌كردنى: ئاکۆ ئاڵی