فۆرین پۆڵسی: ئیدارەی خۆسەر ئەلتەرناتیڤی رژێمی دیمەشقە لە سوریادا

کوردستان

23/10/2020‌ 1721 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڤاری فۆرین پۆڵسی لە راپۆرتێکدا باسی لە سەرکەوتوویی ئەزموونی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان کردووە و جەختی کردۆتەوە کە دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەک ئەلتەرناتیڤی ڕژێمی دیمەشق لە سوریادا دانی پێدا بنێت.

گۆڤارەکە لەبەشێکی راپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە کە ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سوریای دیموکرات سەلماندوویانە کە لەوە زیاترن تەنیا ئامرازێک بن بۆ روخاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، بەڵکو هەسەدە توانیویەتی کۆنترۆڵی هەموو ئەو ناوچانە بکات کە لەدەستی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە رزگاری کردوون و کردوونی بە سەقامگیرترین ناوچەی سوریا، بۆیە لەسەر ئیدارەی ئەمەریکایە دان بە سەرکەوتنی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستاندا بنێت.

ئیمی هۆڵمزی نووسەری بابەتەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لەکاتی کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی رووسیا پێیوابوو کە هێزەکانی رژێمی ئەسەد کۆنترۆڵی هەموو خاکی سوریا دەکەنەوە.

هۆڵمز کە توێژەرە لە پەیمانگای "وێڵسن سەنتەر"ی ئەمەریکی بۆ لێکۆڵینەوە سیاسییەکان دەڵێت بەڵام لەجیاتی هەرەسهێنانی هەسەدە، ئەو هێزە توانی کۆنترۆڵی چوار یەکی خاکی سوریا بکات، بۆیە خەونی پۆتین بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە کوردییەکان لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە نەهاتە دی .

فۆرین پۆڵسی باسی لەوە کردووە کە مووچەی فەرمانبەران لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکان دوو ئەوەندەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕژیمی ئەسەدە و دامودەزگاکانی دەوڵەت بەشێوەیەکی سەربەخۆ و دوور لە حکومەتی دیمەشق بەڕێوەدەبرێن، ئەوە جگە لە دەستەبەرکردنی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی نموونەیی و دەستەبەرکردنی خوێندن و فێرکردن بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و سریانی.

هۆڵمز ئەوەشی وتووە کە سەرکەوتوویی ئیدارەی خۆسەر پۆتینی نائومێد کردووە، لەبەرئەوەی هەسەدە پارێزگاری لە یەکگرتوویی و هاوسەنگی خۆی کردووە، بەشێوەیەک سەرەرای کشانەوەی ئەمەریکا و هێرشی تورکیا و بڵاوبوونەوەی هێزە سەربازییەکانی رووسیا لەناوچەکانیدا پارێزگاری لە هەڵوێستە سیاسییەکانی کردووە و جیابوونەوە و هەڵگەڕانەوە لە ڕیزەکانیدا رووینەداوە.

ئامادەکاری راپۆرتەکەی فۆرین پۆڵسی دەڵێت خۆراگری هەسەدە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەسەد و گوشارەکانی رووسیا لەژێر سایەی داگیرکاری تورکیا، گەورەترین بەڵگەیە لەسەر سەرکەوتوویی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان.

ئەوەشی وتووە کە هێزە بەرهەڵستکارەکانی تری سوریا، سەرەڕای بەرنامەی پشتیوانی ئەمەریکا و خەرجکردنی ملیاران دۆلار لە راهێنان و پڕچەککردنیان، بەڵام بەرانبەر بە رووسیا و ڕژێمی ئەسەد خۆیان رانەگرت و یەک لەدوای یەک ناوچەکانیان لەدەستدا. 
وەرگێران : ئاکۆ ئاڵی