شه‌ڕى پارتى‌و په‌كه‌كه‌و ڕاستیه‌كان له‌باره‌ى (یەکینەکانی مردن، گورگه‌ بۆره‌كان‌و میساقی میللی)

مەلەفی تایبەت

12/11/2020‌ 2521 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دیسانەوە شەڕێکی نەگریس بەر ده‌رگای ماڵی کوردی گرتوەو دڵی هەموو کردێکی نیشتمانپەروەر، خاوەن خاک، مرۆڤ دۆستی بێزارکردوە، هیچ گومانی تێدانییە کە تورکیا لەپشت ئەم ڕوبەڕوبونەوەیەیەو مەبەستێتی کورد بەکورد قڕ بکات.

تورکیا بەشێکی زۆری ڕۆژئاوای کوردستانی داگیرکردوەو بەناڕاستەوخۆش باشوری کوردستانیشی لەژێردەستایەو چۆنیان بوێت وائەکەن بێ گەڕانەوە بۆ هیچ کەسێک، ڕۆژانە شاخ‌و کێو دەشت‌و دۆڵ‌و گوندەکان بۆمباران ئەکەن‌و کەس دەنگی لێوەنایەت‌و حکومەت‌و پارتی دەسەڵاتداریش بەو هەموو موڵگەو بنکە سەربازیانەی کە لەدهۆک‌و هەولێرو تا سلێمانیش جێگیریان کردوە ناڵێن داگیرکەرو بگرە بۆیان دادەتاشرێ‌و ئەڵێن لەبەربونی پەکەکە لەو ناوەن.

بەڵێ ڕاستە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بونیان هەیە لەباشور، بەڵام یەکەم: ئەوان لەوڵاتی خۆیانن‌و ئەوە تورکەکان کە بێگانەن، دوەم ئەوان لەخۆیانەوە نەهاتون، بەڵکو لەسەر داوای پارتی‌و یەکێتی هاتنە ئەو ناوچەیە کاتێک ترس هەبوو ئیسلامی توندڕەو لەقەندیل‌و ئەو ناوچانە جێگیربێت.

میساقی میللی
تورکیا نیازێتی "میساقی میللی" لەڕێگەی گورگە بۆرەکانەوە جێبەجێ بکات، به‌كورتی ئاماژه‌ به‌داگیركاریه‌كانی رژێمی توركیا ئه‌كه‌ین له‌ته‌واوی ناوچه‌كه‌ ئایا‌ توركیا ئامانجی چیه؟‌

تورکیا بەبیانوی بونی "پەکەکە"وە زۆرجار هه‌ڵئه‌كوتێته‌سه‌ر باشوری كوردستان، ئه‌و ده‌وڵه‌تەی كه‌پێی ئه‌ڵێن توركیا میراتگری ده‌وڵه‌تی عوسمانیە، میساقى میللى توركی له‌28ی كانونی دوه‌می ساڵی 1920 به‌پێی ئاگربه‌ستی "مه‌نده‌رۆس" له‌30ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1918دا كه ‌له‌نێوان هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان: (ئیتاڵیا، فه‌رنسا، به‌ریتانیاو ده‌وڵه‌تی عوسمانی) واژۆكرا، لەو پەیماننامەیەدا سنوری توركیا دیاریكرا كه‌ سنوری توركیای ئێستا تێئه‌په‌رێنێ بۆ سوریاو عێراق‌و شاره‌كانی حه‌له‌ب‌و موسڵ‌و كه‌ركوك‌و هه‌ولێرو سلێمانیش ئه‌گرێته‌وە.

بەپێی بەڵێننامەکە توركیا ئه‌و مافه‌ی هه‌بوو نه‌هێڵێت ئه‌وشارانه‌ لەهیچ لایه‌كه‌وه‌ داگیربكرێ‌و سوپای بۆ بجوڵێنرێ، به‌ڵام دوای تێگه‌یشتنی به‌ریتانییه‌كان له‌سنوری جوگرافیاو هه‌ڵكه‌وته‌ی موسڵ، ئاگربه‌ستی "مه‌نده‌رۆسیان" پشتگوێخست‌و په‌لاماری شاری موسڵیانداو ئه‌وشاره‌یان له‌ده‌ستی عوسمانی ده‌رهێنا.

له‌كۆتایی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، وڵاتانی زلهێز ئه‌یانویست ده‌وڵه‌تی عوسمانی لاوازبكه‌ن كه ‌ته‌نها چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كه‌می له‌ده‌ستا مابوو، ‌ئه‌وانیش سنوری توركیای ئه‌مڕۆو ڕۆژئاواو باشوری كوردستان‌و به‌شێك له‌خاكی یۆنانی له‌ژێر ده‌ستا مابوو، ده‌ره‌نجام  سه‌ره‌تا په‌یمانی سیڤه‌رو دواتر په‌یمانی میساقى میللى له‌28ى كانونى دوەمى 1920 له‌مه‌جلسی په‌یمانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی په‌سندكراو به‌مجۆره‌ش له‌چوارچێوه‌ی كۆماری توركیا بچوكیان كرده‌وه‌.

په‌یماننامه‌ی میساقی میللی توركی ‌چه‌ند خاڵێكە:
1ـ له‌كاتی ئاگربه‌ستی مۆندۆرۆس ئه‌وناوچه‌یه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردانه‌گیرابوو  به‌دڵنیاییه‌وه‌ خاكی توركیایه‌و نابێ پارچه‌ بكرێت.
2ـ ئه‌گه‌ر پێویستبكات له‌هه‌رسێ ویلایه‌تی قه‌رس‌و ئه‌رده‌هان‌و باتوم، ڕیفراندۆم ئه‌نجامبدرێت بۆئه‌وه‌ی له‌ژێرده‌ستی عوسمانی بمێنێته‌وه‌ یان نا.
٣. عه‌ره‌به‌كان مافی خۆیان دیاریئه‌كه‌ن‌و ئه‌و شوێنه‌ی له‌ژێرده‌ستی عوسمانیدابێت‌و زۆرینه‌ی عه‌رەب بێت ئه‌وا ڕیفراندۆمی تێدا ئه‌كرێت.
٤. چاره‌نوسی یاسایی ڕۆژئاوای توركیا به‌هه‌ڵپه‌سێراوی ئه‌مێنێته‌وه‌، ته‌نها به‌ڕیفراندۆم چاره‌نوسی یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌.
٥. ئاسایشی ئیستانبوڵ‌و ده‌ریای مه‌ڕمه‌ڕه‌ له‌لایه‌ن عوسمانیه‌كانه‌وه‌ فه‌راهه‌مده‌كرێت‌و له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو جۆره‌ هێرشێك پارێزراو ئه‌بێت.
٦. كه‌مینه‌كان له‌وڵاتانی تردا واته‌ ئه‌و شوێنانه‌ی تورك كه‌مینه‌ن ده‌بێ مافیان پارێزراوبێت‌و به‌فه‌رمیش ڕابگه‌یه‌نرێت.

ئێستا ئەردۆغان‌و تورکیا چاویان بڕیوەتە هەموو ئەو ناوچانەی میساقی میللی ئەیانگرێتەوەو بگرە زیاتریش بەشێوەی پراکتیکیش دەستیان پێکردوەو لەهەندێک شوێنیش ئامادەکاری بۆئەکەن، بەدیاریکراوی لەباشوری کوردستان چەندین بنکەی سەربازی گەورەیان دامەزراندوە، بەڵام ئەوەی کۆسپەو تەگەرەیە لەبەردەمیانا پارتی کرێکارانی کوردستانە (پەکەکە)یه‌، هەربۆیە بەنیازن بۆ داگیرکردنی کوردستان ئەو کێشەیە هەر بەخودی کورد چارەسەربکەن لەڕێی ئەوەی کورد بکەن بەگژی کورداو خوێنی کورد بەدەستی کورد بڕژن، ئەمەش بۆ ئەوان دوو سودی هەیە، یەکەمیان، کورد لاواز ئەکەن لەکاتی جێبەجێکردنی میساقی میللیدا کورد بڕشتی پێ نامێنێ بۆ بەرگری، دوەمیش، تا بەخەڵک‌و وڵاتانی جیهان بڵێن کە بۆ گەڕانەوەی ئاشتی دێنه‌ ناوەوەو ئیتر وەک نمونەی قوبرس بۆ هەتا هەتایە ئەمێنەوەو کوردستان بۆ ئەبەد داگیرئەکەن.

گورگە بۆرەکان
ناکرێ باسی گورگە بۆرەکان بکەین‌و کەمێک نەگەڕێینه‌وه‌ بۆ سەرهەڵدانی بیری ناسیۆنالستی تورک، تۆرانیزم لەسەدەی نۆزدەدا لەژێر کاریگەریی بزوتنەوە نەتەوەییەکانی ئەوروپا سەریهەڵداوە، بریتیە لەئایدۆلۆژیای نەتەوەپەرستی تورک کە ئامانجی یەکخستنی هەموو نەتەوەی تورک زمانەو ئەم ئایدۆلۆژییایە ئەکرێت لەچوارچێوەی کەلتوری یاخود سیاسیدابێت، سەبارەت بەئایدۆلۆژیای پانتورکیزم دەستیان پێکرد، "سابیر زیان بەدرەدین" کە خۆی ئایدۆلۆژیستێکی تورکە ئەڵێت:"پانتۆرکیزم هەوڵدانە بۆ یەکخستنی هەموو نەتەوە تورکەکان لەچوارچێوەی یەک دەوڵەتی سەربەخۆ یان لەدەوڵەتێکی فیدراڵیدا".

لەکۆتایی سەدەی 19دا بیری ناسیۆنالیزمی تورکی بەتەواوی ڕیشەی خۆی لەنێو کۆمەڵگەی تورکیا داکوتاو هەر ئەمەش وایکرد حزبی ئیتحادو تەرەقی دابمەزرێت، لەدروستبونی ئەو حزبەشدا جولەکەکانی تورکیا ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە، چەند کەسێک لەجولەکەکان بونەتە ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە، کاریگەریی فەرهەنگی خۆرئاوا بەتایبەتی فەرەنساو بەریتانیاو ئەمریکاو ئەڵمانیا بۆ سەر تورکیا ناکرێت نادیدە بگیرێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر بیرمەندان‌و ڕوناکبیرانی تورکی داناو سێ ڕەوتی جیاوازی هێنایە ئاراوە (یەکێتی ئیسلامی، یەکێتی تورکی‌و یەکێتی عوسمانی)، بەڵام سوڵتان عەبدولحەمید تەنها خەمی بەهێزبونی ئیمپراتۆڕی ئیسلامی ئەخواردو بەتوندی دژی یەکێتی تورکی‌و یەکێتی عوسمانی بوو، هەر ئەمەش بوە یەکێک لەهۆکارەکانی بۆ ئەوەی تۆرانییەکانی ناو حزبی ئیتیحادو تەرەقی لەساڵی ١٩٠٨ دژی دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولحەمید کودەتا بکەن‌و بۆ یەکەمجار دەستور بۆ تورکیا دابڕێژن.

چۆنێتی دروستبونى مەهەپەو هۆکارەکانی دروستبون‌و ئایدۆلۆژیای دروستبونی مەهەپەو دەزگاکانی ئایدۆلۆژیای مەهەپە ئوزال‌و چەند بابەتی پەیوەندیدار بەمەهەپە کە بنچینەدانەری گورگە بۆرەکانن لێرەیا باسی لێوەناکەین، بەڵکو تەنها گورگە بۆرەکان بەنمونە وەردەگرین کە ترسناکترینن لەسەر بون‌و نەبونی کورد.

بۆ ناسینی گورگە بۆرەکان سەرەتا هەندێ خەسڵەتی گورگ باسدەکەین پاشان بەراوردێک لەنێوانیان:
گورگ کە "کوڕی بەوەفا"ش ئەناسرێت یەکێکە لەئاژەڵە دڕندەکان‌و نزیکبونەوە لێی بێ مەترسی نییە، بەوەفاو بەهێزو نەفس بەرزە، ژیانی گورگ بەشێكی كۆمەڵایەتییەو لەژیانی مرۆڤەوە نزیكە، ئەمە وێڕای ئەوەی بەشێكی تری ژیانی هێرشبەر، کێوی‌و دڕندەیە.

گورگ هەرگیز گۆشتی مردارەوە بوو، خواردنی پیس بوو، بۆگەن‌و کۆن ناخوات، هەرگیز لەدایك‌و خوشكی نزیک نابێتەوە بۆ جوتبون هەربۆیەش هیچ نەوەیەکی زۆڵ لەناو گورگا بونی نیەو هەموو بێچوە گورگێک بەدڵنیاییەوە ئەزانێ کێ دایک‌و باوکێتی، گورگەكان تاكو لەژیاندا مابن یەك هاوسەریان هەیە، خیانەتیان لێناكەن، بۆیە هەر خێزانێکی گورگ هەمویان ئەندامانی هەمان خێزانن‌و بێگانەیان تیانییە، ئەگەر یەكێك لەهاوسەران مردن، ئەوا بۆ ماوەی سێ‌ مانگ پرسەیان هەیە، جاری واش هەیە تاكو ساڵێك درێژدەبێتەوە، لەناو گورگدا فرە خێزانی نییە، ئەگەر گورگێك نیازی پرۆسەیەكی وای هەبێت، ئەبێت لەناوچەكەی دوربكەوێتەوە.

کاتێك دایک‌و باوکیان پیرئەبن ئەوا کوڕەکانیان ڕاویان بۆ ئەکەن‌و خواردنیان بۆ دابین ئەکەن لەکاتێکدا ئەوان لەنێو کولانەکانیانا ژیان بەسەرئەبەن، لەكاتی ڕەوكردنیان، سێ‌ گورگی ئازاو هێرشبەر لەپێشەوە ئەڕۆن بۆ هەر ئەگەرێكی چاوەڕواننەكراو، دوای ئەوانیش پێنج گورگی بەهێز لەدوای ئەوانەوەن، گورگ سەركردەكەیان لەدواوە ئەڕوات، پارێزگاری لەهەر هێرشێكی دواوە ئەكات، گورگە مێینەو مناڵ‌و بێ هێزەکان ئەخەنە ناوەڕاست‌و بەهێزەکان لەپێشەوەو سەرکردەش لەدواوە ئەیان پارێزن‌و خۆیان ئەکەن بەسوپەرو قوربانی تا ئەوانیتر سەلامەت بن، یەکێکی تر لەو شتانەی گورگی پێ جیائەکرێتەوە ئەوەیە کە مردوکانیان ئەخەنە ژێر گڵەوە وەک مرۆڤ.

ئایا گورگە بۆرەکان هیچ یەکێك لەم ڕەوشتە بەرزانەی گورگیان تیا بەدیدەکرێ؟
گورگە بۆرەکان یان یەکییەنکانی مردن یان  لاوە نمونەییەکان "ئۆجاکلاری"
گورگە بۆرەکان لەبری ناشتنی نێچیرو مردوەکان، سەریان لەلاشه‌یان جیائەکەنەوەو سوکایەتی بەجەستەیان ئەکەن، دەستدرێژی سێکسی ئەکەنەسەر ئەو کچانەی بەزیندویی یان بەمردویی ئەکەونە دەستیان، هێندە پیسخۆرن تەنها لەبەر تێرکردنی حەزی نەژادی‌و ئارەزوی نەخۆشیان دەست لەهیچ شتێک ناپارێزن‌و ئامادەن لەهەر شوێنێک بۆیان بگونجێ‌و توانایان هەبێ بیکەن بەقەسابخانە، گورگە بۆرەکان دەست لەمناڵ‌و ژن‌و پیرو پەکەوتە ناپارێزن بەتایبەتی ئەگەر کوردبن ئەوا تەنها دوای کۆمەڵکوژی دەست هەڵەگرن، هیچ بەهایەکی مرۆڤایەتی بونی نییە لایان‌و کۆی زەویەکانی بەڵقان تا ناوەڕاستی ئاسیا بەمیراتی عوسمانى ئەبینن‌و داگیری ئەکەن ئەگەر توانایان هەبێ، بەشێوەیەک پیسخۆرن بچنە هەر شوێنێک دوای داگیرکردنی تەنانەت مریشک‌و قازو قەل‌و بگرە تا دارەکانیش ئەدزن وەک دار زەیتونەکانی عەفرین.

دوای بێدەنگبونی ئەم گروپە بۆ ماوەیەک پاشان لەڕێگەی ده‌رگاکانی سوریاوەو لەژێر سەرپەرشتی هەواڵگری تورکیا جارێکی تر سەریان هەڵدایەوە، پاشئەوەی سەرکەوتنەکانی خۆی دژی کورد سەلماند، سەرەتا بەشێکی زۆری ئەندامانی ئەم گروپە لەناو سوپای تورکیادا سەریان دەرهێنایەوە لەحەلەب‌و ئیدلبی سوریا، هەتا ڕویەکی نەتەوەی بەن بەداگیرکاری تورکیا لەسەر حسابی خاکی سوریا.

ئەم ڕێکخراوە کێیەو تا چ ئاستێک لەسەر ئاستی جیهانی بڵاوبۆتەوه‌؟
ڕێکخراوی گورگەبۆرەکان یان لاوە نمونەییەکان کە دواتر بەیەکیینەکانی مردن ناسران، ڕێکخراوێکی توندڕەوی فاشی ناسیۆنالیستی ڕادیکاڵی ڕاستڕەو ڕەگەزپەرستی تورکی دژە کوردە، لەکۆیاییەکانی ساڵی ١٩٦٠دا دەمەزرێنرا، لەسەر دەستی "عەقید"ی سوپای تورکیا "ئەڵپ ئەرسەلان تورکش".

ئەم ڕێکخراوه‌ بەباڵی سەربازی نافەرمی حزبی جوڵانەوەی نەتەوەپەرست یان بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکیا "مەهەپە" کە "دەوڵەت باخچەلی" سەرۆکایەتی ئەکات کە لەئێستادا هاوپەیمانی پارتی دادو گەشەپێدانە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات.

هەڵای تێکەڵکردن‌و پێکەوەلکاندنی ناسنامەی تورکی‌و ئاینی ئیسلام زۆر زیاتر بەو ڕێکخراوەوە دیارەو زۆر بەفراوانی کاری لەسەر ئەکرێ کە ئەوەش بەخیتابی ڕێکخراوەکەوە زۆر بەڕونی ئەبینرێ، ئیسلام بەکارئەهێنن بۆ ڕاکێشانی سۆزی موسڵمانانی نەیەوەکانی تر  ئەگەرنا دەست لەهیچ مرۆڤێ ناپارێزن کە تورک نەبێ، هەر لەڕێی ئیسلامەوە بەئاسانی کورد ئەکەوێتە تەڵەکانیانەوە.

کوردیان بەدوژمنی سەرەکی‌و سەرسەخت‌و خەتەری سەرخۆیان‌و بون‌و نەبونی تورک گرێداوە، نەمان‌و نەهێشتن‌و توانەوەی کورد کاری لەپێشینەی ئەم ڕێکخراوەیە، ئەمە وێڕای دژایەتیکردنی نەتەوەکانی تری وەک (ئەرمەن، عەرەب، یۆنان، بولگارییەکان، ئەلبانیەکان‌و ئاینەکانی تری وەک مەسیح‌و جولەکەو بوزییەکان).

لەگەڵ ئەوەی کە پێشتر بەڕێکخراوێکی ئیرهابی‌و توندڕەو ڕادیکاڵ ناسێنراو بوو بەهۆی کردەوە خراپەکانیانەوە لەساڵانی هەشتاکاندا، بەڵام ئەردۆغان جارێکی تر گورگە بۆرەکانی زیندوکردەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کورد، بەجۆرێك ئەردۆغان پاڵپشتی ئەو ڕێکخراوە ئیرهابییە نەتەوەپەرست‌و ڕادیکاڵە فاشیەی کرد کە لەئێستادا گەیشتونەتە هەریەکە لە"ئازەربایجان، شیسان، چین، ئەرمینیا، کوردستان، عێراق، سوریا، کەنارەکانی یۆنان، قوبرس، ڕوسیا، نیمچە دورگەی قرم، تایلاند، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپا".

لەچەندین کەرت جیاوازی وەک ئابوری، کۆمەڵایەتی، وەرزش، پەروەردەو بنکە ڕۆشنبیرییەکانی وەک زانکۆو فێرگەکانی خوێندن‌و قوتابخانە ئایینەکان چالاکن‌و فەقێ‌و ناوەندە ئایینیەکان باشترینی ئەوانەن کە گەرایان تیادائەنێن، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان تەنیوەو کار لەسەر گەنجان‌و نەوجەوانان ئەکەن بەتایبەت کەمدەرامەت‌و ئاوارەو ئەو  خوێندکارانەی کە داخلییەکان نیشتەجێن، ئاڵای گورگە بۆرەکان یان یەکیینەکانی مردن کە تەختێکی سوری هەیە سێ کەوانەی نیوە مانگی سپی "هلال" لەسەر کێشراوە، بەپێی باوەڕی خۆیان ئەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبونەوەی تورک لەهەرسێ کیشوەری ئاسیا، ئەفریقاو ئەوروپا.

لەکۆڕو کۆبونەوەو دەرکەوتنەکانیاندا دەستی ڕاستیان بەرزئەکەنەوە وەک هێمایەکی شەیتانی، هەردوو پەنجە توتەو دۆشاو مژە ڕاست بۆسەرەوە لەشێوەی گوێچکەکانی گورگ بەرزئەکەنەوەو ئینجا هەرسێ پەنجەکەی تریان لەشێوەی سەری گورگ پێکەوە ئەلکێنن‌و بۆ پێشەوە درێژی ئەکەن، کە ئەمە جگە لەپیشاندانی سەری گورگ، بەڵکو مەبەستێکی شاروەی تریشی لەپاڵایە، واتە لەهەر شوێنێک تورکی لێبێ بۆی ئەچن وەک ئاماژەیەک بۆ هەرسێ نیوە کەوانە یان نیو مانگ "هلال"ی سەر ئاڵا سورەکەیان کە مەبەست لێی "ئاسیا، ئەفریقاو ئەوروپا"یە.

چیرۆکی هەڵبژاردنی گورگ وەک ناوو ناونیشان بۆ ڕێکخراوەکە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەیەک کە تورکەکان باوەڕیان پێیەتی‌و بڵاوە لەناوەڕاستی کیشوەری ئاسیادا کە گوایە گورگێکی مێینە کە ناوی "ئەسینا"بوە کە ڕێبەری تورکەکانی کردوە لەڕوباری "ئەرجەنیکۆن"وە، پاشئەوەی کە چوار سەدە لەوێ ماونەتەوە دوای ئەوەی کە لەجەنگا دۆڕاون، هەر ئەم ئەفسانەیەش بنچینەیە بۆ دەرکەوتن‌و دروستبونی هەردوو نەتەوەی مەنگۆلی‌و تورک.

گورگە بۆرەکان باوەڕیان وایە یان ڕاستر ئەوەیە کە بڵێین وا پەروەردە ئەکرێن‌و باوەڕیان پێئەهێنرێ کە هەموو ئەو زەوییانەی ئەکەوێتە نێوان بەڵقان‌و ئاسیای ناوەڕاست، موڵکی خۆیانەو خاوەندارێتی ئەگەڕێتەوە بۆ تورک، کاری ئەمانە هەر فرسەتێک بێتە پێشەوە بیگێڕنەوە بۆخۆیان هەر ئەمەشە وایکردوە تورک پێبخاتە خاکی هەر وڵاتێکی ترەوە هەرگیز بەئارەزومەندانەو بەئاشتی لێی ناکشێتەوە، نمونەی وڵاتی قوبرس کە لە٢٠ی مانگی شەشی ساڵی ١٩٧٤ نیوەی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکردوەو تائێستاش چۆڵی نەکردوە، تاساڵی ١٩٨٣ باکوری قوبرس کە لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە کۆماری باکوری قوبرسی تورکی ڕاگەیاند کە تاکە وڵات تەنها تورکیایە کە دانی پیاناوە، ئەوەی جێگای سەرنج‌و ئاماژەیە ساڵی ١٩٧٤ تورکیا لەژێر ناوی گەڕانەوەی حوکمی دەستور چوە ناو قوبرسەوە، پاشان دەرکەوت کە مەبەست لێی داگیرکردنی ئەو وڵاتەیەو کردنێتی بەبەشێک لەو خەیاڵەی گورگە بۆرەکان کاری بۆئەکەن کە ئەویش هەموو خاکی نێوان بەڵقان‌و تورکستانی ڕۆژهەڵات خاوەندارێتی بۆ تورک ئەگەڕێتەوە.

گورگە بۆرەکان هەموو دانوستانێکی سیاسی‌و ناسیاسی لەگەڵ کورد ڕەتده‌كاته‌وه‌، تاکە چارەسەریش بۆ کێشەی کورد لای ئەوان نەمان‌و بونی کوردە کە وەک خۆیان ئەڵێن (بـــــاشــــتــریــــــن کـــــــورد ئــــــــەوەیــــــە کە مـــــــــردوە) واتە هیچ کوردێک باش نییە تا ڕێبکەوی لەگەڵیداو کاتێ کۆتایی بەکێشەی کورد دێت کە وەک نەتەوە بونی نەمێنێ.

هەر ئەوش وایکرد کە لەسەرەتای هاتنەسەر کاری پارتی دادو گەشەپێدان بەسەرۆکایەتی ئەردۆغان‌و کرانەوەیەکی تاکیکی بۆ ماوەیەک بەڕوی کوردا ئەم گروپە واتە گورگە بۆرەکان سەرسەختانە داژایەتی ئەردۆغان‌و پارتەکەیان ئەکرد هەتا ساڵی ٢٠١٨ کە هەردوو پارتی نەتەوەپەرستی "مەهەپە"و دادو گەشەپێدان "ئەکەپە" ڕێکەوتنێکیان واژۆکردو بون بەهاوپەیمان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە ئەردۆغان بوو بەسەرۆکی دەسەڵاتداری تورکیا.

ئەو کارە ناوخۆییە خوێناویانەی گورگە بۆرەکان ئەنجامیانداوە
هێرشکردنەسەر بیرمەندو لیبراڵ‌و ڕۆشنبران‌و چەپەکانی تورکیا بوو لەگۆڕەپانی تەقسیم لەئیستانبوڵ کە بە " ١ی پێنچی خوێناوی" لەوشاره‌ ناسراوە لە ١-٥-١٩٧٧ ئەنجامدرا کە بوە هۆی کوشتنی ٤١ کەس، پاشئەوەی ئەوکارەیان بۆچوەسەر ئیتر پاش ساڵێک لەو  قەسابخانەیە هێرشیانکردوەسەر "عەلەوییەکان"‌و سەدانیان لێکوشتن کە بە"قەسابخانەی مەرعەش"  ناسراوە لەساڵی ١٩٧٨، پاشان هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی پاپای ڤاتیکان (یوحەنا پۆلسی دووەم) ساڵی ١٩٨١ لەڕێگه‌ى یەکێک لەئەندامەکانی گورگە بۆرەکانەوە بەناوی (محەمەد عەلی ئاغا).

دواترو له‌ ٢٨ی ٧ی ساڵی  ١٩٨٨دا هەوڵی تیرۆکردنی "تورگۆت ئۆزال"یاندا کە بەدامەزرێنەری تورکیای مۆدێرن دائەنرێ لەڕێی "کارتال دیمیراغ" ئەندامی گروپی گورگە بۆرەکان، بەڵام سەرکەتونەبون، ئەمەش لەبەر دووهۆکار: هۆکاری یەکەم‌و گرنگ نزیکبونەوەی تۆرگۆت ئۆزال لەکوردو کارکردن بۆ چارەسەری کێشەکەی کە ئەمەش لای تورکەکان کفرێکە‌و لێخۆشبوونی نییە، هۆکاری دوەمیش، سەردانیکردنی ئۆزال بوو بۆ یۆنان تا گرژییەکانی نێوان تورکیاو یۆنان هێوربکاتەوە.

ئیتر لەدوای ساڵەکانی ١٩٨٠وە گورگە بۆرەکان بون بەنەیاری دەسەڵات، دوای ئەوەی کە بون بەخاوەنی زیاتر لە ١٠٠ سەربازگەی ڕاهێنان،  زیاتر لە ١٧٠٠ لق، کە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار ئەندامیان هەبوو ، ئیتر لێرە بەدواوە گورگە بۆرەکان بون بەهێزی سەرەکی وڵات‌و دەسەڵاتدارو بەرپرس‌و دەستیانکرد بەپشێویی نانەوەو تیرۆرکردن‌و توندوتیژی سیاسی لەتورکیا، تیرۆرو کوشتن‌و تەقەکردن لەسەر شەقامەکان بوو بەکارێکی ساناو ئاسان بۆیان.

لەسەرەتای نەوەدەکاندا حکومەتی تورکیا دەستپێشخەری کردو لەبری سزادانی گورگە بۆرەکان بانگیکردن‌و داوای لێکردن کە بەشداربن لەدژایەتی‌و شەڕکردن لەگەڵ کوردو پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئەوکارو مەبەستەی کە کاری سەرەکی‌و دڵخوازو ئامانجی هەموو تورکێکە بەتایبەتی گورگە بۆرەکان، ئیتر لەوەودوا ئەم گروپە بون بەهاوکاری حکومەتە جیاجیاکانی تورکیاو ئەوانیش بۆ شەڕکردن لەگەڵ کورد بەکاریان ئەهێنن.

لەمانگی شەشی ساڵی ٢٠١٦ کاتێك کە پەرلەمانی ئەڵمانیا كۆمه‌ڵكوژكردن‌و جینۆسایدی ئەرمەنەکانی لەسەر دەستی تورکەکان پەسەندکرد، بەشێکی زۆر لەو ئەندام پەرلەمانانەی کە پاڵپشتی ئەو بڕیارەی پەرلەمانیان کرد بوو، بەشێوەی جیاواز هەڕەشەیان لێکرا لەلایەن تورکە نەتەوەپەرست‌و ئەردۆغانچییەکانەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی ١٢ ئەندام پەرلەمان لەژێر چاودێری پۆلیسدا بپارێزرێن، ئیتر لەوکاتەوە ئەندامانی گروپی گورگە بۆرەکان‌و لایەنگرانی ئەردۆغان پێکەوە دەڕژێنەسەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەهەر شتێک دڵخوازی ئەوان نەبێ، بەتایبەتی کاتێك هەوڵی كوده‌تا درا لە٣١ی ٧ی ساڵی ٢٠١٦ دژی ئەردۆغان هەردوو لایەن پێکەوە ڕژانە سەرشەقامەکانی ئەڵمانیا لەشاری کۆڵن لەڕۆژئاوای ئەو وڵاتەو ئیتر بێ ترس‌و شەرم ئاڵاو شیعارەکانی گورگە بۆرەکان بەرزکرانەوە.

لەوەش سەیرتر، هەروەک چۆن ئەردۆغان پشتگیری خۆی بۆ ئێخوانییەکانی میسر دەربڕی‌و چوار پەنجەکەی بەرزکردوە، هەرواش پشتگیری خۆی بۆ گورگەبۆرەکان دەربڕی سێ پەنجەکەی ئەوانیشی بەرزکردەوە، ئەوەش ئەوە ئەگەیەنێ کە ئەردۆغان بێ شەرم‌و بەبەرچاوی کامێراو هەموو جیهانەوە ڕەوای ده‌دات بەکاری ئەو گروپە تیرۆریستیە، فاشییە ناسیۆنالیستەو وەک بەشێک لەسوپاکەی بەکاریان ئەهێنێ‌و چی بوێت پێیان جێبەجێ دەکات.

گرنگە تاکی کورد زۆر هۆشیاربێت‌و نەکەوێتە ئەو تەڵەیەی تورکیاو گورگە بۆرەکان بۆ داگیرکردنی خاکی کوردان دایانڕشتوەو خاوەن ماڵ بکەن بەنامۆ لەسەر خاکی خۆیی‌و هانی ‌هێزە کوردیەکان بدەن بۆ شەڕکردنی یەکتر کە ئەو شەڕە کورد ماڵوێران‌و تورک سودمەندو ماڵ ئاوەدان ئەکات.

سامانی وەستا بەکر
سوید - ستۆکهۆڵم