پلانگێڕییەكانی مالكی بۆ لەكارخستنی سەرۆكی پەرلەمان

عیراق

15/11/2020‌ 2223 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تۆمارێكی دەنگی پەرلەمانتارێكی سونە قەبارەی ئەو هەوڵ و كۆششانە دەردەخات كە نوری مالكی سەرۆكی هاوبەندی دەوڵەتی یاسا لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقیدا خستونیەگەڕ، لە كاتێكدا مالكی لە ئێستادا هەموو پۆستە جێبەجێكارییەكانی لەدەستداون و وەك جارانیش دەرناكەوێت.
 تۆمارە دەنگییەكە هی عەلی سەجری پەرلەمانتارە، لەگەڵ كەسێكی دیكەدا گفتوگۆ دەكات و دەڵێت كە لەگەڵ مالكی ڕێككەوتووە لە ئەگەری لەكارخستنی محەمەد حەلبوسیدا كەسێكی دیكە بۆ ئەو پۆستە دیاری بكەن.

بە گوێرەی ڕێككەوتنی سیاسی نێوان لایەنە عێراقییەكان، دەسەڵات لە عێراقدا دابەش كراوە؛ سەرۆك وەزیر بۆ شیعە، سەرۆكی پەرلەمان بۆ سونە و سەرۆك كۆماریش بۆ كرد.
سەجری ئەوەی ئاشكرا كردووە كە كەسایەتییەكی دیاری شیعەكان جڵەوگیری دیاریكردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی بەدەستەوەیە، ئەمەش پێچەوانەی عورفە سیاسییە پەیڕەوكراوە باوەكەی ئێستایە، خۆ ئەگەر كار بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا لەوانەیە ڕووبەرووبوونەوەی تایەفی و نەتەوەیی لێ بكەوێتەوە.

سەجری لەو تۆمارە دەنگیانەدا دەڵێت لەگەڵ مالكی ڕێككەوتووە كە لە دوای لەكارخستنی حەلبوسی سەرۆكیكی دیكە بۆ پەرلەمان دیاری بكەن، دواتر سەجری ناوەرۆكی ئەو ڕێككەوتننامەی گەیاندۆتە دەستی (بەرەی عێراقی) كە بە مەبەستی لەسەركارلادانی حەلبوسی دروست بووە و لە هەریەك لە ئوسامە نوجەیفی سەرۆكی بەرەی ئینقازی و خەمیس خەنجەری سەرۆكی پڕۆژەی عەرەبی و حزبی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی ڕەشید عەزاوی كە باڵێكی ئیخوانەكانە لە عێراق و حزبی جەماوەر بە سەرۆكایەتی ئەبو مازن جبوری پێكهاتووە، لەو تۆمارە دەنگییەدا سەجری دەڵێت كە سەركردەكانی ئەو بەرەیە ڕەزامەندن لەسەر لەكارخستنی حەلبوسی و گۆڕینی بە كەسێكی دیكە.

سەجری لەو بارەوە دەڵێت: "بە دەق بە مالك- یم گوتووە.. بێ ڕاوێژكردن لەگەڵ تۆدا سەرۆكێكی تازە بۆ پەرلەمان داناندرێت.. ئەوەی تۆش هەڵیبژێرێت ئێمە پێی ڕازین".
هەر لەو تۆمارە دەنگییەدا هاتووە: " بێ ڕەزامەندی مالكی ناوی هیچ پاڵێوراوێك بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان ناخەینەڕوو.. ناوی پاڵێوراوە جێگرەوەكانیش خراونە بەردەست مالكی تاوەكو یەكێكیان هەڵبژێرێت، ئەو هەر كامیان پەسەند بكات ئێمەی بێ سێ و پەسەندی دەكەین".
سەجری لەو تۆمارە دەنگیانەدا باسی لەوەش كردووە كە لەكارخستنی حەلبوسی سەرەتایەكە بۆ لەكارخستنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و دواتریش لەكارخستنی بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار. 
سەجری باس لەوەش دەكات كە لەوبارەوە ڕاوێژ لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كراوە، مەسعود بارزانیش بەو مەرجە ڕازی بووە كە بەرهەم ساڵح لەكاربخرێت.
سەجری لەوبارەوە دەڵێت: لێكتێگەیشتنەكانی نێوان بەرەی عێراقی و دەوڵەتی یاسا لەوبارەوە بەردەوامن و هەردوولا كۆك و تەبان كە هەرسێك سەرۆكەكەی عێراق لەكاربخەن.
 سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكانیش لەوبارەوە دەڵێن كۆششەكانی لادانی حەلبوسی و كازمی و بەرهەم ساڵح پلانێكی ئێرانییە و هەریەك لە توركیا و قەتەر پشتیوانی لێدەكەن، ئامانجیش لەو جوڵەیە بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی ئەمریكی- سعودییە لە عێراقدا.
نوجەیفی و خەمیس خەنجەر پەیوەندییەكی پتەویان لەگەڵ توركیا و قەتەردا هەیە، حزبی ئیسلامی و حزبەكەی ئەبو مازنیش لەژێر هەژموونی ئیراندان كە مالكی سەرپەرشتی دەكات.
مالكی بە سەرسەختترین نەیاری كازمی دادەنرێت، چونكە لە قۆناغی پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا كازمی هەموو داواكارییەكانی دەوڵەتی قانونی ڕەتكردنەوە، لە ماوەی ڕابردووشدا پەیوەندییەكانی مالكی و حەلبوسی تێكچوون، چونكە حەلبوسی پشتیوانی لە یاسای هەڵبژاردن كرد كە فرەبازنەیی لە ناو تاكە پارێزگایەكدا پەسەند كردووە.
ئەو فرەبازنەییە لە تاكە پارێزگایەكدا گرفتێكی گەورەی بۆ مالكی دروست كردووە، چونكە ئەو سیستەمە دەنگی لایەنگرەكانی پەرشوبڵاو دەكات، ئەمەش كاریگەری نەرێنی دەبێت بەسەر ژمارەی كورسییەكانی مالكی لە پەرلەماندا و قەبارەی سیاسی حزبەكەشی بچوكتر دەكاتەوە.
سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە دوا جوڵەی شانشینی سعودیە بە تەرخانكردنی بڕە پارەیەكی زۆر بۆ وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵی عێراقدا، ترسێكی زۆری بۆ ئێران و توركیا و قەتەر دروست كردووە، بۆیە چاوەڕی دەكرێت فشارەكانی سەر هەریەك لە حەلبوسی و كازمی و بەرهەم سالح زیاد بكەن، چونكە پاڵپشت و پشتیوانی ئەو هەوڵ و كۆششانەی سعودیەن لە عێراقدا. 
چاودێران پێیان وایە لێكەوتەكانی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا و نەبوونی بەرچاوڕوونی سەبارەت بە ئاراستەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەرامبەر عێراقدا لە سەردەمی جۆ بایدن، عێراق دەكەنە گۆڕەپانێك بۆ ململانێیەكی توندی هەرێمی، لەگەڵ نزیك بوونەوەی هەڵبژاردنەكانی ئایندەش ئەو ململانێیە توندتر و توندتر دەبێت.
سه‌رچاوه‌: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وه‌رگێران: لوقمان حاجی قادر