شارپرێس:
لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق داوای لەوەزارەتی نەوتی عێراق کردوە بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دانوستان لەگەڵ ڕێکخراوی ئۆپیک بکات، لەحاڵەتی ڕەتکردنەوەی ئەو داواکارییەشدا دەبێت عێراق لەڕێککەوتننامەی ئۆپیک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بێتەدەرەوە،
عەبدولهادی سەعداوی ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی بهمەعلومەى ڕاگهیاندوه، "نرخی ئێستای نەوت لەبازاڕەکانی جیهان ناتوانێت پێداویستییەکانی عێراق بۆ خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران لەبودجەی ساڵی ٢٠٢١ پڕبکاتەوە، هەربۆیە دەبێت هەنگاوی لێبڕاوانە بنرێت بۆ چاکسازی ئابوریو زۆرکردنی داهاتە نا نەوتییەکان".
سەعداوی ئەوەشی وتوە:"ئەگەربێتو عێراق هەر تەنها پشت بەداهاتەکانی نەوت ببەستێت، ئەوە بۆ پڕکردنەوەی خەرجی موچەی فەرمانبەران پێویستی بەوەیە نرخی نەوت بگاتە ٦٠ دۆلار، ئەوە بێ خەرجییەکانی تری دەوڵەت".
ئاماژەی بەوەشکردوە، دەبێت وەزارەتی نەوت ڕێکخراوی ئۆپیک ئاگاداربکاتەوە کە پێویستە عێراق تاڕادەی یەک ملیۆن بەرمیلی تر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی بەرزبکاتەوە، "ئەگەرهاتو داواکەی عێراق ڕەتکرایەوە ئەوە دەبێت هاوشێوەی قەتەر لەڕێککەوتننامە نەوتییەکەی ئۆپیک پڵەس بێتە دەرەوەو چیتر پێیەوە پابەندنەبێت".
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی
