شارپرێس:
حکومەتی یۆنان بەنیازە یاسای کۆچ هەمواربکاتەوە تاوەکو بتوانێت کۆچبەرو پەناخوازی زیاتر بنێرێتەوە، هەروەها خزمەتگوزارییو هاوکارییەکانی کۆچبەران کەمدەکاتەوەو هەنگاوەکانیش خێراتردەکات.
نۆتیس میتاراکیس وەزیری کۆچی یۆنان لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئینفۆمایگرانت دەڵێت:"ئەوە سێیەم هەموارکردنەوەى یاساکە دەبێت لەماوەى 12 مانگی ڕابردودا، هەموارەکە حکومەت زیاتر دەستکراوە دەکات بۆ ناردنەوەى کۆچبەران بۆ وڵاتانی تێپەڕ وەک تورکیا یاخود نیشتمانی خۆیان وەک عێراقو ئەفغانستان".
میتاراکیس دەڵێت:"زۆرێک لەوانهى لەوڵاتی تێپەڕبونی سەلامەتەوە دێن، ئەوان زۆر سەلامەت بون کاتێک هاتون بۆ یۆنان، ئێمە چاو دەخشێنینەوە بەیاساکانماندا، نابێت خەڵکی لەوڵاتێکی سەلامەتی وەکو تورکیا بێت بەرەو یۆنان، ئەوانە دەگەڕێنینەوە".
وەزیری کۆچ دەپرسێت:"ئەگەر کەسێک لەڕۆژهەڵاتەوە (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) بێت بۆ تورکیاو لەوێ هیچ مەترسییەکی لەسەرنەبێت، ئیتر بۆچی بێت بەرەو یۆنان بۆ داواکاری مافی پەنابەری؟".
جەختیکردەوە کە "ئێمە سنورەکانمان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەپارێزین"، ئهوهشى وت:"تەنانەت هەوڵی ناردنەوەى زیاتری کۆچبەرانی ئەفغانستان دەدەین، چونکە زۆر ناوچەی ئەو وڵاتە سەلامەتەو دەکرێت بگەڕێنەوە شوێنەکانیان خۆیان".
میتاراکیس جەختیکردەوە، حکومەت دەیەوێت ڕێکارەکانی وەرگرتنی پەنابەری خێراتر بکاتو ئەوکاتەش کەمدەکاتەوە کە کۆچبەر دەتوانێت لەناوەندەکانی پێشواز بمێنێتەوە.
لهكۆتایی دیدارهكهیدا وتى:"ئێمە ژمارەی وەرگرتنی کەیسەکانی مافی پەنابەریمان کرد بەدوو ئەوەندە، لەمەودوا ئەو کۆچبەرانەى دێنە یۆنان تەنها بۆ چەند مانگێک دەتوانن سود لەخزمەتگوزارییو وەرگرتنی شوێنی نیشتەجێبون ببینن نەک بۆ چەند ساڵێک".
ئەوەش بەمانایەک کە پەناخوازان دوای چەند مانگێک بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکەیان دەدرێتو ئەگەر ڕەتبکرێتەوە بەخێرایی دەگەڕێنرێنەوە بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی هاتون.