شارپرێس:
بەشێک لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل لەزاری سەرچاوە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە ئاشكرایانكردوه، تەلئەبیب دەیەوێت پێش کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپ، بەهاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا (پرۆسەی نهێنیی) دژ بەکۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەبەرن.
کەناڵی "13"ی ئیسرائیلیو ڕۆژنامەی "تایمز"ی ئیسرائیلی باسیان لەوەکردوە، ئهمریكاو ئیسرائیل هەوڵدەدەن لەو چەند هەفتەیەی دۆناڵد ترەمپ لەپۆستەکەیدا ماوە، لەڕێگای پرۆسەی تایبەتەوە گوشارەکان لەسەر ڕژێمی ئێران توندتر بکەنەوە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، هەڵسەنگاندنی ئەو دوو وڵاتە ئەوەیە کە تاران وەڵامی سەربازیی ئەو هەنگاوە ناداتەوە مادام ترەمپ لەدەسەڵاتدایە، بەڵام ڕاپۆرتەکە وردەکاریو ڕونکردنەوەی زیاتری لەوبارەیەوە باسنەکردوە.
ئەو ڕاپۆرتە ئیسرائیلیانە دوای ئەوەدێت لەهەفتەی ڕابردودا ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ى ئهمریكى لەزاری چوار گەورە بەپرسی ئهمریكییەوە گواستییەوە کە ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ لەکۆبونەوەیەکی کۆشکی سپیدا پرسیاری ئەوەی لەگەورە ڕاوێژکارەکانی کردوە کە بژاردەکانی بەردەم وەشاندنی گوزرێکی سەربازی لەبنکە ناوەکییەکانی ئهمریكای بۆ ئامادەبکەن.
لەلایەکی دیكهشهوه میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوەکردوە، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەماوەی ڕابردودا بۆماوەی چەند کاتژمێرێک بەنهێنی سەردانی سعودییەی کردوەو لەوێ چاوی بەمایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئهمریكاو محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییە کەوتوە، تەوەری سەرەکیی کۆبونەوەکەش باسکردن بوە لەبابەتی ئێران.
سەبارەت بەپرۆسە نهێنییەکانی ئیسرائیلو ئهمریكاش دژ بەتاران، ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلی باسی لەئەگەری بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی کۆمپیوتەری بۆسەر سیستەمی کۆمپیوتەری دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران کردوە.
ڕاپۆرتەکە باسی لەوەشکردوە، ئیسرائیل لەکوشتنی هەندێک لەزانا ناوەکییەکانی ئێرانیش تێوەگلاوە، ئەوە جگەلەوەی چەند مانگێک لەمەوبەر کەسی دوەمی ڕێکخراوی قاعیدەی لەشاری تاران تیرۆرکردوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی