عێراق بوه‌ پێشه‌نگى كڕیارى كاڵا ئێرانیه‌كان

عیراق

24/11/2020‌ 1393 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عێراق له‌هاورده‌كردنى كاڵاو شمه‌كى ئێرانیدا پێش هه‌ریه‌ك له‌وڵاتانى (ئیمارات، چین، توركیاو ئه‌فغانستان) كه‌وت‌و بوه‌ یه‌كه‌م وڵاتى كڕیارى كاڵا ئێرانیه‌كان، سەرۆکی بەرژەوەندی گومرگەکانی ئێرانیش ده‌ڵێت:"عێراق پێشه‌نگه‌".

بەگوێرەی لێدوانی مەهدی میراشەرەفی سەرۆکی بەرژەوەندی گومرگەکانی ئێران، لەماوەی هەشت مانگی ڕابردوداو لەنێوان ٢٠ ئازاری ٢٠٢٠  بۆ ٢٠ تشرینی دوەمی ٢٠٢٠، قەبارەی بازرگانی دەرەکیی ئێران ٤٤،٦ ملیار دۆلار بوە کە لەو ماوەیەدا هاوردەی ئەو وڵاتە ٢٣،١ ملیار دۆلار بوەو هەناردەکردنیش ٢١،٥ ملیار دۆلار بوە.

بەگوێرەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران، میراشەرەفی ڕایگەیاندوە، عێراق لەڕیزی پێشەوەی وڵاتانی هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی بوە بەشێوەیەک لەو ماوەیەدا بەبەهای ٥،٣ ملیار دۆلار لەئێرانەوە کاڵاو شمەکی هاوردەکردوە، دواتر چین دێت بەهەمان قەبارە لەئێرانەوە هاوردەی هەبوە، لەپلەی سێیەمیشدا وڵاتی ئیماراتە کە بەبەهای ٢،٧ ملیار دۆلار کاڵای لەئێرانەوە هاوردەکردوە، تورکیاش بەهاوردەکردنی ١،٦ ملیار دۆلار لەپلەی چوارەم‌و ئەفغانستانیش لەپلەی پێنجەمدا بوەو بەبەهای ١،٥ ملیار دۆلار كاڵاو شمەکی لەئێرانەوە هاوردەکردوە.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەشکردوە، لەسەرەتای مانگی ئازارەوە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هەناردەکردن بۆ عێراق به‌بڕیارى حکومەتی عێراق ڕاگیرا، بەڵام لە٢٧ تەمموزەوە جارێکی تر چالاکییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە دەستیانپێکردەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی