خۆپیشاندان له‌ ناسریه‌ ده‌ستیپێكرده‌وه‌

عیراق

04/12/2020‌ 460 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خۆپیشاندان له مه‌یدانی حه‌بووبی‌ له‌ ناسریه‌ ده‌ستیپێكرده‌وه و خۆپیشانده‌ران داوا ده‌كه‌ن قه‌ره‌بووی خوێنی شه‌هیده‌كانیان بكرێنه‌وه‌ و بكوژرانی خۆپیشانده‌ران له‌ سێداره‌ بدرێن و گه‌نده‌ڵكاران سزا بدرێن.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی خۆپیشاندان له‌ ناسریە (سەنتەری پارێزگای زیقار) له‌ گۆڕەپانی حەبووبی ده‌ستیپێكرده‌وه‌ و خۆپیشانده‌ران داوا ده‌كه‌ن قه‌ره‌بووی خوێنی شه‌هیده‌كانیان بكرێنه‌وه‌ و بكوژرانی خۆپیشانده‌ران له‌ سێداره‌ بدرێن.

خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له‌كاتێكدایه‌ ساڵی رابردوو بۆ یه‌كه‌مجار ناسرییەکان لە دژی بێکاری و گەندەڵی راپەڕین، ئه‌وه‌ش یەکەمجار نەبوو ئەو شارە ئاڵای یاخیبوون لە دژی بەغدا و کارنامەی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە بەرز بکاتەوە، بەڵکو ناسریە خاوەنی مێژوویەکی دێرینی ملنان بەملی دەسەڵات و ناڕەزایەتییەکانە. گەنجانی ئەو شارە خۆیان بەقوربانییەکی گەورەی کەڵەکەبوونی ستەمی دەیان ساڵی رابردوو دەزانن، چاویان لە گۆڕانکاری گەورەیە. 

قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بە نوێنەرایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی وڵات چەند رۆژێکە لە شارەکەیە و دەیەوێت خۆپێشاندەران و سەدرییەکان رازیبکات، بەوەی دوای نوێژی هەینی نەڕژێنە سەر شەقام و گۆڕەپانەکانی شارەکە، بەڵام ناسریەکان سوورن لەسەر ئەنجامدانی ئەو کارە و داوای تۆڵەی خوێنی هاوڕێ کوژراوەکانیان دەکەن.

لایه‌نگرانی موقته‌دا سه‌دریش بە مافی خۆیانی دەزانن لە گۆڕەپانەکانی شارەکەدا دەربکەون و پڕوپاگەندە بۆ موقتەدای رێبەریان بکەن. هەموو ئەو دۆخانە، ترسی پێکدادانی گەورەی لە شارەکەدا دروستکردووە، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق هێزی زۆری سەربازیی رەوانەی شارەکە کردووە.