به‌شى دوه‌مى بیره‌وه‌ریه‌كانى به‌هادین نورى چاپكرا

هەمەڕەنگ

07/01/2021‌ 332 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواجار بەشى دووەمى بیرەوەریەکانى مامۆستا بەهادین نورى، بەداخەوە کاتێک لەچاپکردن تەواوبوو خۆى بەهۆى نەخۆشیەوە وەفاتى کردبوو، بۆیە بەداخەوە ئەو ئاوات‌و حەسرەتەى نەهاتەدى کتێبەکەى بەچاپکراوى نەبینیوە.

بەشى دوەم، چاپى یەکەم کە بەزمانى عەرەبى نووسراوە، زیاتر لە ٤٠٠ لاپەرەیە، نووسەر هەوڵیداوە بەگێڕانەوەى بەشێک لەبیرەوەرییە کۆنەکانى، بەتایبەت ئەوەى لەبەشى یەکەمدا فریا نەکەوتوە یان لەبیرکراوە لەبەشى دوەمدا بەشێوەیەکى گونجاو جێگایان بکاتەوەو دەوڵەمەندترى بکات تا خوێنەر بەئاگابێت لەو روداوانەى کە دەکەونە دەرەوەى ئەو بەروارەى بەشى دووەمى بیرەوەریەکانى بۆ تەرخانکردوە.

مامۆستا بەهادین بۆ ماوەى چەند ساڵیک خەریکى نووسین‌و کۆکردنەوەى ئەم بیرەوەریانەى بوو، هەرچەندە تەمەنى چووبوە سەرەوەو نەخۆشى پەکیخستبوو بەڵام خاوەن بیرو مێشکێکى بەتوانا بوو، بۆیە بەشێک لەو رووداوو بەسەرهاتنەى  لێردەدا تۆمارکراوە، زادەى بیرەوەریەکانى رۆژانەى خۆى بوون‌و زیاتر باسى لەو روداوانە کردوە کە لەژیانى سیاسیى خۆیدا بنیونى یان لەنزیکەوە ئاگاداریان بووە.

بەشى دووەمى بیرەوەریەکان لەناوەڕاستى هەشتاکانەوە دەستپێدەکات تا ساڵانى ٢٠١٣ ئەوکاتانەى کە رووداوگەلێکى زۆر ئاڵۆزو کاریگەر بەسەر کوردستان‌و ناوچەکەدا هاتبوو، ئەو لەگێرانەوەى رووداوەکاندا هەوڵیداوە، بەئەمانەتەوە باسیان بکات، لە گێرانەوەى بەسەر هاتەکاندا کەمترین لایەنگیرى پێوە دیارەو هەوڵى داوە خۆى سەنتەرى ناو رووداوەکان نەبێت. بەکورتى مامۆستا بەهادین نورى، بەچەند رۆژێک پێش وەفاتى ئەم دیارییەى بۆ خوێنەران بەجێهێشت، کە بەتاڵى و شیرینیەکانیەوە، بەجوانى ناشرینیەکانیەوە بەشێکن لەرووداوگەڵێک، کە بوونەتە رابردوویەکى دانەبراو لە ئێستامان، چونکە ئەوەى لەو مێژووەدا رویانداوە، تا ئیستا بوونێکى بەهێزیان لەناو کایەى سیاسى و کۆمەڵایەتى ئێمەدا هەیەو باقییە.