رێبوار کەریم: هاوپەیمانیەتى هیوا بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنى داهاتوو جێگاى گفتوگۆیە

ڤیدێۆ

12/01/2021‌ 1358 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێکى هاوپەیمانیەتى هیوای کوردستانی کە دوێنێ دوو شەممە راگەیەنرا رایدەگەیەنێت، هاوپەیمانیەتیەکەیان بەشدارى لە هەڵبژاردنى داهاتوو جێگاى گفتوگۆیە، بەڵام لەئێستادا ئەو هەنگاوەیان تەنیا بۆ کارى پەرلەمانییە لە پەرلەمانى عێراقدا.

رێبوار کەریم ئەندامى هاوپەیمانیەتى هیواى کوردستانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێس ئێوارەى ئەمرۆ سێ شەممە رایگەیاند"لەماوەى رابردوودا وەک گروپی ١٥ کۆمەلێک کارمان پێکەوە کردوە بۆمان دەرکەوتووە کە ئەم بەیەکەوە بوونە جێی دڵخۆشى خەڵکى کوردستان بووەو دەرئەنجامى باشتری دەبێت ئەگەر بەیەکەوە وردترو لێزانانە تر لەفۆڕمێکى تازەدا کاری لەسەر بکەین کە ئەویش ئەم هاوپەیمانیەتییە کە پێکمانهێناوە".

ئەو پەرلەمانتارە جەختیکردەوە، کە پێکهێنانى هاوپەیمانیەتى هیواى کوردستانى ئاڕاستەیەکە بۆ کۆکردنەوە نەک بۆ پەرتکردن، رەتیشیدەکاتەوە کە ئەو ئەندامانەى کە حزبیان هەیە کێشەى بۆ هاوپەیمانیەتیەکەیان دروست کردبێت.

سەبارەت بەوەى هاوپەیمانیەتى هیوا بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو بەردەوام دەبیت و بەشدارى ئەو هەڵبژاردنە دەکات، رێبوار کەریم باس لەوە دەکات، ئەو هەنگاوەى ئێستایان پەیوەندی بە کارى پەرلەمانییەوە هەیە، دەشڵێت" ئەم بابەتە جێگاى گفتوگۆیەو نەمانووتووە هەر نابێت، بەڵام هەنگاوێکە پەیوەندى بە کارى ئێستامانەوە هەیە لەناو پەرلەمان".
دەقى چاوپێکەوتنەکە

س.هـ