بۆ 45 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.. دۆزینەوەی کۆنترین وێنەی کێشراوی ناو ئەشکەوتەکان

هەمەڕەنگ

15/01/2021‌ 1187 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زانا شوێنەوارناسەکان لە ئەشکەوتێکی وڵاتی ئەنیدۆنیزیا کۆنترین تابلۆی کێشراوی ناو ئەشکەوتەکانیان دۆزیوەتەوە کە بریتییە لە وێنەیەک کە ئەوەندەی بەرازێکی کێوی دەبێت و زاناکانیش دەڵێن مێژووەکەی بۆ ٤٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

لای خۆیەوە ماکسیم ئۆبێرت، لە زانکۆی گریفیپ ی ئوستورالیا و زانای بەشدار لە دۆزینەوەکە بە ئاژانسی هەواڵی( AFP)  راگەیاندوە، کە ساران بورهان خوێندکاری دوکتۆرا لە ساڵی 2017 دا ئەو تابلۆیەی لە دوورگەی سولاویسی دۆزیوەتەوە، ئەوەش وەک بەشێک لە توێژینەوەیەکی هاوبەش کە ئەو تیمە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەندەنوسیا ئەنجامیانداوە.

ئەشکەوتی "لینگ تێدۆنگ" دەکەوێتە شیوێکی دووری دەورەدراو بە هەڵدێری بەردین، لەنزیکترین ڕێگاشەوە نزیکەی کاتژمێرێک بەپێ رۆیشتن دوورە، بەهۆی زۆری باران و لافاوەکانیشییەوە تەنیا لە وەرزە وشکەکاندا دەتوانرێت مرۆڤ بۆی بچێت.

قەبارەی تابلۆکە 136 سم × 54 سم ( 53 ئینچ × 21 ئینچ ) ە ، بەرازەکە بە ڕەنگێکی سووری تۆخ وێنە کێشراوە ، پێدەچێت نێرێکی پێگەیشتوو بێت ، لە تەنیشت وێنەکەشەوە دوو پەنجەمۆری دەستی مرۆڤ دەردەکەوێت.

مرۆڤ دەیان هەزار ساڵە ڕاوی بەراز دەکات، ئەوەش تایبەتمەندییەکی سەرەکی کارە هونەریەکانی پێش مێژووی ناوچەکەیە، بەتایبەت لە سەردەمی چاخی سەهۆڵبەنددا.

کۆنترین وێنەی کێشراوی سەر بەرد لەلایەن هەمان تیم لە سۆلاویزی دۆزراوەتەوە کە وێنەکە هی کۆمەڵە مرۆڤ وئاژەڵێکە و دەرکەوتووە تەمەنی 43 هەزار و 900 ساڵە.

 زاناکان دەڵێن وێنە کێشراوانەی ناو ئەشکەوتەکان یارمەتیدەرن بۆ تێگەیشتن لە کۆچە سەرەتاییەکانی مرۆڤبۆ ئەو ناوچانە.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی