شارپرێس:
ئهندامێكی پهرلهمانی كوردستان رایگهیاند، حکومەتەکەی مارک ڕوتە لە هۆڵەندا، وازنامەی خۆی پێشکەش بە پادشای وڵات کرد، ئەوەش دوای ئەوەی دەرکەوت حکومەت لە ساڵانی (٢٠١٣تا ٢٠١٩) بە بڕیارێکی هەڵەی ئیداری داوە کە بووەتە هۆی بڕینی مووچەی نزیکەی نۆ هەزار خێزان و ناچارکردنیان بە گەڕاندنەوەی ئەو هاوکارییە کۆمەڵایەتیانەی وەریانگرتووە، لهئێستاشدا هەمان فەزیحەی هۆڵەندا، بە قەبارەی گەورەتر لە کوردستان هەیە.
عومهر گوڵپی ئهندامی فراكسیۆنی كۆمهڵ له پهرلهمانی كوردستان رایگهیاند: "ئەمڕۆ هەینی، حکومەتەکەی مارک ڕوتە لە هۆڵەندا، وازنامەی خۆی پێشکەش بە پادشای وڵات کرد، ئەوەش دوای ئەوەی دەرکەوت حکومەت لە ساڵانی (٢٠١٣تا ٢٠١٩) بە بڕیارێکی هەڵەی ئیداری داوە کە بووەتە هۆی بڕینی مووچەی نزیکەی نۆ هەزار خێزان و ناچارکردنیان بە گەڕاندنەوەی ئەو هاوکارییە کۆمەڵایەتیانەی وەریانگرتووە بۆ منداڵەکانیان بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنان و نەگەیاندنی بەمەبەستی خۆی کە خزمەتی منداڵەکانیانە".
باسی لهوهشكردووه: بەناو حکومەتی هەرێم، لە مانگی (٨)ی ساڵی (٢٠١٥)ەوە هاوکاری کۆمەڵایەتی زیاتر لە (١٠٠) هەزار خێزانی بڕی بە هەمان تۆمەتی ناشایستەبوون.
عومهر گوڵپی دهشڵێت: ئەوانەی حکومەتی هۆڵەندا مووچەو هاوکاری کۆمەڵایەتی بڕیبوون بریتیبوون لە هاوکاری منداڵان بەبێ ڕەچاوکردنی سەرچاوەی داهاتیان، چونکە هەموو منداڵێک لە هۆڵەندا هاوکاری هەیە بۆ خەرجییەکانی خواردن و جل و بەرگ و پێداویستی تر، بەڵام بەناو حکومەتی هەرێم هاوکاری منداڵانی بێ سەرپەرشتی بڕی، واتە ئەو منداڵانەی باوک یان دایک و باوکیان لە ژیاندا نەماوەو هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە.
رونیشیكردهوه: ژمارەی ئەوانەی لە هۆڵەندا ستەمیان لێ کراوە، نزیکەی نۆ هەزار خێزانن، بەڵام ئەوانەی هەرێم نزیکەی سەد هەزار خێزانن، کە بە هەزارانیان لە منداڵانی بێ سەرپەرشتن.
عومهر گوڵپی ئهوهشی خستهڕوو: بڕی ئەو هاوکارییەی لە هۆڵەندا دەدرێتە هەر منداڵێک لە ( ١٩٨) یۆرۆ دەستپێدەکات تا (٢٨٧) یۆرۆ بەپێی تەمەن بۆ هەر منداڵێکی خێزان، بەڵام بەناو حکومەتی هەرێم ئەو هاوکارییەی دەیدا و ئێستە بڕدراوە تەنها ١٥٠ هەزار دیناربوو، بۆ هەموو منداڵانی خێزانە بێ سەرپەرشتەکە، واتە ئەگەر خێزانەکە پێنج منداڵی بێ سەرپەرشت بوونایە یان یەک منداڵ وەک یەک هاوکارییان وەردەگرت.
سهبارهت بهو هاوكاریهی كه حکومەتی هۆڵەندا بۆ منداڵانی وڵاتەکەی خەرج دەکات دهڵێت: "سەرچاوەکەی ئەو (باج)ەیە کە بەشێوەیەکی دادگەرانە کۆی دەکاتەوە، بەڵام بەناو حکومەتی هەرێم بە داهاتی ئاسان دەستکەوتووی (نەوت)یش هاوکاری منداڵانی بێ سەرپەرشتی وڵاتەکەی ناکات، نەوەک هەموو منداڵان".
ئهو پهرلهمانتاره پێی وایه، "کێشەکە ئەوەیە ئەوانەی هەرێم کاتێک پێیان دەڵێین ئێوە نغرۆی گەندەڵین و شکستتانخواردووە، دەماری لاملیان دەردەپەڕێت و دەڵێن ئێمە زۆرینەمان لە هەڵبژاردنەکان هێناوەو براوەین و دیموکراسیانە لە حکومین، بەڵام حکومەتی دیموکراتیانەی زۆرینەی هۆڵەندا بەبێ فشار خۆی دەست لەکاردەکێشێتەوە و کابینەی حکومەتەکەی بە شایستەی میللەتەکەی نازانێت مادام هەڵەی گەورەی ئیداری کردووەو بووەتە بارگرانی دارایی بۆ ژمارەیەک خێزان".
سهبارهت به گهندهڵی، رونیكردهوه: ئێستە لە حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی لە داهاتی نەوت و قاچاخی و گومرگ بە سەدان کۆمپانیای خۆیان بوونەتە ملیاردێری دۆلار، بەڵام منداڵێکی بێ سەرپەرشت لە داهاتی زەبەلاحی ئەم وڵاتە یەک دیناری پێ ڕەوا نابینرێت، ئەمە بچوکترین جیاوازی حکومەتی هۆڵەنداو ئەو بەڵایەیە کە دوو هێزی دەسەڵات بەناوی (حکومەت)ەوە بەسەر خەڵکدا سەپاندوویانە.