چونى هێزێكى سه‌ربازى له‌هه‌رێمه‌وه‌ بۆ ڕۆژئاواى كوردستان ده‌كرێته‌ مه‌رجى ڕێكه‌وتن

کوردستان

18/01/2021‌ 5124 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی لێدوانی سەرکردەیەکی "پارتی ئایندەی کوردی سوریا" کە بەشێکە لەئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی (ئه‌نه‌كه‌سه‌)، لەچوارچێوەی دانوستانی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی (ئەنەکەسە) لەپێناو سەرکەوتنی دانوستانەکانی نێوانیان سێ مەرجیان بۆ پارتی یەکێتی دیموکراتی (په‌یه‌ده‌) گەورەترین پارتی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردی YNKS داناوە.

عەلی تەمی سەرکردە لەپارتی ئایندەی کوردی سوریا مەرجەکانی ئەنه‌كه‌سه‌ى ئاشکراکردوە کەبەپێی لێدوانی ئەو، "ئەنجومەکە جەختیکردۆتەوە بەهیچ جۆرێک ئامادەنین لەو سێ مەرجە پاشەکشە بکەن".

تەمی ڕاشیگەیاندوە، "مەرجی یەکەمی ئەنەکەسە بریتییە لەوەی دەبێت گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕۆژهەڵاتی فورات جێبهێڵن، دوەمیان گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی نوێ (ده‌ستور) بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بنوسرێتەوەو سێیەم مەرجیش ئەوەیە کە دەبێت ڕێگە بەگەڕانەوەی هێزى ڕۆژ بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بدرێت".

لەچەند ڕۆژی ڕابردودا ئاڵدار خەلیل هاوسەرۆکی پەیەدە لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "یەنی ئۆزگور پۆلۆتیکا" ڕایگەیاندبوو، "ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی دەیەوێت پەیمانی کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوای کوردستان دەستکاری بکرێت، کە ئەوە بەلای ئەوانەوە قبوڵنەکراوە، بەوپێیەی ڕەنگدانەوەی خواست‌و ویستی پێکهاتەکانی ناوچەکەیە".

هەروەک خەلیل لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی هێزى ڕۆژ بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاندبوو، "ئەو هێزانە پێشمەرگە نین، بەڵکو بەکرێگیراوی تورکیان‌و لەئایندەی بواری سەربازیی ڕۆژئاوای کوردستانیشدا هیچ ڕۆڵێکیان پێنادرێت".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی 

بەپەلە