شارپرێس:
لەتورکیا ئافرەتێک دوای ئەوەی ویستی لەڕێگای هێنانی نانی بەیانی بۆسەر جێگای نوستنی هاوسەرەکەی سوپرایزێکی رۆمانسی دروست بکات، بەڵام بەهۆی توڕەبونی پیاوەکەوە بەوەی خەوکەی لێ تێکداوە، سوپرایزەکە بەکارەسات گۆڕا.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی"دەیلی ستار"ی بەریتانی، ڕوقیە کە ئافرەتێکی ٢٣ ساڵە و ویستویەتی لەپێناو دروستکردنی کەشێکی ڕۆمانسی نانی بەیانی بەرێتەسەر جێگای نوستنی هاوسەرە تەمەن ٢٨ ساڵییەکەی، بەڵام ئەو لەبەرامبەر تێکدانی خەوەکەی، ئاوی گەرم بەپشتی هاوسەرەکەیدا دەکاتو توشی سوتانێکی زۆری دەکاتو بەناچاری ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت.
ڕوقیە بەدەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆی تورکیای وتوە، ویستویەتی وەک سوپرایزێکی ڕۆمانسی نانی بەیانی بباتەسەر جێگای هاوسەرەکەی، بەڵام ئەو بەوە زۆر توڕەبوە، بۆیە هەستاوە ئاوی کوڵاوی هێناوەو بەپشتیداکردوەو بەهۆیەوە جلەکانی بەجەستەیەوە نوساوە.
ڕوقیە دەڵێت:"هاوسەرەکەم دوای ئەوەی ئەو کەتنەشی کرد کەچی هیچ گوێی پێنەدامو بەتەنها جێیهێشتومو چۆتە ژورەکەی تر بۆئەوەی لەگەڵ کچەکەی نان بخوات، کە ئەویش بەهۆی ئاوەکەوە کەمێک قاچی سوتاوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەهۆی زۆری ئازاری سوتانەکەیەوە لەهۆش خۆی چوە، بەڵام کاتێک هەستیکردوە هاوسەرەکەی بۆ گەرماوی ڕادەکێشێت بەئاگاهاتوە، بۆیە بەناچاری داوای بەهاناوەهاتنی لەماڵە دراوسێکان کردوەو ئەوانیش پۆلیسیان ئاگادارکردۆتەوە.
هەرچەندە پۆلیس هاوسەرەکەیان دەستگیرکردوە، بەڵام دواتر بەکەفالەت ئازادکراوە، ئەمەش تورەییو بێزارییەکی زۆری لەناو پێگەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتۆتەوە، هەربۆیە بەناچاری پۆلیس جارێکی تر دەستگیریان کردۆتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی