یوسف محەمەد: دەمانەوێت سەرکردایەتى گۆڕان بە هەڵوێستەکانى خۆیدا بچێتەوە

کوردستان

27/01/2021‌ 1160 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق رایدەگەیەنێت کە ئەوان خاوەنی شەرعیەتى گۆڕانن و داواشی لە حزبەکەی دەکات روو بکاتەوە خەڵک و دەنگدەرانی.

یوسف محەمەد سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى ئێن ئاڕتى رایگەیاند" ئێمە خاوەنى بەرنامە سەرەکییەکى گۆڕانین، خاوەنى دەنگى راستەقینەى دەنگدەرانى گۆڕانین، کار بۆ ئەوەش دەکەین متمانەى دەنگدەرەکانى خۆمان بپارێزین کە دەنگیان پێداوین".

ئاماژەى بەوەشکرد، لەگەڵ سەرکردایەتى ئێستای گۆڕان ناکۆکییان هەیە و لەدواى راگەیاندنى هاوپەیمانیەتى هیواش ئەو سەرکردایەتیە مامەڵەیەکى ناتەندروستى کردوە بەرامبەریان، دەشڵێت" ماوەی دوو سێ هەفتە هەندک لە ئۆرگانەکانى گۆڕان خەریکى ئەوە بوون کە لەگۆڕان دەرمان بکەن و چۆن دەرمان بکەن، ئەوەش ناکۆکییەکانى ناو گۆڕانی قوڵتر کردەوە".

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان ئەوەشى خستەڕوو، لەئێستادا هەندێک هەوڵ هەیە بۆ ئەوەى جۆرێک لە گفتوگۆ بێتە کایەوە کە ئەو کارە خراپانەى لە رابردوو کراون چارەسەر بکرێن.

هەروەها یوسف محەمەد باس لەوە دەکات، ئەوان دەیانەوێت جارێکى تر گۆڕان روو لە خەڵک و بەرژەوەندیەکانى خەڵک بکاتەوە، نەک روو لە دەسەڵات و پشت لە خەڵک بکات بەجۆرێک گۆڕان بگەڕێتەوە بۆ دۆخە باشەکەى جارانى خۆی.

هەروەها سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان هیواشى خواست سەرکردایەتى ئێستای گۆڕان پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانى خۆی بکات کە لەئێستادا پەیڕەویان دەکات.

لەدواى کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاو بەدیاریکراوی لەدواى بەشداریکردنى گۆڕان لە کابینەى نۆیەم ناکۆکی و نیگەرانى لەناو ئەو بزوتنەوەیەدا تەقیەوە، ئەوەش بووە هۆی وازهێنان و جیابوونەوەى چەندین بەرپرس و هەڵسوڕاو ئەندامى گۆڕان.

س.هـ

بەپەلە