شارپرێس:
دکتۆر عیمان فەهمی ڕاوێژکاری خۆراکپێدانی چارەسەریی، هۆشداریداوە لەوەی خواردنەوەی چا مەترسییەکی گەورە لەسەر منداڵان دروستدەکاتو دەبێتە هۆی کورتەباڵاییان، ئەوە جگە لەکاریگەرییەکانی لەسەر کارکردنی گورچیلەو جگەرو زیادبونی ژمارەی لێدانەکانی دڵیان.
فەهمی ڕونیکردۆتەوە، خواردنەوەی چا ڕێگریدەکات لەمژینی ئاسن لەلایەن جەستەوە، لەبەرئەوە واباشترە منداڵان بەهیچ جۆرێک چا نەخۆنەوە، ئەگەر هەر ناچاریش بوی بەپێدانی، ئەوە دەکرێت بەتێکردنی ئاو یان شیر ڕەنگی چاکە کاڵبکرێتەوە.
فەهمی ڕونیکردۆتەوە کە لەناو جۆرەکانی چادا، چای ڕەش لەهەمویان بەربڵاوترەو لەسەرتاسەری جیهاندا بەکاردەهێنرێت، کە بەوە جیادەکرێتەوە چەندین تایبەتمەندیی ناوازەی هەیە، بەشێوەیەک یارمەتیی پارێزگاریکردن لەتەندروستیی دڵو مێشک دەداتو سیستەمی بەرگریی جەستە بەهێز دەکات.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەربێتو بەبڕێکی زۆر بخورێتەوە ئەوە زیان بەتەندروستیی دەگەیەنێتو چەندین کاریگەریی لاوەکیی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی