پەرلەمانی كوردستان كەیسی 20 ملیارەكەی سلێمانی و 5 ملیۆن دۆلارەكەی هەولێر زیندودەكاتەوە

کوردستان

02/03/2021‌ 807 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان، نوسراو ئاراستەی داواكاری گشتی دەكات لەسەر دۆسیەیی تەرخانكردنی پێنج ملیۆن دۆلارەكەی  هەولێر وەك پایتەختی گەشتیاری و 20 ملیارەكەی سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری.

ئەمڕۆ لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان كۆبویەوە، سایتی فەرمی پەرلەمانی كوردستان بڵاوی كردەوە لە كۆبونەوەكەدا، گفتوگۆ لەسەر یاداشتی پەرلەمانتارێك تایبەت بە بردنە دەرەوەی شەش ملیار یۆرۆ كراوەو لیژنە بڕیاریداوە نووسراو ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكات بۆئەوەی بەڵگەی پێویست بخرێتەبەر دەستی لیژنەكه‌.

بەشێكی تری كۆبونەوەكە تایبەت بووە بە كەیسی تەرخانكردنی 5 ملیۆن دۆلار بۆ هەولێر وەك پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی و كەیسی 20 ملیار دینار بۆ سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری، لیژنەی دەستپاكی ‌ بڕیاریداوە به‌ئاراستەكردنی نووسراو بۆ سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی سەبارەت بەهەردوو دۆسییەكە.

ساڵی 2013 بڕی 20 ملیار دینار بۆ سلێمانی وەك پایتەختی ڕۆشنبیری تەرخانكرا، بەڵام دوای پێنج ساڵ شێوازی خەرجكردنی دەنگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

كۆتایی مانگی تشرینی یەكەمی 2019 لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمانی كوردستان راپۆرتێكیان لەسەر چۆنێتی خەرجكردنی 20 ملیار دینارەكەی سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری ئامادەكرد بۆئەوەی ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەن.

بەپێی راپۆرتەكە ئەو 20 ملیاردینارە بەشێكی بۆ كاری بازرگانی خەرجكراوە و هیچ پەیوەندی بە بونیادی رۆشنبیرییەوە نەبووە، جگەلەوەش كەسانێك پارە بە ناویانەوە خەرجكراوە بێ ئەوەی ئاگاداربن و نازانرێت پارەكە بە كێ دراوە.

بەهەمان شێوەی 20 ملیارەكەی سلێمانی، گومان لەسەر چۆنێتی خەرجكردنی پێنج ملیۆن دۆلارەكەی هەولێر وەك پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی درووستبووە، مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان دەستی بە دواداچوون كرد لەسەر خەرجكردنی ئەو بودجەیە.

لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەو مەبەستە، سەردانی فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی دەستەی دەستپاكیان كرد لە هەولێر، بۆ ئاگاداربوون لەهۆكاری داخستنی مەلەفی ئەو (پێنج ملێون) دۆلارەی كە بۆ هەولێر تەرخان كراوە وەك پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی، كە سەرباری بوونی تێبینی‌و سەرنج‌و سكاڵا مەلەفەكە داخراوە.

راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، گومانی خستۆتەسەر خەرجكردنی پێنج ملیۆن دۆلارەكەی هەولێر وەك پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی.

بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، بڕی (50 ملیۆن) دینار بەناوی (ژمێریار)ەوە لە بودجەی پایتەختی گەشتیاری لەبانك راكێشراوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەك دەست چاودێری دارایی نەكەوتووە لەبارەی ئەوەی ئەو پارەیە لە چ شتێكدا خەرجكراوە.
هەروەها، (209 ملیۆن) دینار لە بودجەی پایتەختی گەشتیاری لە بانك راكێشراوە بەناوی (ر ص ح) لەجیاتی دانەوەی قەرز بە ناوبراو، بەڵام چاودێری دارایی دەڵێت، هیچ بەراییەكمان نەدۆزییەوە كە بیسەلمێنێ قەرز لە لەناوبراو وەرگیراوە.
بڕی (200 ملیۆن) دینار لە بودجەی پایتەختی گەشتیاری راكێشراوە لەجیاتی قەرزی كۆن بەناوی (م ش)، بەڵام بەپێی راپۆرتەكەی چاودێری دارایی، هیچ بەڵگەیەكیان بەدەست نەكەوت بۆچی‌و بەچی مەبەستێك خەرجكراوە، بڕی (30 ملیۆن) دینار لە بودجەی پایتەختی گەشتیاری لە بانك راكێشراوە بۆ خەرجی پسوڵەكان، چاودێری دارایی هیچ بەڵگەیەكیان بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەم خەرجیانە دەستنەكەوتووە.

بۆ دڵنیابونەوە لە چۆنێتی خەرجكردنی 20 ملیار دینارەكەی سلێمانی و پێنج ملیۆن دۆلارەكەی هەولێر، لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان دەیەوێت ئەمجارە لە رێگەی داواكاری گشتییەوە بەدواداچوون بكات.