پێشبینیده‌كرێت هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق بۆ 2022 دوابخرێت

عیراق

08/03/2021‌ 455 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران پێشبینیدەکات، هەڵبژاردنی پێشوەختە کە وابڕیاره‌ لە10ى 10ى ئه‌مساڵ بەڕێوەبچێت، جارێکی تر لەلایەن حکومەتەوە دوابخرێتەوە، ده‌شڵێت:"پارتە سیاسییەکان بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان هیچ جیدییەتێکیان نییەو هێشتا لەبارەی دانوستان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکان هیچ بیرۆکەیەکیان نییە".


باسم خەزعەل پەڕلەمانتاری سەربەخۆ لەئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران به‌تۆڕی هەواڵی عێراقیی وتوه‌:"کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئامادەنییە هەڵبژاردنەکان لەوكاته‌دا بەڕێوەببات کە بڕیاری لەسەردراوە، بۆیە پێشبینیدەکرێت حکومەت کاتێکی تر بۆ هەڵبژاردنەکان دیاریبکات".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، "کۆمسیۆن نازانێت دروستکردنی هاوپەیمانێتیی نێوان پارتەکان بۆ هەڵبژاردنەکان بەچی شێوازێک دەبێت، لەبەرئەوەی شارەزایی لەوه‌دانییە، جگەلەوەی پارتە سیاسییەکانیش هیچ بیرۆکەیەکی ئەووتۆیان لەسەر دانوستانکردن بۆ پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانێتیانە نییە".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "سستی پارتەکان لەخۆئامادەکردنیان بۆ هەڵبژاردنەکان دەبێتە هۆی دواخستنی پرۆسەکە، جگەلەوەی ئەو خولەی ئێستای پەرلەمان کە ماوە زۆر کورتەو یاسای دادگای فیدراڵیش بەوپێیەی دەقی نادەستوریی تێدایە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی