کێ قسە دەکات و کێ بریار دەدات؟
بەرپرسان و پەرلەمانتاران قسە لەسەر هەموو پرسێک دەکەن کە ئەرکی ئەوان نییە

کوردستان

25/03/2021‌ 1226 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە هەرێمى کوردستاندا لە پاڵ هەموو قەیرانەکانى دیکە ئێستا قەیرانێکى دیکەش خەریکە لە ناو دامەزراوە فەرمییەکانى حکومەت و پەرلەماندا سەر هەڵدەدات کە ئەویش قسەکەر یەکێکەو بریار لای یەکێکى دیکە.

 لەماوەى رابردوودا بەرپرسانى حکومەت و پەرلەمانتاران وتەو لێدوانێک دەدەن کە هیچ پەیوەندیەکیان بە پۆست و بەرپرسیاریەتیەکەى ئەوانەوە نییە، بەڵام وەک خاوەن بڕیارێک قسە لەسەر پرسەکان دەکەن.

لە تازەترین نموونەشدا سەرۆکى لیژنەى پەروەردە لەپەرلەمانى کوردستان باس لە داخستن و کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان دەکات، بەبێ ئەوەی ئەو پرسە هیچ پەیوندییەکى بە ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکەى ئەوەوە هەبێت.

سەرۆکى لیژنەى پەروەردە لە پەرلەمان رایگەیاند: تاوه‌كو سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو ده‌رگاى خوێندنگه‌كان به‌داخراوى دەمێنێته‌وه.

سەبارەت بەو جۆرە پرسانە حکومەتى هەرێم لیژنەیەکى باڵای بۆ رووبەروونەوەى کۆرۆنا پێکهێناوەو کە لە ژمارەیەک لە وەزیرەکان و پارێزگارو سەرپەرشیتیارى ئیدارە سەربەخۆکان پێکهاتووەو مانگانە کۆدەبنەوەو بریار لەسەر دۆخەکە دەدەن.

بەبڕوای شارەزایانى بوارى ئیدارەو بەرێوەبردن ئەم جۆرە دەستوەردان و لێدوان و بریاردانى پێشوەختە لەبری ناوەندەکانى بڕیار بەهۆى نەبوونى سیستەمێکى حکومڕانى شارەزاو دروست و نەبوونى دامەزراوەی نیشتمانییە، لەوەها دۆخێکیشدا هەر کەسەو خۆى بە خاوەن بڕیارو قسەى کۆتایی دادەنێت.

ئەم جۆرە بریاردان و لێداوانە جگە لەوەى کێشەو گرفت بۆ دامەزراوەکانى حکومەت و پەرلەمان دروست دەکات و دەبێتە مایەی سەرئێشە، هاوکات متمانەى دامەزراوەکانى حکومڕانیش لەلای هاوڵاتی لەق دەکات و گومان لەسەر راست و دروستى هەموو بریارێک دروست دەکات.

هەر دواى وتەکانى سەرۆکى لیژنەى پەروەردەو خوێندنى باڵا لە پەرلەمان، ئەندامێکى دیکەى هەمان لیژنە بەپێچەوانەى سەرۆکەکەى لێدوان دەدات و دەڵێت" لیژنەکەیان ئاگاداری ئەو بریارە نییە کە سەرۆکى لیژنە باسى لێوەکردوە، بەڵکو ئەوە کارى لایه‌نى جێبه‌جێكاره‌ باس لەو بابه‌ته‌ بکات.

دوا بەداوای ئەویش بریکاری وەزیری تەندروستی وێرای پشتراستکردنەوەی خراپی دۆخەکە لێدوانی سەرۆکی لیژنەکەی پەرلەمانی ڕەت کردەوەو ڕایگەیاند ئەو بابەتە هێچ پەیوەندی بە پەرلەمانەوە نییە.

لەکاتێکدا هێشتا لیژنەى باڵای رووبەرووبوونەوەى کۆرۆنا کۆنەبووەتەوەو هێشتا پێشنیارو تێبینیەکان لەسەر مێزی لیژنەکە شەن و کەو نەکراون، بەڵام بەرپرسان و پەرلەمانتاران  بریارو پێشبینیى پێشوەختەى خۆیان فڕێدەدەنە ناو کەناڵەکانى راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە.

لەم نێوەندەدا مامۆستایان و خوێندکاران و کەسوکارەکانیان لەنێوان ئەو هەموو فرە لێدوانییە سەریان لێتچێکچووەو کەوتوونەتە گومانەوە کە نازانن ئاخۆ چارەنوسی خوێندنەکەى ئەمساڵیان چی لێدێت و کەی دەچنەوە بۆ ناوەندەکانى خوێندن چۆن فریای تەواو کردنی پرۆسەی خوێندن دەکەون؟

ئەو گۆمەى کە بە بەردەکەى سەرۆکى لیژنەى پەروەردەو خوێندنى باڵا شڵەقا و لێدوان جیاوازی لەسەر دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بەدوای خۆیدا هێنا، وەزیری پەروەدەی ناچاركرد روونكردنەوە بدات و لە درەنگانێكی شەودا، له‌ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند‌، لێدوانى سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ له‌په‌رله‌مانى كوردستان به‌شێكى له‌دواى راگه‌یاندنى مه‌ترسیه‌كانى ره‌وشى كۆرۆنا هاتوه‌و به‌شێكیشى له‌لایه‌ن راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ شێوێنراوه‌و وه‌ك وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ده‌ڵێن: كه‌ قۆناغى 12 به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ خوێندنى ناو پۆل و قۆناغه‌كانى تر په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى ره‌وشى كۆرۆنا.

ئەمە جاری یەکەم و تاکە پرسیش نییە کە بەرپرسانى حکومەت بەم جۆرە مامەڵە دەکەن، بەڵکو ناوبەناو پەیوەست بە بابەتێکی دیاریکراوەوە لە چەند شوێنێکی جیاوازەوەو لەلایەن بەرپرسانی یەکە جیاواز و بگرە دژ بە یەکەکانیشەوە لیدوانی زۆر و زەبەنەدە دەبینرێت کە هەموو ئەمانە ئارامی دەرونی هاوڵاتیان تیکدەدەن و پشێویەکی کۆمەلایەتی و ئیداری دروست دەکەن کە سەرەنجام نیشانەی نەبونی سیستەمێکی ئیداری سەرکەوتوە.

 لە ئێستادا بەرپرسانی باڵای حكومەت و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بەبێ هەبونی زانیاری و تایبەتمەندی هەركە مایكی تیڤییەكان رۆشتە بەردەمیان دەست بە قسەكردن دەكەن و زۆر کاتیش دوای بڵاو بونەوەی لێدوانەکەو دەرکەوتنی کاردانەوەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕایدەگەیەنن کە مەبەستییان لە قسەکان بەو جۆرە نەبوەو لیدوانەکانیان شێواوە، بە کوردیەکەی وەک ئەوەی کە بڵاوە ئەوانیش دەلین وامانزانی رادیۆیە، ئەمەش جۆرێك لە فرە بڕیاری بۆ حكومەت دروستكردووە، دۆخێكی شڵەژاوی بۆ هاوڵاتیان هێناوەتە ئاراوە، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم وتەبێژی فەرمی هەیە و پێویستە هەموو بڕیارو رێنماییەكانی حكومەت لە زاری ئەوەوە رابگەیەنرێت.