شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی هەواڵیی "سایت"، گروپى تیرۆریستی داعش بەفەرمی هێرشکردنەسەر شارۆچکەی بالمای دەوڵەمەند بەغازی سروشتیی لەوڵاتی مۆزەمبیق ڕاگەیاندوەو دهستى بهسهرداگرتوه.
دەزگاکانی ڕاگەیاندن باسیان لەوەکردوە، لەم هەفتەیەدا دەیان کەس بەهۆی هێرشی چەکدارە توندڕەوەکانی سەر بەداعش بۆسەر شاری بالما کوژراون.
پێشتریش بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری مۆزەمبیق ئاشکرایکردبوو، شاری بالما لەباشوری ئەو وڵاتە ڕوبەڕوی هێرشی چەکدارانی داعس بۆتەوەو لەبەرامبەر خەڵکی مەدەنی ناوچەکە لەترسی هێرشەکە ماڵو حاڵی خۆیان جێدەهێڵنو بەرەو ناوچە ئارامەکان دەڕۆن.
لەمانگی ئابی ڕابردوشدا چەکدارە ئیسلامییە توندڕەوەکانی سەر بەداعش دەستیان بەسەر شاری کەناریی "ماسیمبوا دا برایا"ی کەنارییدا گرتو گوندەکانی دەوروبەری شارەکەیان کۆنترۆڵکردو سەری دەیان کەسیان بڕی، بەهۆیەوەشەوە زیاتر لە670 هەزار کەس ناوچەکانیان جێهێشت کە قەیرانێکی مرۆیی لەباکوری مۆزەمبیق لێکەوتەوە.
لەدوای تێکشکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لەهەریەک لەوڵاتانی عێراقو سوریا، لەئێستادا داعش ناوەندی چالاکییو كردهوه تیرۆریستییەکانی بەرەو کیشوەری ئەفریقیا گواستۆتەوەو هەژمونو دەسەڵاتی خۆی لەچەندین وڵاتدا فراوانکردوە، بەشێوەیەک بەشێک لەچاودێران پێیانوایە، ڕەنگە ئەفریقیا ببێتە گۆڕەپانی جێگرەوەی داعشو لەگەڵ ڕێکخراوە جیهادییەکانی تری ناوچەکە بکەوێتە ململانێوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی