شارپرێس:
ئەبوبەکر هەڵەدنى ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى یەکگرتووی ئیسلامى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێس رایگەیاند"ئەم دۆخە مەنگ و چەقبەستووە پێویستى بە گۆڕانکارى و شڵەقانێک هەیە، چیتر فۆڕمى حکومڕانى لەنێوان دوو حزب بێت، پێویستە لایەنەکانى دەرەوەى یەکێتى و پارتى لەدەوری یەک کۆببنەوە، ئەمە دەبێتە هیواو ئومێدێک بۆ خەڵک و قازانجى خەڵک و حزبەکانیشی تێدایە".
سەبارەت بە پێکهێنانى بەرەیەکى سیاسى یان لیستێکى هاوبەشى لایەنەکانى دەرەوەى پارتى و یەکێتى بۆ هەلبژاردنى داهاتوو ئاماژەى بەوە کرد، ئەو گفتوگۆیانە ئێستا هەیە لەنێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانى بەرەیەکى سیاسی بۆ هەڵبژاردن، هیواشى خواست کە ئەو لایەنانە بەیەکەوە بەرەیەک دروست بکەن و چیتر تواناکانى خۆیان بە فیڕۆ نەدەن و خەریکى شەڕی لاوەکی نەبن.
هەروەها ئەندامەکەى پەرلەمانى کوردستان جەختیکردەوە، کە پارتى و یەکێتى لەم وڵاتەدا بەرپرسن لەم بارودۆخەى کەئێستا دروست بووەو دەشڵێت، ئەمڕۆ پارتى و یەکێتى خۆیان بە ئاشکرا دانیان بەوەدانا کە بەرپرسیارن لەم دۆخەی ئیستا دروستیانکردوە.