مەترسییە تەندروستییەکانی خواردنەوەی چای زۆرگەرم

تەندروستی

07/04/2021‌ 571 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زاناکان مەترسییە تەندروستییەکانی خواردنەوەی چایان ئاشکراکردووە کە پلەی گەرمییەکەی 65 پلەی سەدی یان زیاتربێت.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "جمهورییەت"ی تورکی، لەئەنجامی بەداواداچوونی دۆخی تەندروستیی 500 کەس لەماوەی چەند ساڵێکدا، دەرکەوتووە، خواردنەوەی چای گەرم کە پلەی گەرمییەکەی 65 پلەی سەدی‌و بەرەو سەرتربێت، مەترسیی تووشبوون بەشێرپەنجەی قوڕگ زیاددەکات.

پڕۆفیسۆر ویداد گیراڵ پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس دەڵێت:"شێرپەنجە نەخۆشییەکی مەترسیدارەو هۆکاری بۆماوەیی هەیە، بەڵام چەند فاکتەرێکی تریش هەیە دەبنە هۆی درووستبوونی، بەشێوەیەک بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەمدواییە لەڕۆژهەڵاتی تورکیاو چین کازاخستان‌و تاجیکستان‌و ئۆزبەکستان کراون، لەکاتی خواردنەوەی چی گەرم‌و خواردنەوە گەرمەکانی تردا، مەترسیی تووشبوون بەشێرپەنجەی قوڕگ زیاد دەبێت".

وتوشیەتی:"مەترسییەکە زیاتردەبێت ئەگەربێت‌و کەسەکە جگەرەکێش بێت‌و خواردنەوە کحوولییەکانیش بخواتەوە".

ئەو دەڵێت:"ئەگەربێت‌و کەسێکی جگەرەکێش بڕێکی زۆر چای گەرم بخواتەوە، ئەوە مەترسیی تووشبوون بەشێرپەنجەی قوڕگی چەند ئەوەندە دەبێت، ئەگەربێت‌و خواردنەوە کحوولییەکانیش بخواتەوە، ئەوە مەترسییەکە پێنج قات دەبێت".

ئەو پڕۆفیسۆرە ڕێنماییداوە بەوەی چایەک نەخورێتەوە کە نەتوانرێت کوپەکەی بەدەست بگیرێت، لەجیاتی ئەوە چەند خولەکێک چاوەڕێبکرێت‌و دواتر بخورێتەوە، پێویستیش نییه‌ ڕۆژانە لە(3 بۆ 4) کوپ چا زیاتر بخورێتەوە.

گیراڵ هۆشداریشیداوە لەوەی ئاوی زۆر سارد بخورێتەوە، لەبەرئەوەی مەترسیی هەیە ببێتە هۆی برینداربوونی قوڕگ‌و دواتر سەرهەڵدانی نەخۆشیی شێرپەنجە.

ڕوونیشیکردۆتەوە، قورسی قوتدان دیارترین نیشانەی تووشبوونە بەشێرپەنجەی قوڕگ، بۆیە لەکاتی دەرکەوتنی ئەو گرفتەدا دەبێت دەستبەجێ ڕاوێژ بەپزیشکی پسپۆڕ بکرێت‌و پشکنینی پێویست بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە ئەنجامبدرێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی