ئەسەد سەرۆكی فەخری دەبێت
سیناریۆكانی ڕێككەوتنی ئەمریكا و ڕوسیا لە سوریا

جیهان

07/04/2021‌ 2296 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەو ماوەی ڕبردوودا، ڕۆژنامە جیهانییەكان بە گرنگییەكی زۆرەوە باسیان لە ڕێگەچارەی ئاشتی كردووە لە سوریا، هەندێكیان ئاماژەیان بەوە داوە كە هەندێك دەوڵەت بیرۆكەی دامەزراندنی ئەنجومەنێكی یاساكاری (تەشریعی) و یەكیەتییەكی فیدڕاڵیان خستۆتەڕوو.

هەندێكی دیكەیان باس لە سازانێكی ڕوسی – ئەمریكی دەكەن كە لە ژێر پەردەوە ئامادەسازی بۆ دەكرێت بەوەی هەر لایەك هەنگاوێك لەوی دیكە بێتە پێشەوە، واتە ڕوسیا هەنگاوێك و ئەمریكاش هەنگاوێك.

ڕۆژنامەی (پۆپلیكۆ) ی ئیسپانی دوا زانیاری تازە لەسەر ئەم بابەتە ئاشكرا كردووە، بەوەی بە نهێنی و لەژێرەوە كەناڵی گفتوگۆ لە نێوان واشنتۆن و مۆسكۆدا سەبارەت بە چارەسەرێكی ئاشتییانە لە سوریا كراوەن.

ڕۆژنامەی ناوبراو لە ڕاپۆرتێكیدا لەوبارەوە ئاماژەی بەوە كردووە كە دیدارێك لە نێوان جەنەڕاڵ مەناف تەڵاس و بەرپرسانی ڕوسیا سازدراوە بۆ تاوتێكردنی دیدگایەكی تازەی ئەمریكای پەیوەست بە دۆخی سوریا كە لە چەند خاڵێكی سەرەكی پێكدێت، ئەمەش بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان لایەنە ناكۆكەكان كە ماوەی 10 ساڵە بەردەوامە.

هەر بە گوێرەی گوتەی ڕۆژنامەكە خاڵی یەكەمی ئەو دیدگا تازەیە بریتییە لە پێكهێنانی ئەنجومەنێكی سەربازی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات كە بتوانێت ڕۆڵێكی سەرەكی بگێڕێت لە سەپاندنی ئاشتی و ئارامی لە تەواوی خاكی سوریا.

ئەو ئەنجومەنە ئەركی نەهێشتنی دیاردەی چەكداری لە سوریا دەگرێتە ئەستۆ، بەشێوەیەك گروپ و میلیشیاكان لە چەك دابماڵرێن، ئەمەش ئەو خاڵە سەرەكییەیە كە واشنتۆن خستویەتییە بەردەم ڕوسیا.

خاڵی دووەم پەیوەستە بە ئایندەی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد، لە ئێستادا بیرۆكەیەك تاوتوی دەكرێت بۆ هێشتنەوەی ڕژێمەكەی ئەسەد، بەوەی بەشار ئەسەد بۆ ماوەیەكی كەمی دیاریكراو وەك سەرۆكێكی فەخری لە دیمەشقی پایەختدا بمێنێتەوە، لەو قۆناغەشدا سوریا بە سیستەمێكی سەرۆكایەتی بەڕێوە ببرێت.

خاڵی سێیەم باس لە ئایندەی ناوچەكانی باكوری سوریا دەكات؛ چ ئەوەی لە بن دەستی هەسەدە (هێزەكانی سوریای دیموكرات) لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات یان ئەوەی لە بن دەستی توركیا دایە لە باكوری خۆرئاوای سوریا.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی باوەش داوە كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فوڕات بە شێوەیەكی مەركەزی لە لایەن هاوبەندییەكی سیاسی كوردییەوە بەڕێوەدبرێت.

هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەكە باكوری سوریا (خۆرئاوای فوڕات) لە لایەن هاوبەندی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە هەماهەنگی لەگەڵ توركیا بەڕێوەدەبرێت.

ڕۆژنامەكە باسی لەوەش كردووە كە سیناریۆی ئەو ڕێگەچارەیە پێشنیازێكی جێمس جێفری نێردەی تایبەتی  پێشووی ئەمریكایە بۆ سوریا.

ڕاپۆرتەكە باس لەوەش دەكات كە ئەمریكا لەو ساڵانەی ڕابردوودا، چەند جارێك پلانی خۆی سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ ڕژێمەكەی سوریا گۆڕیوە.

ڕۆژنامەكە دەڵێت باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا پێشتر ڕەتیكردۆتەوە چارەنووسی بەشار ئەسەد هاوشێوەی سەدام حوسێن و قەزافی بێت، ئەمەش لەبەر چەند هۆكارێك؛ لەوانە ئەمریكا نەیتوانیوە جێگرەوەیەك بۆ ئەسەد بدۆزێتەوە كە بتوانێت بە باشی بەرژەوەندییەكانی ئیسڕائیل لە ناوچەكەدا بپارێزێت.

لە كۆتایدا ڕۆژنامەكە باسی لەوە كردووە كە باشتر وابوو ئەمریكا و ئیسڕائیل لە بری هەوڵدان بۆ ڕوخاندنی ڕژێمەكەی ئەسەد، پایەكانی حوكمڕانی ئەسەدیان پتەوتر كردبایە، ئەمەش هەمان ئەو تاكتیكەیە كە واشنتۆن لە ساڵانی 1991 و 2003  لە بەرامبەر سەدام حوسێندا پیادەی كرد.

پێگەی ئەلەكترۆنی: تەیف پۆست
وەرگێڕانی: لوقمان حاجی قادر