میسر ژمارەیەک مه‌رجى قورس بۆ توركیا داده‌نێت‌و توركیاش ڕازیه‌

جیهان

12/04/2021‌ 4442 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی میسر بەشێوەیەکی کاتیی هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ڕاگرت، چەند سەرچاوەیەک باسیان لەوەکردووە، لەماوەی ڕابردوودا ئەنكەرە چەند بروسکەیەکی ئاراستەی قاهیرە کردووەو تێیدا ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆئەوەی ئەو نەخشەڕێگایە جێبەجێ بکات کە میسرییەکان وەک پێشمەرج بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان خستوویانەتە بەردەم لایەنی تورکی.


سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، جێبەجێکردنی داواکارییەکانی میسر لەماوەی پێنج مانگدا دەبن‌و دوای ئەوەش مانگانە پێداچوونەوە بەبەندەکاندا دەکرێت، میسرییەکانیش جەختیانکردۆتەوە، هیچ کۆبوونەوەیەکی فراوان‌و ئاستەبەرز لەگەڵ تورکیا ئەنجامنادەن، تاوەکو ئەنكەرە نیازباشی بەرامبەر بەداواکارییەکان پیشان نەدات.

باس لەوەشکراوە، ئەنكەرە لەبرووسکەکاندا جەختیان لەڕێزگرتن لەسەروەری میسرو دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ میسرو وڵاتانی عەرەبی لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنە کردۆتەوە، بۆئەوەش ئامادەییان نیشانداوە بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکان، بەڵێننامەو گەرەنتی پێشکەشبکەن.

سەبارەت بەکشانەوەی گرووپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئەنكەرە لەلیبیاش کە یەکێکە لەداواکارییە سەرەکییەکانی میسر، سەرچاوەکان ڕایانگه‌یاندوه‌، توركیا قاهیرەی ئاگادارکردۆتەوە کە بەپێی خشتەیەکی کاتیی ئەو هێزانە لەلیبیا دەکێشنەوە، بۆئەوەش لەکۆتایی مانگی چواردا شاندێکی ئەمنیی ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکەن بۆئەوەی سەرپەرشتی دەرچوونی ئەو گرووپە چەکداریانە بکەن، لەوڕوەشەوە ئامادەن گەرەنتی بدەنە میسرییەکان.

جگەلەوەی بەپێی ڕێککەوتنی هەردوولا، ناردنی چەکی سووک‌و مامناوەند بۆ لیبیا ڕادەگیرێت‌و بەشێوەیەکی بەردەوام شاندی ئەمنیی هەردوولا پێداچوونەوە بەو بەندەدا دەکەن، هەروەک تورکیا ڕاشیگەیاندووە، پشتیوانی دارایی بۆ گرووپە چەکدارییەکانی لیبیا ڕادەگرێت‌و چاو بەو ڕێککەوتنانەدا دەخشێنێتەوە کە لەگەڵ حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی واژۆی کردوون، بەتایبەت بەو بڕگەو بەندانەی زیان بەبەرژەوەندییەکانی میسر دەگەیەنن.

باس لەوەشکراوە، دۆسیەی بوونی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لەسەر خاکی لیبیا یەکێکە لەداواکارییە سەرەکییەکانی قاهیرەو میسرییەکان بەهیچ جۆرێک ئامادەنیین بوونی ئەو بنکە سەربازیانەی تورکیا قبووڵبکەن‌و دەیانەوێت بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەو بابەتە چارەسەربکەن.

سەبارەت بەپشتیوانیکردنی ئیخوان موسلیمین، تورکیا بەمیسرییەکانی ڕاگەیاندووە، ژمارەیەک لەسەرکردەکانی ئەو کۆمەڵەیە بەڵیننامەی نووسراویان واژۆکردووە کە هەموو جۆرە چالاکییە سیاسییەکانیان لەسەر خاکی تورکیا ڕابگرن، بەشێوەیەک ڕێگە بەهیچ جموجۆڵێکی ئیخوان موسلیمین نادرێت لەسەر خاکی تورکیاوە کارێک بکەن کە ژیان بەئاسایشی میسر بگەیەنێت.

هەروەک ئەنكەرە بڕیاریدا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ئەمنیی لەگەڵ قاهیرە، ژمارەیەک لەکۆمەڵەو کاری خێرخوازیی سەر بەژمارەیەک لەسەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین لەتورکیا ڕابگرێت، ئەو کۆمەڵەو گروپە خێرخوازیانە کاریان کۆکردنەوەی پارەو کۆمەک بووە بۆ پشتیوانییکردنی گروپە توندڕه‌وه‌كان.

ئه‌وه‌ش باسكراوه‌، توركیا پشتیوانی دارایی بۆ ژمارەیەک لەو کەناڵە تەلەفزیۆنیانە ڕاگرتووە كه‌ سەر بەئیخوان موسلیمین بوون‌و لەتورکیاوە پەخشیان کردووە، جگەلەوەی تورکیا کۆتوبەندی بەسەر یەحیا موساو حەلا سەماحی لەتورکیادا سەپاندووەو هەموو چالاکییەکی سیاسیی لێ قەدەغەکردوون، لەکاتێکدا میسر سوورە لەسەرئەوەی دەبێت ئەو دوو کەسە ڕادەستی قاهیرە بکرێنەوە.

ماوەی چەند هەفتەیەک دەبێت تورکیا لەهەوڵدایە بۆئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر ئاسایی بکاتەوەو لەدۆسییە هەرێمایەتییەکاندا هەماهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا درووستبکات، لەبەرامبەریشدا قاهیرە چەندین مەرجی بۆ ئەنكەرە داناوە کەبەپێی ئەوە نابێت ئەو وڵاتە دەستتێوەردان لەکاروباری ناوخۆی میسردا بکات‌و زیان بەئاسایشی نەتەوەیی میسرو جیهانیی عەرەبیی بگەیەنێت.