ئایا هەڵبژاردن لەمساڵدا بەڕێوەدەچێت؟

عیراق

14/04/2021‌ 515 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئامادەیی ئەوەی تێدانییە لەکاتی خۆیدا پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبەرێت، جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەڵێت:"ئیرادەیەکی سیاسیی لای لایەنەکان نییە بۆئەوەی لەئەمساڵدا هەڵبژاردنەکان ئەنجامبدرێن".


باسم خەزعەل پەڕلەمانتاری سەربەخۆ لەئەنجوومەنی نوێنەران لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتویەتی:"کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ناتوانێت پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبەرێت، لەبەرئەوەی کۆمسیۆنەکەش‌و یاساکەش بەشێوەیەکی خێرا دانراون‌و ئەو دادوەرانەی کراونەتە سەرپەرشتیاری کۆمسیۆن سەرکەوتوونەبوون لەئیدارەدانیدا، بۆیە لەکاتی پرۆسەکەدا هەڵەی گەورە روودەدات".

خەزعەل ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، ئاستەنگی گەورە لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی داهاتوودایە، بۆیە هەرچەندە ماوەی کۆتاییهاتنی ئەو خولەی پەڕلەمان نزیکە، "بەڵام پێدەچێت هەڵبژاردنەکان جارێکی تر دوابخرێنەوە".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ بەها ئەعرەجی جێگری پێشووی سەرۆک وەزیری عێراق لەبارەی دەرکردنی مەرسومی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ دیاریکردنی ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراق لێدوانیداوەو گومانی خۆشی پیشانداوە بەوەی هەڵبژاردنەکان لەمساڵدا بەڕێوەبچن.

ئەعرەجی لەتویتێکدا لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتویتەر نوسیویه‌تى:"لەدوای دەرچوونی مەرسومی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە10ى 10ى ئه‌مساڵ، ئێمە بەرامبەر بەتەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکانین".

بۆ ئه‌وه‌ش پرسیارى كردوه‌و ده‌ڵێت:"بەڵام ئایا ئیرادەیەکی سیاسیی لای هەموو لایەنەکان هەیە بۆئەوەی هەڵبژاردنەکان ئەنجامبدرێن؟".

لەبەرامبەریشدا عیسام فەیلی شرۆڤەکاری سیاسیی لەقەبارەی ئەو مەترسیانەی کەمکردۆتەوە کە باس لەگریمانەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەکەن‌و ڕایگەیاندووە، "ئەو مەترسیانە بەشێکن لەسرووشتی کاری  سیاسیی‌و ئەو نیگەرانییە بەردەوامەی لەوڵاتدا هەیە".

فەیلی جەختیشیکردۆتەوە، "سەرەڕای ئەو مەترسیانەی باسدەکرێن، دەبێت هەڵبژاردنەکان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچن، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی دەرکردووە".