شارپرێس:
ئاژانسی بۆشاییگەری ئهمریكی ناسا دەڵێت، "گالیسکەی "پارکەر" کە لەئابی ساڵی 2018وه بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەچینی دەرەوەی خۆر ڕەوانەکراوە، توانیویەتی خۆی بگەیەنێتە نزیکترین خاڵ لەخۆرەوەو دوو ژمارەی پێوانەیی نوێ بشکێنێت".
ئاژانسە ئهمریكییەکە باسی لەوەکردووە، گالیسکەی پارکەر خێراترین تەنە تائێستا درووستکرابێت، بەشێوەیەک خێراییەکەی دەگاتە 532 هەزار کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا، بەوەش ئەو ژمارە پێوانەییەکەی پێشووتری شکاند کە هەمان گالیسکە تۆماری کردبوو خێراییەکەی گەیشتبووە 393 ههزارو 44 كیلۆمهتر بوو لەکاتژمێرێکدا.
گالیسکەی پارکەر توانیوتی تا مەودای 10.4 ملیۆن کیلۆمەتر لەخۆرەوە نزیک ببێتەوە کە پێشتر هیچ گالیسکەیەکی تر بەو ئەندازەیە نزیکنەبۆتەوە، بەوەش ژمارەی پێوانەیی پێشووتری شکاند کە پێشتر خۆی تۆماریکردبوو گەیشتبووە مەودای 18.6 ملیۆن کیلۆمەتر نزیک لەخۆرەوە.
ئاژانسەکە باسی لەوەکردووە، هیچ تەنێکی تری دەستکردی مرۆڤ نەگەیشتۆتە خێرایی گالسیکەی پارکەری سەر بەئاژانسەکەیان، کە گالیسکەیەکی بچووکەو ئەوەندەی ئۆتۆمبێلێکی بچووک دەبێتو دەتوانێت بەرگەی سووتان بگرێت.
بەپێی داتاکان ئاژانسی ناسای ئهمریكی، لەکۆتایی مانگی نیسانی رابردوودا گالیسکەی پارکەر دوو ژمارەی پێوانەیی نوێی تۆمارکردووە.
باس لەوەشکراوە، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، گالیسکەکە تا مەودای شهش ملیۆن کیلۆمەتر لەخۆرەوە نزیکدەبێتەوەو ئامانج لەڕەوانەکردنی لێکۆڵینەوە لەچینی دەرەوەی خۆر، واتە خەرمانەکەیەتی.
و: ئاکۆ ئاڵی