کاردانەوەکان بەردەوامن
سەرۆکی هەرێم لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوەدایە

ڕاپۆرت

10/05/2021‌ 1738 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تا دێت کاردانەوەکانی دۆسییەی سزادراوانی بادینان زیاتر دەبن، لە ئاستی ناوخۆدا فشارەکان زیاتر و لە ئاستی دەرەوەشدا دۆسییەکە سنوری هەرێمی کوردستانی بڕیوە و داواش دەکرێت کونسڵ و نوێنەری وڵاتان بە هەوڵێکی جددیترەوە دەستێوەردان لە دۆسیەکەدا بکەن.

لە دوای چەند مانگێک لە دەستگیرکردنیان، لە شوباتی ئەمساڵدا دادگای هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر بەشێک لەو سزادراوانەدا سەپاند کە لە بادینان و بە تۆمەتی جیاواز دەسگیرکراون و ئێستا بە سزادراوانی بادینان ناودەبرێن.

بڕیارەکەی دادگای هەولێر دوای ئەوە هات کە مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پێش دادگا کەوت و دەستگیرکراوەکانی بە سیخور و پیاوی وڵاتان ناوبرد و ڕایگەیاند هەوڵی تێکدانی ئاسایشی کوردتسیان داوەو تۆمەتی تیرۆری خستە پاڵیان، کە ئەمە بوە جیێ سەرنجی چاودێران و ناوەندە سیاسی و یاساییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چۆن دەبێت سەرۆکی حکومەت پێش بڕیاری دادگا تاوانی لەو جۆرە بداتە پاڵ چەند کەسێک؟

بریارەکەی دادگا هەر لە سەرەتاوە کاردانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا و بەشێکی زۆر لە چالاکوان و ڕۆژنامەنوسان و تەنانەت بەرپرس و پەرلەمانتارانیش بڕیارەکەیان بە نادادپەروەرانە وەسفکرد و بە بڕیارێکی سیاسییان زانی، داواشیان کرد پێداچونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت، لە بەرامبەردا حکومەت و دادگا ئەو جۆرە هەڵوێستانە بە هەوڵی کەمکردنەوەی ڕۆڵی دادگاکان و دەستێوەردان لە دەسەڵاتی دادوەریی دەزانێت.

دواتر و بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانەوە، دادگای تێهەڵچونەوە بە پەسەندکردنی سیان لە ئەندامەکانی، بڕیارەکەی دادگای هەولێری لە بارەی دۆسیەکەوە پەسەند کرد، ئەمجارە کاردانەوەکان خێراتر و تا ڕاددەیەک بەهێزتریش بوون.

لە ئاستی ناوخۆدا پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی گرژترکرد و لێدوانی پەرلەمانتاران و بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتی و ڕاگەیەندراوێکی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە، بە تۆمەتبارکردنی سەرۆکی حکومەت و پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەستێوەردان لە دۆسییەکە، پارتی ناچارکرد لەڕاگەیەندراوێکدا و ڕاستەوخۆ بە یەکێتی بڵێت ئەگەر دۆسییەکە بکەیتە بانگەشەی هەڵبژاردن ئەوا زۆر شتی دیکە هەیە کە پارتیش باسیان بکات.

بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانیش ڕویان لە سەرۆکی هەرێمە و دەیانەوێت نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت و بە لێبوردنێکی تایبەت سزادراوەکان ئازاد بکات.

لە ئاستی دەرەوەشدا دوای تۆمەتبارکردنیان بە بونی پەیوەندی سزادراوەکان لەگەڵ کوسڵخانەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا لە هەولێر، بەخێرایی ئەو دوو وڵاتە هاتنە سەر هێڵ و کوسوڵخانەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت سەروەری یاسا لە دۆسییەکەدا ڕەچاو بکرێت و کوسوڵخانەی ئەڵمانیاش ڕایگەیاند، هەر لە سەرەتاوە دادگاییکردن و بڕیاری دادگا کەموکورتیی گەورەی هەبووە و بێ مانایە.

نوسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەداش لەهەولێر لە تویتێکدا نیگەرانی وڵاتەکەی بەهۆی  سزادانى رۆژنامەنووس و چالاکوانان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.

هاوکات ڕێکخراوی سی پی تی نێودەوڵەتی کە ڕێکخراوێکی بوارەکانی مافی مرۆڤە، ڕایگەیاندووە، بڕیارەکەی دادگا سەلمێنەری ئەوەیە کە ڕۆژنامەنوسان ‌و چالاکانی بادینان بەگوێرەی یاسا و چەسپاندنی دادگەری سزا نەدراون، بەڵکو بەپێی بڕیاری سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان سزادراون.

کاردانەوەکان هەرچی و هەرچۆن بن، ئێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمیان خستووتە بەردەم زیاد لە بژاردەیەک، یان لە ژێر فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندان کە بەشێکی لە لایەن کونسوڵی وڵاتان لە هەرێم خراوەتە سەری، دەسەڵاتی خۆی وەک سەرۆکی هەرێم بەکاردەهێنێت و لە دژی ئەو بڕیارە دەوەستێتەوە کە حزبەکەی و بە دیاریکراوی ئامۆزاکەی پێ تۆمەتبار کراوە، یاخود بەرگەی هەموو فشارەکان دەگرێت و بە بێدەنگی قۆناغەکە تێدەپەڕێنێت و گرەو لەسەر هیلاکی و کۆڵدانی نەیارەکانی بڕیارەکەی دادگای هەولێر دەکات.

ڕەنگە چیدی دەرفەتی ئەوە نەمابێت سەرۆکی هەرێم خۆی لە بابەتێکی وەهادا بێ لایەن بهێڵێتەوە، یان دەبێت لێبوردن دەربکات و سزاکە هەڵبوەشێنێتەوە کە ئەمەش دەبێتە هۆی قوڵبونەوەی ناکۆکیەکانی لەگەڵ موسرور بارزانیدا یان ئەوەی بڕیارەکە واژۆ بکات وئەو چاوەروانییە ئاوەژو بکاتەوە کە چاودێران و ڕۆژنامەنوسان و چالاکان چاوەرێی  دەکەن وەک کەسێکی مەدەنی و سیاسیەکی نەرم مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات.