دوو بنه‌ماڵه‌ حوكمڕانه‌كه‌و سێره‌ى ئه‌وروپا
زانكۆى ئه‌مریكى زانیارى گرنگ ئاشكراده‌كات

کوردستان

12/05/2021‌ 6993 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواى بڕیاره‌كه‌ى دادگاى پێداچونه‌وه‌ى هه‌ولێر بۆ سزادانى چالاكان‌و ڕۆژنامه‌وانان، جارێكى دیكه‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌وێته‌وه‌ نێو سێره‌ى ڕۆژنامه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان‌و باس باسى دوو بنه‌ماڵه‌ حوكمڕانه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌ كه‌ چۆن له‌وڵاتێكى پڕ خێرو بێردا حوكمڕانى ده‌كه‌ن، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ى دادو بێدادیانه‌ به‌ده‌ست قورسى ژیانه‌وه‌و خه‌ڵكیش له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ چى به‌سه‌ردێت.


ڕۆژنامه‌ى فاینەنشاڵ تایمزى به‌ریتانى ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، حكومەتی هەرێم هەوڵەكانی بۆ چەوساندنەوەو گێچەڵكردن بەدەزگاكانی ڕاگەیاندن‌و ڕۆژنامەنوسان چڕكردوەتەوە.

ده‌مانچه‌یان خستۆته‌سه‌ر سه‌رى
ڕۆژنامه‌كه‌ چیرۆكى بێبه‌زه‌ییانه‌ى ده‌زگا ئه‌منیه‌كانى پارتى بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ به‌به‌رچاوى هاوسه‌رو منداڵه‌كانیه‌وه‌، شێروان شێروانى ڕۆژنامه‌نوسیان په‌لبه‌ست كردوه‌و ده‌مانچه‌یان خستۆته‌سه‌ر سه‌رى.

پێش بڕیارى دادگا بارزانى چى وت؟
به‌گوێره‌ى ئه‌و ڕاپۆرته‌ى فاینەنشاڵ تایمز بڵاویكردۆته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌خودى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم كردوه‌ له‌كه‌یسى شێروان شێروانى‌و هاوڕێكانیدا كه‌ ڕاسته‌وخۆ بێ ڕاگه‌یاندنى بڕیارى دادگا، بارزانى بەجاسوس بۆ وڵاتانی دەوروبەر تۆمەتباریكردون.

ته‌نها ڕه‌خنه‌یان گرتوه‌
لەمانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2020، شێروان شێروانی‌و چوار له‌هاوڕێكانى دەستگیركران، وه‌كو پارێزه‌ره‌كانیان باسیان كردوه‌، خاڵی هاوبەشی ئەو ڕۆژنامەنوسانە ڕەخنەگرتن بووه‌ لەپاشەكەوت‌و دواكەوتنی موچەو پشگیریی خۆپیشاندانه‌ ناڕه‌زاییه‌كان له‌سنورى بادینان‌و هه‌رێم به‌گشتیی.

ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنجه‌ لاى ڕۆژنامه‌ به‌ریتانیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، پێشئەوەی لەمانگی یەكی ئەمساڵ شێروانى‌و هاوڕێكانى دادگایی بكرێن، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەپرێس كۆنفرانسێكدا ئاشكرایكرد، "گیراوەكان چالاكوان‌و ڕۆژنامەنوس نین، هەندێكیان جاسوسن‌و جاسوسیان لەبەرژەوەندی وڵاتانی تر كردووە".

ئه‌وه‌بوو دواى په‌یامه‌كه‌ى بارزانى، شه‌ش چالاكوان‌و ڕۆژنامەنوسەكه‌ى بادینان دادگاییكران‌و ڕاسته‌وخۆ تۆمەتی جاسوسی‌و هەوڵدان بۆ شێواندنی ئاسایشى هه‌رێمیان درایه‌ پاڵ‌و بەسزای شەش ساڵ زیندانیكردن سزادران.

دوو بنه‌ماڵه‌ ڕابه‌رایه‌تى ده‌كه‌ن
هه‌روه‌ك به‌شێكى دیكه‌ى ڕاپۆرته‌كه‌ باسى ناڕه‌زاییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى كردوه‌ له‌به‌رامبه‌ر نادادیه‌كان‌و ئه‌وه‌ى ڕونكردۆته‌وه‌، "تاوانباركردنی ئەو پێنج كەسە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە كە پێنج ملیۆن كەسی تێدا دەژیت، ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بەنەوت‌و لەڕۆژئاواوە پارتی بەڕابەرایه‌تى بنەماڵەی بارزانی‌و لەڕۆژهەڵاتیشەوە یەكێتی بەڕابەرایه‌تى بنەماڵەی تاڵەبانی بەڕێوەده‌برێت‌و ئه‌وه‌ش چەندین ناڕەزایی نێودەوڵەتی به‌دواى خۆیدا هێناوه‌".

ئه‌ڵمانیا چى وت؟
بڕیارى دادگاو نادادیه‌كانى ژیانى خه‌ڵك به‌شێكى دیكه‌ى ڕاپۆرته‌كه‌یه‌و تێیدا ئه‌وه‌ هاتوه‌، "ناڕەزاییەكان بەشێوەیەكی بەرچاو لەهەفتەی ڕابردوه‌وه‌ دروستبوون كاتێك دادگای تەمیز بڕیاری كۆتایی لەبارەی زیندانییەكانه‌وه‌ دا، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا حكومەتی هەرێم جەخت لەسەربەخۆیی دادگاكان ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لەهەرێمی كوردستان ڕەخنە لەبڕیاری دادگا گرت‌و جه‌ختیكرده‌وه‌، "كۆبونەوەی ڕۆژنامەنوسان لەگەڵ كونسوڵی ئەڵمانیا كارێكی دیبلۆماسییانەیەو بەشێكە لەچالاكییەكانی ڕۆژانە، هه‌ربۆیه‌ سزادانی ڕۆژنامەنوسەكان بەتۆمەتی كۆبونەوە لەگەڵ كونسوڵخانە كارێكی بێمانایەو زیان بەپەیوەندی هەرێم‌و ئەڵمانیا دەگەیەنێت".

مێگان چۆن باسى ده‌سه‌ڵاتدارێتى هه‌رێم ده‌كات؟
مێگان كۆنێڵی كه‌ ئەمریكیه‌و شارەزایه‌ لەپرسى كوردستان نه‌یشاردۆته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ماوەی 30 ساڵە حكومەتی هەیە، بەڵام ئەم نەوەیە لەدەسەڵاتداران هەوڵی دەسەڵاتخوازی دەدەن‌و ئەو بۆچونەیان وەلاناوە كە دیموكراسی گرنگییەكی هەبێت.

دوو حزبه‌كه‌ به‌پاوانخواز ناویان برایه‌وه‌
هه‌ردوو حزبى ده‌سه‌ڵاتدارى هه‌رێمى كوردستان جارێكى دیكه‌ به‌پاوانخواز ناوبرانه‌وه‌و ڕۆژنامه‌ به‌ریتانیه‌كه‌ نوسیویه‌تى:"پارتی 45 كورسی لەكۆی 111 كورسی پەرلەمان هەیەو پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەت لای بنەماڵەی بارزانییەو هەردوو حزبیش لەساڵی 2000كانەوە دەیانەوێت دەسەڵاتی خۆیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سامانە سروشتی‌و داهاتە ناوخۆییەكانی هەرێم بەكاربهێنن‌و لەڕێگەی پارەو پۆستەوە خەڵكی بۆ حزبەكانیان زیادبكەن".

زانكۆى ئه‌مریكى له‌سلێمانى زانیارى گرنگ ئاشكراده‌كات
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ڕاپۆرته‌كه‌ پشتى به‌توێژینه‌وه‌یه‌كى زانكۆى ئه‌مریكى (له‌سلێمانى) به‌ستوه‌ كه‌ له‌ساڵى 2020دا داهاتى نه‌وتى هه‌رێم چوار ملیارو 500 ملیۆن دۆلار بوه‌و له‌و بڕه‌ش ته‌نها له‌29%ى بۆ حكومەت گەڕێندراوەتەوە.

بۆچى زۆربه‌ى خه‌ڵك كران به‌موچه‌خۆر؟
زیاتر له‌یەك ملیۆن كەس لەكوردستان موچەی حكومەتی هەیە واتا لەپێنج كەس كەسێك موچەخۆرە، لەسەرەتای سەدەی 21یشدا سەركردەكان بۆ ئەوەی پشگیریی بۆ حزبەكانیان كۆبكەنەوە خەڵكێكی زۆریان دامەزراندوه‌.

"ئاسایشی هەرێم بەدرێژكراوەی دەزگا سەربازییە هەواڵگرییەكان دەبینرێت"
هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ پرسى داهات‌و نه‌وت، باس له‌ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان كراوه‌و بۆ ئه‌وه‌ ڕاشكاوانه‌و ڕاسته‌وخۆ نوسیویه‌تى:"ئاسایشی هەرێم بەدرێژكراوەی دەزگا سەربازییە هەواڵگرییەكان دەبینرێت كە مەسرور بارزانی بۆ ماوەی 10 ساڵ سەرۆكی بووە، هێزەكان دڵسۆزی پارتی‌و یەكێتین".

هاوسه‌ره‌كه‌ى شێروانى بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌مه‌ى وت
بۆ ئه‌وه‌ش هاوسه‌ره‌كه‌ى شێروان شێروانى ده‌ڵێت:"چەندینجار هەوڵدراوە لەڕێگای پارەوە شێروانی بێدەنگ بكرێت، بەڵێنی ئەوەی پێدراوە لەشاری خەونەكان كە پڕۆژەیەكی 300 ملیۆن دۆلارییە لەشاری هەولێر، خانوی پێبدرێت بەس بۆ ئەوەی لەنوسینەكانی بوەستێت".