جەنگ ڕاوەستا
رق نەوەستا

مەلەفی تایبەت

22/05/2021‌ 877 جار خوێندراوه‌ته‌وه

7ى ئایاری 2021، خولێکی دیکەی جەنگ، لەنێوان ئیسرائیل‌و بزوتنەوەی حەماس هەڵگیرسایەوە، پاش 14 ڕۆژ لەکوشتارو ماڵوێرانی، لە21ى ئایارى 2021 ئەم خولەی جەنگ کۆتاییهات، ئەوەی جەنگی بردەوە سیاسییەکانن، ئەوەشی جەنگی دۆڕاند، هاووڵاتی‌و هاونیشتیمانی هەردوو بەرەی بەشەڕهاتووی ئیسرائیل‌و فەڵەستینە، وەک لەم گۆتارە شیکارییە ئاماژەی پێدەکەین.

جەنگ چۆن هەڵگیرسا؟!
ڕۆژی 6ى ئایاری 2021 دادگای باڵای ئیسرائیل، داوای جێبەجێکردنی بڕیاریکی دادگای وڵاتەکەی دەرکرد، سەبارەت بەدانیشتوانی موسڵمانی گەڕەکی شێخ جەڕاح، داواکارییەکەی دادگاش ئەوەیە کە دەبێت موسڵمانانی دانیشتوی ئەو گەڕەکە، لەماڵەکانیان دەربچن‌و بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوچە کۆنەکەی ئۆرشەلیم – قودس، بکشێن، واتە دەبێت ماڵیان چۆڵ بکەن بۆ ئیسرائیلییەکان.

ڕۆژی 7ى ئایاری 2021و لەپاش نوێژی شێوان، پۆلیسی ئیسرائیل لەگەڕەکی شێخ جەڕاح بڵاوە پێکران، ڕووەو مزگەوتی قودس ڕەوانەکران، بەهۆی دروستبونی گرژیی‌و ئاڵۆزی نێوان پۆلیس‌و نوێژخوێنان، نزیک بە 205 نوێژخوێن برینداربوون.

ڕۆژی 10ى ئایار توندوتیژییەکان سەریان کێشا بۆ پاککردنەوەی مزگەوتی قودس لەموسڵمانان، بەو هۆیەوە 331 کەس برینداربوون، لەنێویاندا حه‌وت ڕۆژنامەنوس‌و وێنەکارو کارمەندانی فریاگوزاری سەرەتایی هەبوون، کەتائیبەکانی قەسام، داوایان لەسوپای ئیسرائیل کرد، هەتا 6:00ى بەیانی هەمان ڕۆژ، لەگەڕەکی شخ جەڕاح بکشێتەوە، ئەگەر ئەو داوایە جێبەجێنەکرێت، ئەوا گرژیی‌و ئاڵۆزییەکان بەرەو ئاراستەی شەڕی سەربازی هەنگاو پێدەنێن.

بەهۆی بەهەند وەرنەگرتنی داواکەی کەتائیبەکانی قەسام‌و بڵاوەپێکردنی سوپاو پۆلیسی ئیسرائیل لەو گەڕەکەو دەوروبەری مزگەوتی قودس، کەتائیبەکان قەسام‌و بزوتنەوەی حەماس، موشەکبارانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلی کرد، بەجۆرێک توانییان لەماوەی 48 کاتژمێری سەرەتا 1050 ساروخ، ڕووەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل ئاراستە بکەن، هەمان ڕۆژ 11ى ئایاری 2021 بەهۆی تەقاندنی فیشەک لەلایەن سوپای ئیسرائیل، لەشاری للد، کەسێک کوژراو هه‌شتى دیکەش برینداربوون، هەمان ڕۆژ لەشارەکانی حەیفاو یافا شەڕ لەنێوان سوپای ئیسرائیل‌و خۆپیشاندەران هەڵگیرسا.

زیانی ئەو جەنگە چەند بوو؟!
لەڕووی مرۆڤایەتییەوەو بەهۆی موشەکبارانکردنی بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بەتەنها 12 کەس ژیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا پێنج سەربازو نۆ مەدەنی هەیە، لەهەمانکاتدا 336 کەسی دیکە برینداربووە، بەڵام لەلایەن فەڵەستین‌و موسڵمانانی ئەو ناوچەیە، 232 کەس کوژراوە، 65 کەسیان منداڵن‌و هەزارو 900 کەسی دیکەش برینداربوون، ئەوەش بەهۆی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، بەهەزاران خانوو خاپورکراوەو خەڵکیکی زۆریش ئاوارەو بێلانە بوون.

زیانە ئابورییەکانی ئەو جەنگە
تێچووی ئەو جەنگە، لەنێوان دەوڵەتی ئیسرائیل‌و بزوتنەوەی حەماس جیاوازە، بەوپێیەی ئیسرائیل توانیویەتی پێشکەوتوترین بۆمبەکانی سەربازیی‌و تەکنەلۆژیای جەنگ بەکاربهێنێت، هەربۆیە خەرجی ئیسرائیل لەو جەنگە، مەزەندە دەکرێت بەدوو ملیارو 500 هەزار دۆلار، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل سیستەمی زیرەکی تەقاندنەوەی بۆمبی بەکارهێناوە، بۆ تەقاندنەوەی هەر بۆمبێک لەئاسمان 50 بۆ 100 هەزار دۆلار تێچوو بووە، بێجگە لەدرۆن‌و فڕۆکەی زیکزیکەی ئاسمانی‌و هێزی ئاسمانی‌و مانگە دەستکردەکانی کە بەشداری ئەو شەڕەبوون، زیانێکی زۆری ئابوری بەوڵاتەکەشی گەیاندووە، لەڕووی بیناو گەشتکردن‌و ڕاوەستاندنی جوڵەی ئاسمانی‌و وشکانی‌و بازرگانی، بەوەش نزیک بەدوو ملیارو 500 هەزار دۆلار خەرجی ئەو 14 ڕۆژەی جەنگ بووە، بەراوبەر بەوەش حەماسی فەڵەستین 300 ملیۆن دۆلاریان لەو جەنگەدا خەرجکردووە، بەڵام مەزندەکردنی زیانەکانی ژێرخانی ئابوری خاپوور بوون‌و داڕمانی باڵاخانەکانی فەڵەستین بەملیۆنان دۆلار مەزەندە دەکرێت، وەک میدیا عەرەبییەکان باسیدەکەن‌و دەڵێن "شەش هەزار خانوو یەکەی نیشتەجێبوون زیانی بەرکەوتووە"، ئەو زیانەش بەخەرجی لێکەوتەکانی جەنگ هەژمار دەکرێت.

ئێران جەنگی بردەوەو تورکیاش شیڕاندی...
لەڕووی سیاسی‌و سەربازییەوە، ئێران ڕۆڵی بەرچاوی گێڕِا لەو جەنگە، بەجۆرێک توانیی هاوکارییەکانی خۆی بۆ بزوتنەوەی حەماس بگەیەنێت، هەربۆیە ئەو بزوتنەوەیەش توانی ساروخی عەیاش یەک، بەکاربهێنت، لەهەمانکاتدا بەو ساروخە گومەزی ئاسینی ئیسرائیلی بڕی، بەجۆرێک، وەک میدیا ئیسرائیلییەکان وتیان "لە 40 کاتژمێردا، 1050 ساروخی کەتائیبەکانی قەسام بەڕووی ئیسرائیلدا تەقێندراوە، هەندێک لەوانە گومەزی ئاسنینی بڕیوەو کەوتونەتە نێو خاکی ئیسرائیل"، بەڵام تورکیای هاوپەیمانی ئیسرائیل، لەڕێگای ئەردۆگانی سەرۆکییەوە، بەردەوام هاواری بوو دەیشڕاند "ئیسرائیل دەوڵەتێکی تیرۆریستە"، ئەمەش لەکاتێکدایە، کە لەساڵی 1996وە ئیسرائیل‌و تورکیا، هاوپەیمانی یەکترن بۆ تەکنەلۆژیای سەربازی، تەنانەت لەڕفاندنی سەرۆک ئاپۆ لەنایرۆبییەوە بۆ تورکیا، ئیسرائیل لەڕێگای موسادەوە، هاوکارێکی باشی تورکیا بوو، لەهەمانکاتدا لەتەکنەلۆژیایی سەربازی و هێرشی تورکیا بۆ سەر قەندیل، ئیسرائیل هاوکاری باشی تورکیایەو گرێبەستیان هەیە لەو بوارەدا، بەوەش تورکیا بەتەنها خۆڵی کردە چاوی موسڵمانان و ئێرائیش ساروخی کردە چاوی ئەو جەنگەوە، هەر بۆیە ئێران جەنگی لەتورکیا بردەوە.

لەڕووی دیبلۆماسییەوە میسڕ جەنگەکەی بردەوەو توکیاو وڵاتانی عەرەبی دۆڕان...
میسر نێوەندگیرکاری ئەم جەنگە بوو، چەناڵی العربیە دەڵێت: سەرچاوەیەک لەکۆشکی سپی پێیڕاگەیاندوین "ئەمریکییەکان 80جار پەیوەندی تەلەفۆنییان لەگەڵ ئیسرائیل گرتووە بۆ وەستاندنی جەنگ، بەڵام ئیسرائیل ئامادەنەبوون ئەو جەنگە ڕابگرن"، بەراوبەر بەوەش میسرییەکان لەیەککاتدا لەگەڵ ئیسرائیل‌و حەماس کۆبونەوە بۆ ڕاگرتنی جەنگ، میسرییەکان لەوەدا سەرکەوتوبوون، لای خۆشییەوە سەرۆکی ئەمریکا بایدن ڕایگەیاند: سەرۆکی میسر (سیسی)، پێیڕاگەیاندوم، (ناتانیاهۆ)، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئامادەبوون جەنگ ڕابگرن، بەراوبەر بەوەش حەماس‌و لایەنە بەشەڕ هاتووەکانی بەرەکەی دیکەی جەنگ، قبوڵیانە جەنگ ڕابگرن"، ئەم هەوڵەی میسر سەرکەوتنێکی گەورەیە بەسەر ڕکەبەرکارەکەی تورکیا لەنێو جیهانی ئیسلامی، تەنانەت سەرکەوتنێکی گەورەیە بەسەر هاوبەشە زمانەوانییەکانیان وڵاتانی عەرەبی، بەوەش میسر لەلای وڵاتانی خوازیاری ئارامی وەک ئەوروپاو ئەمریکاو ئیسرائیل‌و فەڵەستینییەکانیش خۆشەویست بوو، بەوەش بوو بەبراوەی ئەم جەنگەو بەسەر ڕکەبەرکارەکانی سەرکەوت.

جەنگ ڕاوەستا، ڕق نەوەستا..
جەنگی 14 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل‌و فەڵەستین ڕاوەستا، ئەوەی کە نەوەستاوەو ماوەتەوە، ئەو ڕقە زۆرەیە کە لەنێوان نەتەوەی ئیسرائیل‌و عەرەب لەلایەک‌و موسڵمان‌و جولەکە لەلایەکی دیکەو وڵاتانی ئیسلامخوازو زایۆنیزم لەلایەکی دیکە بوونی هەیە، ئەم ڕقە زۆرە لەنێوان دوو بەرەی دژبەیەکی دینی ئیسلام‌و یەهودییەت، لەسەردەمانێکی دورودرێژەوە هاتووە بۆ ئەمڕۆ، چارەسەری ئەم جەنگە نەکردەیەو بوونی نییە، چونکە ڕیشەی ئەم جەنگە لەنێو دوو دینی جیاوازدایە، هەمیشەو لەپاش ڕاوەستاندنی جەنگ، براوە سیاسییەکان‌و دەوڵەتانی بەرژوەندیخوازن، ماڵوێرانی‌و نەهامەتییەکانیش، بۆ مرۆڤەکانن کە کەوتونەتە نێو بەرداشی جەنگی ئەو دوو بەرەیە لەسەر ئەو خاکەی کە جەنگی لەسەر هەڵدەگیرسێنن‌و هەریەکە بەخاکی پیرۆزی خۆیانی دەزانن، هەمیشە جەنگ ڕادەوەستێت، بەڵام ڕقی ئەو دوو بەرەیە ڕاناوەستێت کە ساڵانێکی زۆرە بوونی هەیەو خوێنی زۆری بۆ خۆی بردوە، دەبێت دەرئەنجامی هەموو جەنگێکی نێوان ئەو دوو بەرەیە، بەم خاڵە گرێبدەینەوە بۆ خولێکی دیکەی جەنگی داهاتووی ئەو دوو بەرەیە.

زمناکۆ ئیسماعیل