دەستور وەک ڕێکخەری کۆمەڵگە یان سەپاندنی دەسەڵات

کوردستان

05/06/2021‌ 998 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ماوەیەکە پرسی نوسینەوەو ئامادەکردنی دەستور لەلایەن پەدەکەوە بوەتە ڕۆژەڤێکی گەرم، لەکاتێکدا باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراوەو حکومەتی ھەرێمی کوردستان! بوەتە ڕوپۆشێکی یاسایی بۆ ئەو داگیرکاریە. دەوڵەتی تورک باڵادەستەو کۆمەڵێکی زۆر بارەگای سیخوڕی بنکەی سوپایی لەھەرێمی کوردستان جێگیرکردوەو ھەرچی زیاتر پانتایی داگیرکاری‌و ژمارەی سەربازگەکانی زیاتر دەکات، ھێزە چەکدارەکانی حکومەتی ھەرێم‌و حیزبەکانیش، لەزۆر جێگەدا بارەگاو سەربازگەکانی دەوڵەتی تورک دەپارێزن. دەوڵەتی تورک بە ھێزێکی گەورەی سوپاییەوە ھێرشی سەر باشوری کوردستان دەکات و دەیەوێت ھێزەکانی پاراستنی گەل پاکتاو بکات، لەدژی ھەر دەسکەوتێکی کوردان لەشەڕو ھێرشدایە بە ئامانجی لەناوبردن و سڕینەوەی. لە کەشێکی لەم شێوەیەدا کە شەڕێکی وێرانکەر ھەیەو پەدەکەش لەڕوی خۆسەپاندنەوە خۆی کردوەتە ھێزی سەربازی یەکەم و دەستی بەسەر ھەموو بوارەکاندا گرتوەو ھەرچی ناڕەزایەتی کۆمەڵگەو ھێزە سیاسیەکانە لەڕێگەی زەبرو زەنگ و کوشتارەوە بێدەنگ دەکات ودام و دەزگاکانی حکومەتی ھەرێمیشی بەیاساو دادوەریشەوە خستوەتە خزمەتی ئەو خزمەتەی داگیرکەریەی دەوڵەتی تورکەوە.

لێرەوە ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، دەستور بۆچی و لەپێناوی چیدا؟ لەم کاتە ناھەموارو داگیرکراویەدا، بۆچی دەستور کراوەتە ڕۆژەڤ؟ وە ئایا دەستور بۆچی دەنوسرێت؟ چۆن دەنوسرێت؟ کێ و چ لایەنانێک دەینوسن و بەشدارن لەنوسینەوەیدا؟ ئایا دەستور لەژورە داخراوو تاریکەکاندا دەنوسرێت؟ ئایا دەستور حیزبە دڵخوازەکانی ڕێککەوتوو لەسەر شتەکان دەینوسن؟ یان دەبێت دەستور کۆمەڵگە بەھەموو پێکھاتە و بەشەکانیەوە بینوسن و بەشداربن تێیدا. ئەگەر دەستور ڕێکخستنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانە! ئەوا کۆمەڵێک پرسیاری تر سەردەردێنێت. ئایا دەستور لەپێناوی چیدا دەنوسرێت؟ ڕۆڵی پێکھاتە کۆمەڵایەتیەکان تەنیا ئەرێنی کردنە؟ یان بەشداری کردن و بڕیارداریە؟ ئایا ئالیەتی جێبەجێکردنی دەستور چیە و کێ زامنی بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنیەتی؟ ئامانجی دەستور چ پێناسەیەک بۆ دەوڵەت، حکومەت، خودی دەستور، یاسا، دیموکراسی، سیستەمی سیاسی، خۆبەڕێوەبەری، ھاوڵاتیبوون، ھاونیشتیمانی بوون، پارت و حیزب و ڕێکخستنەکان، ژن، گەنج، پێکھاتە ئەتنیکی و نەتەوەییەکان، نەتەوەو یەکیەتی نەتەوەیی.

•پەیوەندیە گشتی و تایبەتەکان لەدەستوردا چۆن ڕێکدەخرێت
 پەیوەندیەکانی ئەو ئامانجەی لەدەستوردا دیاریدەکرێت، لەگەڵ دەوڵەت و حکومەتەکانی کە کوردستانی بەسەردا دابەشکراوەو کوردانی تێدا دەژین، پەیوەندی حیزب و دام ودەزگاو ھەربەشە لەگەڵ یەک و ھەموان پێکەوە. پەیوەندی بە ماف و ناسنامەی سیاسی و ئازادیەکان، ڕاگەیاندن،وەرزش، خوێندن و زانست، گۆڕەپانەکانی خزمەتگوزاری و ژینگە، ژن، ڕەگەزو ئایین‌و ئاینزا جیاوازەکان، پاراستن،  ڕێکخستنی پەیوەندیە ناوخۆیی و ھەرێمی و جیھانیەکان؟ ھەموو ئەوانە ئەو چەمک و تێگەیشتن و پرسیارانەن کە پێویستە دەستور لەسەریان بوەستێت‌و وەڵامیان بداتەوەو ئامانجەکانیان دیاریبکات.

ئایا لەم دۆخی دەستبەسەرداگرتن‌و خۆسەپاندنەدا، دەستورێک بەناوەرۆکێکی سیاسی، دیموکراتیک‌و نەتەوەییەوە دەنوسرێت کە سیستەمی حوکمڕانی‌و خۆبەڕێوەبەڕی و ماف و ناسنامەی پێکھاتە جیاوازەکان دەستەبەر بکات؟ ئایا ئەو دەستورە دەتوانێت، پەیوەندیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی ھاوسەنگ داڕێژێت، کەدوربێت لە سەپاندن و قۆرخکردن و لەم دۆخەدا نەبێتە ھاوکار بۆ پرۆسەی داگیرکاری دەوڵەتی تورک و لێدان لەدەسکەوتە نەتەوەیی و دیموکراتیکەکانی کوردو گەلانی ناوچە؟ ئایا نابێتە ھێزی جێبەجێکەری لێدان لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان و شەنگاڵ وتەنانەت دەسکەوتەکانی گەلی باشورو حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش، ھەموو ئەو ڕێککەوتنە قێزەونانە لەڕوی یاساییەوە ئەرێنی ناکات و ئێراق پارچەناکات و ھەرێمی کوردستان دانابڕێت لە ئێراق و لە دواییشدا بەھێزی ئەو دەستورە نایخاتە سەر دەوڵەتی تورکیاو ئامانجی دەوڵەتی تورک لە گێڕانەوەی ویڵایەتی موسڵ بە بەدیھێنانی خەونی میساقی میللی مسۆگەرو ئەرێنی ناکات؟. ھەموو ئەوانە پێویستیان بە ھەڵوێستە لەسەر کردن و بەشداری کاریگەرو ڕاستەوخۆی کەسانی پسپۆڕی یاسایی و دیموکڕاتیک و نەتەوەیی ھەیە، پێویستیان بەبەشداری تاک بەتاکی کۆمەڵگەو پێکھاتەکان و پارت و حیزبە سیاسیەکان و ڕوانگە جیاوازەکان ھەیە.

• دەستور دەبێت چۆن بنوسرێتەوە
 پێویستە دەستور لە کەشێکی کراوەی کۆمەڵایەتی و ئازاددا بنوسرێت و ئەرێنی بکرێت. دەبێت دەستورێک بێت نەرم و دیموکراتیک و ئاسۆ فراوان بێت. کە ببێتە بناغەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتی دیموکراتیک. کەنەک ھەر مافی مرۆڤ، بەڵکو مافی گیانداران، ئاژەڵان، زیندەوەران و سروشتیشی تێدا نوسراوو پارێزراو بێت. دەبێت زامنی جێبەجێکردنی دەستور، ڕازی بونی ھەموو ئەوانەبێت کە ھەن و جێبەجێی دەکەن. ئەگەر ھەر پێکھاتەیەک یان بونێک مافی تێیدا پارێزراو نەبوو، مافی ئەوەی تێدا مسۆگەربکرێت کەبتوانێت مافی خۆبەڕێوەبەری و پاراستنی خۆجێی جێبەجێبکات.

بەھۆکاری ئەوەی کۆمەڵگەی کوردستان و باشوری کوردستان وەک پێشتر نیە، پێویستە ئەو دەستورەی دەنوسرێت بەگوێرەی ھەلومەرجی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری و پاراستنی ئەمڕۆ بنوسرێت. ئەویش:

•یەکەم- پەیوەندی دەوڵەت – کۆمەڵگەیە. دەوڵەت پشت بەسیستەمی باڵادەستی و قۆرخکارو پەیوەندی چینایەتی دەبەستێت و چینە دەوڵەمەند و باڵادەستەکان بە بناغە دەگرێت. ھەرچی کۆمەڵگەشە پشت بە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و ناسنامەی جیاواز دەبەستێت و جیاوازیە چینایەتیەکان وەرناگرێت و ھەرچی زیاتر ھەوڵی کاڵ کردنەوەو پوچکردنەوەی دەدات. سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و پێکەوەژیان بەبنەمادەگرێت  دەستور، یان باشتر بڵێین ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتیە چۆن ئەو پەیوەندیانەی دەوڵەت – کۆمەڵگە و سیستەمی خۆبەڕێوەبەری پێناسە دەکات و دەیانناسێنێت.

•دووەم- شێوەی ئابوری کۆمەڵگەیە. ئایا سیستەمی بەرھەمھێنانی ئابوری سەرمایەداریە، کەلەسەر قازانج دامەزراوە؟ یان ھەرەوەزیە؟ ھەروەھا چۆنیەتی ڕێکخستنی ئەو سیستەمەو ئابوری کۆمەڵایەتی. 

•سێھەم- پاراستنی ڕەوا، بەھۆی ئەوەی سیستەمی دەوڵەت ھەیەو ئەویش پشت بە سوپاو دەمودەزگاکانی خۆی دەبەستێت، چۆن پێناسی سوپا و ھێزی سەربازی دەکرێت و ڕێکدەخرێت؟ وە کۆمەڵگەش لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا، پشت بە ھێزی پاراستنی خۆجێی دەبەستێت، ئەم پەیوەندیانە چۆن ڕێکدەخرێن و بەڕێوەدەبرێن؟.

• چوارەم- دیموکراسی و دادپەروەری، بەھۆی ئەوەی کۆمەڵگەی باشور وەک بەشێک لەکۆمەڵگەی ئێراقی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و موزائیکێکی فرەی کلتوری و جیاوازی تێدایەو ھەموو ئەو پێکھاتانەش بۆئەوەی ناسنامەو مافی ھەبونی خۆیان پارێزراو بێت. دەبێت لەدەستوردا بناسرێن و ماف و ئازادیەکانیان لە دیاریکردنی چۆنیەتی ژیان و ڕێکخستنیان، پەیوەندیەکانیان دانی پێدا بنرێت و بناسرێت. بەوە دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدیدێت کەھیچ دەسەڵات، پێکھاتەو یاسایەک نەبێتە ئاستەنگ لە ئاستی ناسنامە دیموکراتیکەکاندا. لێرەوەیە کە چەمکی توندو تیژی گۆڕی گوم دەکات و ئارامی، ئاسایش و دادپەروەری کۆمەڵایەتی باڵ بەسەر کۆمەڵگەدا پەخش دەکاتەوە.

لەباشوری کوردستان دوو شێوە لە بەڕێوەبردن ھەیە. یەکیان حکومەتی ھەرێم و ئەویتریان خۆبەڕێوەبەری شەنگاڵە. ئەم دەستورە چۆن دەتوانێت، لەنێوان ئەم دوو بەڕێوەبەریەدا ھاوسەنگی ڕاگرێت و بەویژدانەوە ڕێکیان بخات و پەیوەندیەکانیان دیاری بکات و ماف بەپێکھاتەکانی تریش بدات ھەرکات ویستیان سیستەمی خۆبەڕێوەبەری، یان ھەر سیستەمێکی دڵخوازی خۆیان دامەزرێنن، ئەرێنی بێت و توشی کاردانەوەی نەشیاوو دور لەپرەنسیپی دیموکراتیک نەبنەوە. حکومەتی ھەرێم لەڕوی دەستوڕی و یاساییەوە لەدەستوری عێراقدا دانی پێدانراوەو وەک ناسنامەیەکی نەتەوەیی ناسێنراوە کەلەسەر ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کوردە. ئێستە ئەم حکومەتی ھەرێمە دەستی بەسەرداگیراوەو کراوەتە موڵک و دەسکەوتی حیزبی باڵادەست ( پەدەکە) و چەند حیزبێکی تر کەلە ھەناوی ئەم حیزبەوە پەیدا بوون. ئەم دەستورە بەم حیزبە قۆرخکارانە چۆن دەنوسرێت و چۆن چارەسەری ئەو دەست بەسەرداگرتنە دەکەن. وەچۆن ئەو دەستورەی دەینوسن چارەسەری دەستاودەستکردنی دەسەڵات و حکومەت دەکات. ئایا زۆرینەی ھەڵبژاردن، شێوەیەکی تەندروستی بەڕێوەبردنە! یان وەک ئەزمونی سی ساڵی پێشوو شێوەیەکە بۆ ڕەواییدان بە دەسەڵات و مانەوە لەسەرکورسی و درێژەدان بە نەھامەتی و ھەژاری ودزی و گەندەڵی و گرتن و کوشتنی دەنگی جیاوازو ناڕازی، ڕەواییدان بەباڵادەستی.

• کێن ئەوانەی دەستور دەنوسن
کاتێک بمانەوێت قسە لەدەستور و نوسینەوەی دەستور بکەین، دەبێت ئەولایەنەناش ڕون بێت، کە ئەو دەستورەی دەنوسرێت، چینێک یان ھێزێکی سیاسی بەگوێرەی خۆی دەینوسێت یان بەگوێرەی ھەبونە کۆمەڵایەتیەکان؟ ئەودەستورە، دەستورێکی نەرمە یان ڕەق و توندوتیژە؟ دەستور بۆخۆی کۆمەڵێک یاساو پرەنسیپی لەسەر ڕیککەوتوە لەنیوان پێکھاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا. ململانێ و ھاوکێشەی ھێزی نێوان پێکھاتە جیاوازەکان و چینەکان چۆنیەتی ئەو دەستورە دیاریدەکات. تەنانەت ململانێی نێوان پێکھاتە چینایەتیەکانی چینێکیش دەوری لە داڕشتن و نوسینەوەی دەستوردا ھەیە، چ بگات بە پێکھاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە. ئەگەر ئەو دەستورەی دەنوسرێت، گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نەبێت و بەدیدێکی کراوەی بینینی حەقیەقەتی کۆمەڵایەتی – سروشتی – گەردونی نەبێت و ڕاستیە گەردونیەکان – سروشتی و کۆمەڵایەتیەکان نەبینێت ھەرگیز دەستورێکی تەندروست و نەرم نابێت و لەسەر ئینکاری حەقیقەتی سێیانەیی ڕاوەستابێت بەمردویی لەدایک دەبێت و ئامانجی تری لەپشتە. بۆیە دەستورێک ئەگەر ڕاستینەی کۆمەڵایەتی سیاسی لەبەرچاو نەبێت، ئەوا زۆربەی پێکھاتە کۆمەڵایەتیەکان ڕەتی دەکەنەوەو ڕەوایەتی پێنادەن.

• دستور دەبێت ڕەگەزی ژن تێیدا بەشدار بێت
بەپێی ئەو دەنگۆیانەی لەسەر دەستور ھەیە، دەستورێکی پیاوانەیە. مافی بەشداری کردنی ژن حسابی بۆنەکراوە، بەڵکو ڕێژە بۆژن دیاریکراوە، وەک بەخشینێک لەلایەن پیاوەوە. ھیچ حسابێک بۆژن وەک ڕەگەزی بەرامبەر و تەواوکەری پیاو نەکراوە، کەلە گفتوگۆکان، بەشداریەکان، مافەکانی خۆڕێکخستنی ڕەگەزی، بەشداری لەھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیەکان و خۆپاڵاوتنی سەربەخۆدا بەشداری بکات. تەنانەت ژنان ئەوەندە ئاستەنگیان بۆدروستکراوە، بەسیستەمی کۆتا یان ڕازاندنەوەی پێگەکان لەسەر ناوی دیموکراسی درۆزنانە بەشداریان پێدەکرێت لە پۆست و دابەشکردنەکانی حیزبەکاندا. پێویستە ئەم دەستورە ئەو ئاستەنگیانە بشکێنێت و ژنانیش بەشداریەکی ڕاستەوخۆیان لەگفتوگۆو داڕشتنەکاندا ھەبێت. ئەوە بۆ گەنجانیش ڕاستە، بەوپێیەی گەنجان خاوەنی تواناو وزەیەکی ھەبون. پێویستە بونیان وەک توانای گەنج و ئەو وزە زیندوە ئەژمار بکرێت کە گفتوگۆی چۆنیەتی بەڕێوەبەری ئەو وزەو دەستپێشخەریەیان ھەبێت، کەنەک پیاوو پیرەکان شێوەکەیان بۆ دیاری بکەن کە گیرۆدەکردن و شکاندنی تواناکانیانە. بەڵکو خۆیان بەپێی پێوستی تواناکانی گەنج پێداویستیەکانیان لە ئاستی بەڕێوەبەری و بەرزکردنەوەی تواناکانیاندا بەشداری بکەن.

کۆمەڵگەی باشور ئەو کۆمەڵگەیە نیە کە چەند حیزب و پارتێک بتوانن لە قاڵبی بدەن و بەرگێکی بەبەردا بکەن کەلەسەر یەکڕەنگی و پارتی گەورەو دەنگدەری زۆر بەڕێوەبڕوات. بەڵکو کۆمەڵگەیەکی سیاسیە - ئەخلاقیە کەلەدەرەوەی سیستەمی دەسەڵات، شێوەیەکی تری ژیان – سیاسەت و ڕێکخستن نیشاندراوە. کۆمەڵێک نەتەوەو پێکھاتەی تر، پارت و ڕێکخستنی تر، سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەری و پاراستنی تر خۆیان نیشانداوەو لە ھەناوی کۆمەڵگەی کوردیدا ململانێ لەگەڵ ھێڵی داگیرکەر، قۆرخکار، تەسلیمیەتدا دەکات و دەیەوێت ئەو سیتەمە فراوان و بەجێبکات کە بە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و پێکەوەژیان و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک دەناسرێت. بۆیە ئەو سیستەمە کار بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی چارەسەری ناکۆکیەکان و پێکەوەژیان دەکات. دەوڵەمەندیەکی کە لە ناچەکەدا ھەیە، تەنیا بەھی مرۆڤەکان و لەناویشیدا بەھی چینێکی مرۆڤەکانی نازانێت. بەڵکو بە بەرھەمی سروشت و گەردونی دەزانێت و مرۆڤیش وەک یەکێک یان بەشێک لەزیندەوەران مافی ھەیە سود لە دەوڵەمەندیەکانی سروشت – گەردون وەربگرێت، بەبێ ئەوەی زیانی پێبگەیەنێت. بۆیە ئەو دەستورەی دەنوسرێت پێویستە ئەو لایەنە ھەرە ژیانیەی پەیوەندی گەردونی – سروشتی – کۆمەڵایەتی لەبارچاوبگرێت و ھەموو ئەوانە بە موڵک و مافی مرۆڤ و لەناویشیدا چینێک نەزانێت. 

ئەو دەستورەی دەنوسرێت، پێویستە پرسی ئاسایشی نیشتیمانی و ھێرشی داگیرکاری و میلیشیا چەکداریەکانی حیزب و ھاوکاری کردنی داگیرکاری و پرسی ھێڵی خیانەت بەشێوەیەکی گونجاوو نەتەوەیی شرۆڤە بکات و ڕێکاری توندوتیژ بەرامبەر بە سیستەمی داگیرکاری و سیخوڕی بگرێتە بەرو لەدژی، ڕێکارە یاساییە گونجاوەکانی لێپرسینەوەو نەھێشتنی بگرێتە بەر. وە لێپرسینەوەو یاسایەکیش دابڕێژرێت کەھیچ شێوە نەرمیەکی بەرامبەر بە خیانەت و ھاوکاری سیاسی و سەربازی بەرامبەر دوژمنی تێدا نەبێت و ھیچ لێبوردنێکیش نەیگرێتەوە. پرسی ھێزی چەکداری حیزب لەدەرەوەی پرەنسیپە گشتی و سەربازیەکان تەماشابکرێت و ڕێگری لێبکرێت. ھێزی پاراستنی خۆجێی بەپێی پرەنسیپی ئەخلاقی و پێویستی سیاسی ڕێکبخرێت و بەڕێوەببرێت.

دەستور پێویستە وەڵامی بەھا ئەخلاقی و سیاسیەکانی کۆمەڵگە بداتەوەو لەدەرەوە شتی مۆدێڕن و دروستکراو نەھێڵێت بێتە ناو کۆمەڵگەو بەیاسا ڕێگری لێبکات. ژن و بەھا و دەسکەوتە کۆمەڵایەتی – سروشتیەکانی بەرز بنرخێنێت و وەک داھێنانی کۆمەڵگەی سروشتی و زیندو کردنەوەی ئەو بەھایانە ئامادەکاری بەدەستھێنانەوەو زیندو کردنەوەیان بکات. بەبێ بەھاکانی ژن کۆمەڵگە کۆمەڵگەیەکی لاسەنگ و مردوو دەبێت. بەوە دەتوانرێت ڕێگە لە ھەڵاواردنی ڕەگەزی و کوشتاری ژن بەناوی شەرەف و پاککردنەوەی ناموسەوە بگرێت و کۆمەڵگە ڕزگار بکات لە جیاوازی ڕەگەزی و کێشە کۆمەڵایەتیەکانی و بەوە سیستەمی دەسەڵات – پیاو ھەناسەی لێ تەنگ دەکرێت و ھێزی لێ دەبڕێت.

ئەگەر دەستورێک ھێزی وەڵامدانەوە بەو پرسە جدیانەی کۆمەڵگەی نەبێت و لە ئاستی ناسینی ناکۆکیەکان و چارەسەریان نەبێت، ئەوا دەستورێکی نیوەو ناچڵ دەبێت و کۆمەڵگە بەقوڵکردنەوەی کێشەکانیەوە دەھێڵێتەوەو چارەسەری ناکۆکیەکانی ناکات. بۆیە دەستور دەبێت دەستورێکی دیموکراتیک و نەرم بێت و ڕێگە چارەی ناکۆکیەکانی لەخۆیدا بەنەرمترین شێوە جێکردبێتەوە. 

 

عادل عوسمان