کەی ئاو دەدرێت بەمنداڵی شیرەخۆرە؟

تەندروستی

07/06/2021‌ 551 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پسپۆڕێکی ئەڵمانی بواری تەندروستیی تازە لەدایکبووان دەڵێت، ناکرێت تاوەکو شەشەم مانگی تەمەنی، ئاو بەمنداڵی شیرەخۆرە بدرێت، لەبەرئەوەی لەوکاتەدا تووشی حاڵەتێک دەبێت پێیدەوترێت ژەهراویبوون بەئاو، کە مەترسیی لەسەر ژیانی منداڵەکە دروستدەکات، نیشانەکانیشی بریتین لەسکچوون‌و ڕشانەوەو تا لێهاتن.

فرانشیسکا شڤیشتنبرگ پسپۆڕی بواری تەندرووستی تازە لەدایکبووان ڕایگەیاندووە، دەبێت دایکان‌و باوکان لەکەشە گەرمەکانی وەرزی هاوینیشدا پابەندی پێنەدانی ئاوبن بەمنداڵی تازە لەدایکبووەکەیان، لەبەرئەوەی شیری دایک هەموو پێداویستییەکانی منداڵە لەبرسێتی‌و تینوێتی پڕدەکاتەوەو هیچ پێویستییەکی بەپێدانی ئاوی تر نییە.

شڤیشتنبرگ ئاماژەی بەوەکردووە، واپێویستدەکات دایک ناوبەناو شیری خۆی بەمنداڵەکەی بدات، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی نابێت لێوو لینجە پەردەکەی وشکبێتەوە، هەروەک چۆن دەکرێت لەڕێگای شەش جار گۆڕینی دایبی منداڵەکەوە بزانرێت کە منداڵەکە شلەی پێویستی دراوەتێ.

پسپۆرە ئەڵمانییەکە جەختیکردۆتەوە، ئەگەرهات‌و منداڵەکە بەردەوام زمانی دەردەهێنا یان پەنجەکانی دەمژی یان بەگشتیی نائارام‌و نائاسوودە بوو، دەکرێت وەک ئاماژەیەک بۆ تینوێتی منداڵەکە لێکبدرێتەوە.

و: ئاکۆ ئاڵی