بەشداريی بڕیاری ئابوری وەک پێویستیەکی نیشتمانی

کوردستان

26/06/2021‌ 477 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئیبراهیم حاجی زەڵمی

چەمکی بەشداری ئابووری چەمکێکە وەک چەمکی بەشداری سیاسی و بەمانای ئامادەباشی و پشکداری تاکەکانی کۆمەڵگە لە (بریاری ئابووری و خستنەگەڕی پرۆژە ئابووریەکان و بریارە ئابووریە نیشتمانیەکان لەکاتە پێویست و سەختەکاندا....) بەوەی کە گەل مافی خۆیەتی حەقیقەتی باری ئابووری خۆی بزانێت و هەوڵی بەشداریکردنی کارای تیابکات بەئاگابێت لەجۆری ئاراستەکردنی ئابووری گشتی، نەک لەچنگ کۆمەڵەکەسانێک بێت و دواجار بیشارنەوەو تەنها خۆیان بزانن چۆن ئاراستەی دەکەن، بەمانا گەل و تاکەکانی کۆمەڵگە ئەگەرچی قورس و گران بێت، پشکداری کارایان بێت لەدروستکردنی بریاری ئابووریدا، چونکە دواجار ئەوە گەل و تاکەکانی کۆمەڵگەیە بەجۆری لەجۆرەکان باجی ناتەواوی و بریارە نابەجێکانی تاقمی بریار بەدەستدەدەن.

ئاشکرایە کە کۆمەڵگەی کوردەواری  لەڕووی سیاسیەوە بۆیە دووچاری ئەو هەموو کەوتن نسکۆو دۆران و ئاشبەتاڵانە بووەتەوە، کە بریاری یەکلاکەرەوە خراوەتە چنگی تاکەکەس و تاقمێکەوەو ئەو کەسوتاقمەش بەبێ بیرکردنەوە لەستراتیژیەتی نەتەوەیی و نیشتمانی قوڵ، هەموو جار سێوەکانی خۆی خستوەتە سەبەتەی دەوڵەتێکی دوژمن بەکوردی هەرێمی هەر لەمیرنشینی ئەردەڵانەوە ١١٦٨زاینیەوە بیگرە تا نسکۆی شۆرشى ئەیلول ١٩٧٥.

دیارە ئیمرۆ ئابووری کوردستان جێگەی چاولەسەربوونەو گرنگی و بایەخێکی هەرێمی و نێو نەتەوەیی هەیە، بۆ نێو خۆش پاشەرۆژی نەوەکان و خەون و ئایندەى نەتەوەی پێوەبەستراوە، ئەمەبەدەر لەوەی رۆڵی پایەیەکی گەورە بۆ ساباتی نیشتمانی و نەتەوەیی کوردەواری دەگێرێ، دەبێت لەو ئامانجە و بۆ ئەو ئامانجە ئاراستە بکرێت کەکوردەواری پێ گەشەو نماو روەو خواست و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانی و ئاسایشیەکەی دەیبات، دەبێت لە مێژووی سیاسی سوود وەربگرین و دیسان دیزە بەدەرخۆنە زیاتر نەکرێتەوە بەلێیەکی نیشتمانی و جەماوەری گەورەی بۆ بکرێت و لەمەزیاتر تاقم و دەستەکان وەک دۆزە سیاسیەکانی پێشوو نەیخەنەوە بەردەم و دەستی گورگان.

ئیمر سەرەرای بوونی قەیرانی ئابووری بەهۆی (نەخۆشی کۆرۆنا و جۆرێک لە پەستانی سیاسی- چ لەلایەن دەوڵەتانی هەرێمی  بەتایبەتی تورکیاوە چ لەلایەن هەندێ کوتلەی سیاسی عێراقیەوە-  و هەورەها گەندەڵی بازرگانە سیاسیەدەسەڵاتدارەکانی لەمەر خۆشمان) کەوای کردووە تابگاتە موچەی هاوڵاتیان کێشەی برین و دواکەوتنی تێ بکەوێت، بەدەر لەوەی کە بەتەواوی بەرهەمی ناوخۆ پشتگوێ بخرێت و کۆمەڵگەی کوردەواری هەرلە حکومەتەکەیەوە تا ماڵەهەژارێک بچێتە ژێرباری قیست و قەرزەوەو بە کۆمەڵگەی قیست و قەرز گەرناوی لێ بنرێت! رەنگە شایەن بێت!! و چالاکیە ئابووریەکانی بەرەو لاوازترین ئاست دابەزێت و بێکاری و هەژاری سەربکاتە کوچەو کوڵانی کۆمەڵگە.

ئەوەی تاکە ئومێدێک بوو لەلای خەڵکی- بۆ ئەم پرس و قەیرانە داراییە کە بەرۆکی ئەم هەرێمەی گرتووە- سێ شت بوو(یەکەم رێککەوتن لەگەڵ بەغدا گوایە کێشەی ئابووری ئێمە ئەوان سەرچاوەکەین!!) دووەم: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت(کەبەبەرزبوونەوەی نرخەکەی لەچەند دۆلارێکدا سەرەتا واتە لە ٢٩دلارەوە روەو ٣٦دۆلارو ئەوبان یەکسەر لێبرینی لە ٢١%گۆڕی بۆ ١٨% کە ئەمە وەک جۆرێک لەگەمەی راهێنانی دەروونی بەخەڵک دەرچوو!) سێیەم: ئەو هەراو هوریایە بوو کەبەناوی چاکسازیەوە لەلایەن حکومەتەوە باسی لێوەدەکرا! خەریکە کوردواتەنی سەری لە نێو (بڕینی دەرماڵەی مووچەخۆرانی وەک مامۆستاو تەندروستکارانو هتد تابگاتە زیادکردنی کۆمپانیا حیزبیەمووشەخۆرەکان وزیادکردنی باجە جۆراوجۆرەکان تابگاتە باجی شەخەڵی ماڵەکان!! و گرانگردنی بەنزین ) دەرچوو!.

بۆیە دەسەڵات دەبێت بروانەکات کەتاسەر بەم جۆرە مامەڵە ناسازە ئابووریەی بۆی دەچێتە سەرو لەمەولا کوردەواری بەهەموو دوعایەکی دەڵێت ئامیین!!  لێرەوە ئەمەچارەسەری گەرەکەو دواجار رێگەی شیاوو تەندرووست بۆ ئەم قەیرانانە بدۆزێتەوە، کەبەڕای من یەکەمینیان بە شەفافیەت و بەرچاورۆشنی دان بەگشتی و کەمکردنەوەی دەستی گەندەلی کەرتی تایبەتی ماساتاوچی دەوری بەرپرسەکان و گێرانەوەی یاساو جێبەجێکردنی چاکسازی لەوەی کەخەڵک داوای دەکات کەچینی کەرتی بەناو تایبەت و بازرگانانی دەوری سیاسیەکانە نەک لەوەی ئەوان دەیبەنەوە بۆناو بابەتی مووچەخۆرو پرسی بەناو رێکخستنی باجی خزمەتگوزاری!

ئیتر ئەم ژێربەژێری رێککەوتن و هاتن و چوونەی وەفدانە روەو بەغداو کوێ و کوێ، یاخود گوایە بەتەلەفۆنێک لەجیاتی ئەمانە چارەسەرکراوە!! دادی باری لاری ئابووری نادات!!

لەو ساتەوەی کە جاری ئابووری سەربەخۆ لەلایەن ئەم حکومەتەی هەرێمەوە دراوە، ئیتر پرسە ئابووریەکان خراونەتە ژوورە تاریکەکانەوەو بەدەر لەگێچەڵی سیاسی و مۆئامەرەی هەرێمی دەرەکی، لە ناوخۆش قەیرانی ئابووری زیادکردوەو حکومەتی هەرێم و خەڵکەکەی ژێرباری قەرزکردوە، بۆیە لە بریارێکی وەها دا ئەگەر تۆ کۆمەڵگەکەت و خەڵکەکەت لەپشتت نەبێت و بەشداری هیچ نا مەعریفی بەشەفافکردنی، ئەوا ئەم هەموو ژێربەژێری کردنەی دۆسیەی ئابووری کوردستان بێجگە لە فراوانکردنی بازنەی گەندەڵی و کەمکردنەوەی  متمانە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە لەگەڵ هاوڵاتیانی تا بە ئیمرۆ شتێکی تری بەدووی خۆیدا نەهێناوە و لەمەودواش زیاتر دەبێت.

چونکە راشکاوی و شەفافیەت لەگەل خەلکی خۆ لەلایەن  دەسەڵاتدارانەوە پێویستیە، بەو پێیەی دواجار هەرخەڵکە چەند ساڵە خەریکی باجدانی بریاری هەندێ لەدەسەڵاتدارانە، بۆیە لەم رووەوە پێویستە و مافی خۆیەتی بەشداری ئابووری هەبێت لە بریاردان و دیاریکردنی ئەولەویاتی خەرجی و زانین و شێوازی کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی داهات، چونکە مادام خەڵک سەرچاوەی راستەقینەی سامانی وڵات و دەسەلات بێت دەبێت بەشدارو بریادەری یەکلاکەرەوە بێت بۆ بریاری سیاسی و ئابووری و بۆپشکداری لەسیایەت و ئابووری کوردەواری.

ئیمرۆ مەخابن خەریکە پەرلەمان بەهۆی ئەوەی ناتوانێت ئەو رۆڵە بگێڕێت و بە ئاشکرا کەم تا زۆر بانگەشەی نائاگایی خۆی لەسەرچاوەکانی داهات و بێ توانایی خۆی لە ئاست بەرگیری گەندەڵی کردووە، راگەیاندنەکانیش بەتایبەتی دەنگی و رەنگیەکان بەهۆی وابەستیان بەتاقم و گرووپە بازرگانە سیاسیەکانەوە، بەتەواوی نەیانتوانیوە دەمودەست و دەنگی خەڵکی بن، پرسی بودجەو مووچە تەنها وەک زانیاری بەشەکی ئاراستەکراو دەدەن! نەک وەک ناسین و پرسی پشکداری تاک و کۆمەڵ و سەندیکاو دەزگاکۆمەڵایەتیەکان‌و ڕۆڵی ئەو ڕاگەیاندنانە بۆ ئەو مەبەستە گەربەروخساردەرکەوتە بووبێت زۆرترینی بۆ موزایەدەی سیاسی و بەرژەوەندی تاقمی بووە.

لێرەوە من پێشنیاری گفتوگۆی نیشتمانی ئابووری دەکەم لەسەر ئاستی سەندیکاو رێکخراو دەزگا کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان چونکە ئەمە پرسێکی نیشتمانیەو بازیاتر روەو ئالۆزی نەچێت! بۆ ئەوەی کورد واتەنی لەمەزیاتر خەڵک و دەسەڵات دانیان لەیەکتر تیژتر نەبنەوە، چونکە دواجار هەرکوردەواری مەزڵومترو ڕەنج بەخەساردەبێت.